شەڕی کوردی-کوردی، قەیرانی هۆشیاریی لە هەرێمی کوردستان
ئیبراهیم مەلازادە
ئایا ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا لە بەردەم قەیرانی هۆشیاری داین، بەتایبەتیش هۆشیاریی سیاسی، بەر لەوەی قەیرانی دەستەڵات و بەڕێوبردنی دامەزراوەکانمان هەبێت؟ بۆچی لە بەردەم قەیرانی هۆشیاری داین؟ هۆشیاری لە ڕوانگەی مۆدێرنەتەدا چی دەگەیەنێت؟ ئایا دەکرێت ئەو قۆناغەی بێئاگایی سیاسی بەجێ بێڵین؟ لەم بابەتە، کە لە دوو بەش پێک دێت، لەم بابەتە شرۆڤەکارییەدا سەرەتا چەمکی هۆشیاریی و هۆشیاریی سیاسیی دەناسێنین، دواتر لەبەر ڕۆشنایی چەمکەکە شرۆڤەیەک بۆ کاریگەرییەکانی بێئاگایی و ناهۆشیاری دەستەبژێری حیزبە کوردستانییەکان دەکەین بۆ سەر پرسی کورد و پڕۆسەی نەتەوەسازی و نیشتمانسازی لە هەرێمی کوردستان.
بیرۆکەی هۆشیاری بابەتێکی سەرەکییە لە فەلسەفەدا و بە درێژایی مێژوو لەلایەن فەلسەفەی کلاسیک و بیرمەندە جیاوازەکانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. پەیوەندی بە سرووشتی هۆشیاری و تێگەیشتن و بەئاگابوون و پەیوەندی نێوان ژیری و جیهانی دەرەکییەوە هەیە. ڕوانگە فەلسەفییە جیاوازەکان لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەی جۆراوجۆر بۆ هۆشیاری پێشکەش دەکەن.
ڕینێە دیکارت یەکێک لەو بیرمەندانەی کە لەو بوارەدا ڕۆچووە و فەلسەفەی دوانەیی لەو بوارەدا پێشنیاز کردووە، گریمانەی جیاکردنەوەی لەنێوان ئەقڵ کە لە هۆشیاری (الوعی) و ئاگامەندی (أدراک) یاخود پەیبردن بە دەرەوەی خۆمان پێک دێت لەگەڵ جەستەدا. لەو ڕوانگەیەوە هۆشیاری بوونێکی جیاواز و نافیزیکییە، واتە ماددی نییە و جیایە لە جیهانی ماددی. ئەم بۆچوونە پێچەوانەی ماتریالیزمە، کە جەخت لەسەر لێکدانەوەی هەموو شتێک دەکاتەوە، بەوەی کە هەموو شتێک بە هۆشیاریشەوە دەتوانرێت بە پڕۆسەی فیزیکی ڕوون بکرێتەوە. بەو جۆرە، لە ڕوانگەی دیکارتەوە، بەدەستهێنانی هۆشیاری پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و زۆربەی جاران مرۆڤ ناتوانێت هۆشیار بێت بە پێویستییەکان و بە جیهانە ماددیەکەی، لە چوارچێوەی ئاگامەندی و پەیبردن بەشێوەیەکی درووست و لەکاتی گونجاودا. لە هەمان کاتدا، ڕاستە کە ژیری و جەستە دوو مادەی جیاوازن بەڵام هەمیشە لەگەڵ یەکتردا کارلێک دەکەن. ئەم دابڕان و پەیوەندییەی نێوان ئەقڵ و جەستە، کاتێک دەرکەوت کە دیکارت وتی (باوەڕم وایە، کەواتە من هەم، یاخود من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم). ئەمەش وەکوو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ بوونی خۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە. ئەمە هەوڵێکی دیکارت بوو لەپێناو درووستکردنی بناغەیەکی دڵنیا بەخش یان متمانەدار بۆ زانین و زاڵبوون بەسەر گوماندا، ئەویش بە دۆزینەوەی شتێک کە گومانی تێدا نەبێت.
