=KTML_Bold=ئازادی تاک وەکوو دەروازەیەک بۆ هۆشیاری=KTML_End=
#ئیبراهیم مەلازادە#
مەبەستی سەرەکی لەم بابەتە ئاوڕدانەوەیەکە لە ڕەهەندی هۆشیاریی لە پەیوەند بەو ئەزموونەی کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. ئامانجیش ئەوەیە بزانین داخۆ بۆ ڕووبەڕووی ئەو هەموو ئیشکالیەتە زۆرانە بووەتەوە و دەستەبژێری سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ نەیانتوانیوە لەو چەقینە مێژووییە دەربچن و کەڵک لە ئەزموونەکانی دونیا وەربگرن، بە جۆرێک کە سەروەری سیاسی هەرێم و سەروەری تاکی کوردستانی لە پێشەوەی کارە هەرە لەپێشینەکانیان بێت؟ لێرە هەندێک بە وردەکارییەوە درێژە بەو باسە دەدەم و لە ڕوانگەی فەیلەسوفێکی دیاری لیبڕاڵ و ئابووریناسێکی سیاسی، جۆن ستوارت میل، پرسەکە شیکار دەکەم.
میل، بەدواداچوونی بۆ چەمکی هۆشیاریی سیاسیی و ڕۆڵی هۆشیاری لە ئازادیی تاک و پرسی دیموکراسی و حوکمڕانیدا کردووە. لە کاتێکدا ڕەنگە ئەو زاراوەی “هۆشیاریی سیاسی” بەڕوونی بەکارنەهێنابێت، بەڵام نووسین و بیرۆکەکانی دەست دەخەنە سەر چەمکە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتیش لە چوارچێوەی هۆشیاری تاک، هاووڵاتیبوونی ئاگادار و بەشداری چالاکانە لە پڕۆسە سیاسییەکاندا.
پەرتووکی “لەبارەی ئازادی”یەوە، کە میل لە 1859دا بڵاوی کردووەتەوە، دەقەکانی پەیوەندییەکی تایبەتیی بە دۆزینەوەی هۆشیاری سیاسییەوە هەیە. لەم پەرتووکەدا، میل قسە لەسەر گرنگی ئازادی و ئۆتۆنۆمی تاک دەکات، جەخت لەسەر پێویستیی کۆمەڵگە بۆ هاندانی بۆچوونی هەمەچەشن و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بەدواداچوون بۆ مەعریفە دەکات. لێرەدا هەندێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی پەرتووکی “لەبارەی ئازادی”یەوە کە پەیوەندییان بە هۆشیاریی سیاسییەوە هەیە دەخەینە ڕوو، وەکوو دەروازەیەکیش بۆ تێگەیشتن لە یەکێک لەو هۆکارانەی وایان کرد کۆمەڵگە مۆدێرنەکان پێشبکەون و تاکەکانیش سەروەری خۆیان بەدەست بهێنن.
ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین ڕەهەندی گرنگی لە بیرکردنەوەی میل دا هەیە، بە جۆرێک دەتوانین بڵێین یەکێکە لە بنەما چارەنووسسازەکانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن، وەک وڵاتەکانی ئەوڕوپا. هەر یەکێکیش گەشتێکی خێرا بەو وڵاتانەدا بکات، بە ئاسانی لەو ئازادییە تێدەگات، کە هەندێک خەڵکی دیماگۆج بە بەڕەڵایی وەسفی دەکەن. میل پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە چاندنی هۆشیاریی، بەتایبەتیش هۆشیاریی سیاسیی پشت بەئازادی ڕادەربڕین دەبەستێت، کە خۆی لە درووستبوونی ژینگەیەک کە ڕێگە بە وتاری کراوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بدات و بەشدار بێت لە گەشەپێدانی هاووڵاتییانی، دەبینێتەوە.
بەکوورتی، پەرتووکەکەی میل بەرگریکردنە لە ئازادی تاکەکەس، بەتایبەتیی ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین. ئارگومێنتی سەرەکی میل لە پەرتووکەکەیدا بریتییە لەوەی تاکەکان دەبێت زۆرترین ئازادییان هەبێت بۆ بیرکردنەوە و ڕادەربڕین و مامەڵەکردن، بە مەرجێک کردارەکانیان زیان بە خەڵکی بەرانبەر نەگەیەنن. ئەو پێی وایە ئەم ئازادییە بۆ گەشەسەندنی تاکایەتی و پێشکەوتنی فیکری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە پێویستە. لەڕوانگەی میل، سنووردارکردنی ئازادی، تەنیا دەبێت لەسەر بنەمای زیان گەیاندن بێت بە خود یان بەوانی دیکە. بۆیە، ئەو دەڵێت تاکە هۆکاری ڕەوا بۆ سنووردارکردنی ئازادی تاک، دەبێت ڕێگریکردن بێت لە زیانگەیاندن بە کەسانی دیکە. میل لێرەدا سەروەری دەبەخشێتە تاک و پێی وایە کۆمەڵگە مافی ئەوەی نییە بۆچوون و دەربڕینی تاکەکان سەرکوت بکات یان سانسۆر بکات، تەنیا لەبەر ئەوەی کە دەربڕینەکان جیاوازن یان ناکۆکن لەگەڵ ڕا و بۆچوونەکانی زۆرینە. لەسەر ئەو بنەمایەش، لە کۆمەڵگەدا ئازادی تاک پەیوەندی بە زۆرینە و کەمینەوە نییە، زۆرینە و کەمینەش لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا هیچ هەژموونێکی ڕەها بە کۆمەڵ نابینن.