دەکرێت کارلێککردن یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکان بێت لای دیکارت. ئەو پێی وایە کە ئەقڵ و جەستە بەردەوام لە کارلێکردن دان و چالاکییەکانی ئەقڵ، لە جۆری بیرکردنەوە (تەفکیر) و مەبەست، دەتوانن کاریگەرییان لەسەر جەستەی ماددی هەبێت و دەکرێت پێچەوانەکەشی ڕاست بێت. لێرەدا چەمکی کارلێک هەوڵ دەدات ئەو دابەشبوونە ڕواڵەتییەی نێوان ئەقڵ و جەستە ئاشت بکاتەوە.هەڵبەتە ئەم فەلسەفە دووانەییەی دیکارت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەرەسەندنی فەلسەفەی مۆدێرن و فەلسەفەی ئەقڵ هەبووە. هەرچەندە بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنە و چەندین ئاڵەنگاریش بووەتەوە، بەڵام هەمیشە وەکوو ڕوانگەیەکی مێژوویی و بوونیادی (ستراکتۆرالی) گرنگ لە گفتوگۆکانی تایبەت بە سرووشتی هۆشیاری و پەیوندی نێوان ئەقڵ و جەستە و سرووشتی واقیع، دەرکەوتووە.
لە بەرانبەردا، دیاردەناسی وەکوو ڕێبازێکی فەلسەفیی دەرکەوت، کە دواتر لە بواری کۆمەڵناسیشەوە گرنگییەکی زۆری پێ درا. دیاردەناسی، تیشک دەخاتە سەر وەسف و شیکردنەوەی وردی ئەزموونی مرۆڤ، چونکە ئەزموون بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەژیەت و کاردەکات، یاخود وەک “دیاردە”یەک لە هۆشیاریدا دەردەکەوێت. بەو مانایەی هەوڵ دەدات لە پێکهاتەکانی هۆشیاری تێبگات، ئەو ڕێگایانەش کە تیایداندا هەست بە جیهانی دەوروبەرمانەوە دەکەین، لەسەر ئەو بنەمایەش لێکدانەوە و شرۆڤە و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، لەئاکامیشدا چۆنێتی تێگەیشتنمان لە ئەزموونەکانمان ڕوونتر دەبێت.
ئێدمۆند هوسرل (1859-1938) بە دامەزرێنەری دیاردەناسی دادەنرێت. ئەو ئەم ڕێبازەی وەک ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی سنوورەکانی فەلسەفەی نەریتی پەرەپێدا، کە زۆرجار پشتی بە گریمانە و چەمکە سەربەخۆ و دابڕاوەکان (ئەبستراکتەکان) دەبەست. ئامانجی هوسرل دابینکردنی شێوازێکی توند و سیستماتیک بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەزموون بەشێوەیەکی دابڕاو، واتە لە دەرەوەی فیکر و بیرۆکە پێشوەختەکان. ئەو لە کارەکانیدا جەختی لەسەر “ئیختیزالکردنی دیاردەناسیی” دەکردەوە، کە پڕۆسەیەکە فەیلەسوف گریمانەکانی لەنێو کەوانەدا دادەنێت، یان گریمانەکان لادەبات و دەیانخاتە لایەک، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دیاردەکان بپشکنن وەک چۆن لە هۆشیاریدا دەردەکەون.
یەکێک لەلایەنە سەرەکییەکانی دیاردەناسیی هوسرل بریتییە لە “مەبەستداری” هوسرل چەمکی مەبەستداریی (intentionality) خستە ڕۆژەڤەوە، کە ئاماژەیە بۆ ئاڕاستەکردنی ڕیشەداربوونی هۆشیاری بەرانبەر بە شتەکان. ئەو دەیوت هەموو هۆشیارییەک ئاگاییەکە دەربارەی شتێک. بۆ نموونە، کاتێک هەست بە بابەتێک یان شتێک (ئۆبژەیەک) دەکەین، هۆشیاریمان بە شێوەیەکی دیاریکراو بەرەو ئەو بابەتە یان ئەو شتە ئاڕاستە دەکرێت.
لێرەدا هوسرل وەکوو یەکێک لە خەسڵەتەکان، جیاوازی یان گۆڕانی ئیستیدلالیی (ئێدیتیک) بەکارهێنا، بۆ لێکۆڵینەوە لە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکان یان پێویستەکانی دیاردەیەک. ئەمەش بریتییە لە خەیاڵکردنی گۆڕانکارییەکان لە ئەزموونێکی دیاریکراودا، بە پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکان یان جێگیرەکان، بۆ ئەوەی بزانرێت بەڕاستی چی بۆ ئەزموونەکە پێویستە، کە خۆی لە خۆڕاستکردنەوە و پێداچوونەوە بە خۆدا دەنوێنێت.