بەو جۆرە، میل بەتوندی بەرگری لە ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین دەکات، بەو مانایەی شتێک نییە بەناوی بۆچوونی ناپەسەند یان ناکۆک. ئەو دەڵێت ئەگەر بۆچوونێک درۆش بێت، نابێت سەرکوت بکرێت چونکە خەریکبوون لەگەڵ دیدگا ناکۆکەکاندا، تێگەیشتن لە بیروباوەڕی ڕاستەقینە بەهێز دەکات و دوورمان دەخاتەوە لە دۆگماتیزم. لێرەدا شتێک هەیە بەناوی “بازاڕی بیرۆکەکان” کە وەکوو میتافۆرێک دەیناسێنێت. ئەو پێی وایە کاتێک ڕێگە بدرێت ڕوانگە جیاوازەکان بە ئاشکرا دەرببڕدرێن و مشتومڕیان لەسەر بکرێت، کۆمەڵگە کەڵک لە ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان وەردەگرێت. لەم بازاڕەدا ڕاستیی و مەعریفە لە ڕێگەی پێکدادان و کارلێکی بیروڕای جۆراوجۆرەوە سەرهەڵدەدەن. ئەمەش لەخۆیدا بەشێکە لە ململانێی سیاسیی، فیکریی و کۆمەڵایەتیی. ئەو ململانێیە بە پاساوی زۆرینە و کەمینە نابێت سنووردار بکرێت، وەکوو یەکێک لە بنەماکانی کۆمەڵگەی ئازاد. هەر ئەو بنەمایەشە، ئەمڕۆ لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بە ڕەهایی پارێزراوە. لەو ڕوانگەیەشەوە، ئەوەی میل جەختی لەسەر دەکاتەوە ” گەشەسەندنی تاکە”، بەو مانایەی کە ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە گەشەپێدانی تاکەوە هەیە. بەریەککەوتن لە دووڕیانی دەربڕینی ئازادی بیروڕا، ڕێگە بە تاکەکان دەدات بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لە بیروباوەڕەکانیان بکۆڵنەوە و خۆیان لە چەقبەستوویی فیکریی بەدوور بگرن و تێگەیشتنیان لە پرسە ئاڵۆزەکان وردتر بکەنەوە.ڕەهەندێکی گرنگی دیکەی ڕوانگەی میل، سنووردانانە بۆ ستەم. میل دەڵێت ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین وەک بەربەست و پارێزەرێک وایە لە بەرانبەر ستەمکاریی دەستەڵات و “ستەمکاریی زۆرینە”. دیارە کە ستەمکاریی دەستەڵات لەگەڵ ستەمکاریی زۆرینە دوو بوار و ڕەهەندی جیاوازن. ئەوەی زۆرجار لە وڵاتانی بەزۆرینە موسوڵمان ڕێگری لێدەکرێت بەناوی زۆرینەی موسڵمانییەوە، تێنەگەیشتنە لەوەی کە تاک خاوەنی سەروەریی خۆیەتی و مافی ئازادی ڕادەبڕینی هەیە، مادام پەنا بۆ هیچ شێوازێکی توندوتیژی نابات. میل، ڕێگریش دەکات لە سەرکوتکردنی ڕوانگەی کەمینەکانی کۆمەڵگە و ڕێگە بە تاکەکان دەدات لە کاتی پێویستدا ڕکابەریی دەستەڵات بکەن. لەپاڵ درووستکردنی ئەو پانتاییە لە ئازادیشدا، لە بەرانبەر دەستەڵات، لەڕوانگەی میلەوە، پەروەردە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پێشکەوتنەوە هەیە. ئەو پێی وایە کە پێشکەوتنی فیکری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە تەنیا کاتێک دەکرێت پێشبخرێت، کە تاکەکان ئازادییان هەبێت بۆ پرسیارکردن لە بیرۆکە دامەزراوەکان و ڕکابەری نۆرمە دەقخواردووەکان بکەن. ئەوەش وادەکات بەشداری چالاکانە و بەردەوام هەبێت لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە زانستە هەمەجۆرەکان و تێگەیشتن لە کۆمەڵگە. بەڵام لە هەمان کاتدا، دان بەوەدا دەنێت کە سنوورێک هەیە نابێت ببڕدرێت. ئەو سنوورەش کاتێک دادەنرێت کە قسەکردنێک، یان بیروبۆچوونێک، ببێتە هۆکارێک و هاندەر بۆ توندوتیژیی یان ڕاستەوخۆ زیان بە کەسانی دیکە بگەیەنێت. بەو جۆرە، ئەو هەڵاواردن بۆ ئەو قسەکردن و ڕادەربڕینانە دەکات کە مەترسییەکی ڕوون و ڕاستەوخۆیان لێبکەوێتەوە.
بەو جۆرە، میل بەرگرییەکی بەهێز لە ئازادی بیرکردنەوە و دەربڕین وەک کۆڵەگەیەکی سەرەکی ئازادی تاک و پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەکات، کە هاوکات، لە ئامێزگرتنی بۆچوونە هەمەجۆرەکان، تەنانەت ئەوانەی کە ڕکابەری نۆرمە باوەکانیش دەکەن. لە کۆتاییشدا دەبێتە مایەی لەدایکبوونی کۆمەڵگەیەکی زیندووتر و دەوڵەمەندتر لە ڕووی فیکرییەوە. بەم شێوەیە، بیرۆکەکانی میل کاریگەرییەکی بەردەوامیان لەسەر گفتوگۆکان سەبارەت بەئازادی قسەکردن، دیموکراسی و ڕۆڵی ئۆتۆنۆمی تاک لە داڕشتنی کایەی گشتیدا دەبێت. [1]