بەو جۆرە دیاردەناسی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بوارە جیاوازەکان هەبووە، لەوانەش فەلسەفەی ئەقڵ، دەروونناسی، زانستی مەعریفی و تەنانەت ئەدەب و هونەر. ئەمەش کاریگەریی هەبووە لەسەر چۆنییەتی بیرکردنەوەمان لە ئاگامەندی و هۆشیاری، خودگەرایی یان کەسێتیی و پەیوەندی نێوان ئەزموونەکانمان و جیهانی دەوروبەرمان.
بەهەرحاڵ، قسەکردن لە بواری فەلسەفەی هۆشیاریدا ئاسان نییە. ئەو پێشەکییەش، زیاتر چوارچێوەیەکە بۆ ناسینەوەی ئاماژەکانی نەبوونی هۆشیاری، بەتایبەتیش هۆشیاری سیاسی لەلایەن دەستبژێری سیاسیی کورد. ئەم هۆشیارییە چوارچێوەیەکە دەتوانین وەکوو پێوەر قسەی لێ بکەین. وەکوو پرسیار بیوروژێنین. دەستەبژێرێک وەکوو دیاردەیەکی لە قوڕچەقیو، بەنج یان دەقخواردوو، لە ئەزموونێکی خراپەوە، دەڕۆنەوە ناو ئەزموونێکی خراپتر، وەکوو بوونەوەرێکی پەککەوتە لە ڕووی ئەقڵی، ناتوانن لە مێژوو و ڕووداوە ئەزموونییە ناخۆشەکان دەربچن، بۆ تەوزیفکردنی مێژوو لەپێناو ئامانجە نیشتمانییەکان. دەرچوون لە مێژوو بەمانای بەجێهێشتنی قۆناغبەندی مێژوو، بە هەموو بەها و نۆرمەکانییەوە، هەنگاونان بۆ ناو مۆدێرنەتە بە هەموو خەسڵەت و بەها و نۆرمەکانییەوە. دەکرێت گیربوون یان چەقین لەم قۆناغبەندییەدا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی بەسەر ستراکتۆری ئەقڵی دەستەبژێری سیاسیدا هەبێت، بە جۆرێک ئەو بوونیادە ئەقڵییە، لە دۆخێکی پەککەوتەییدا مابێتەوە و نەتوانێت درک بە مەترسییەکان، خواستەکان و پێویستییە هەنووکەیی و ستراتیجییەکانی ئەو قۆناغە بکات.
حاشا لەوە ناکرێت کە سیاسەتکردن لە هەر یەکێک لە پارچەکانی کوردستان وەکوو یاریکردن بە ئاگر وایە. کورد لە دۆخێکی داگیرکراوی بێوێنەدا دەژی. دۆخێکە کەم وایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نموونەی هەبێت. دۆخێک هەمیشە لە بەردەم گەلەکۆمەیەکی هەرێمی دایە، نەک هەر چوار دەوڵەتەکەی داگیرکەری خاک و خەڵکی کوردستان کارەکتەری سەرەکی ئەو گەلەکۆمەیەن، بەڵکوو زۆرجار دەوڵەت و لایەنی دیکەش تێیەوە گلاون، کە لە ڕێککەوتننامە دووقۆڵی، سێقۆڵی و چوارقۆڵی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام لەپاڵ ئەو دۆخە سەختە نالەبار و گەڕەلاوژێ ئاسایەشدا، پەککەوتنی ئەقڵی و دەروونی دەستەبژێری سیاسی کورد، دۆخەکەی هێندە زیاتر نالەبار کردووە، بە جۆرێک هەندێک جار، هەندێک ڕەفتاری نانیشتمانی و ناهەش، لە دەرەوەی هەموو ئەزموون و لۆجیکێکدا دەبیندرێن.
دستەبژێری کوردی بەهۆی ئەو پەککەوتنە ئەقڵییەی، ناتوانێت هۆشیار بێت بەو دۆخەی کە لەناوخۆ و لە دەوروبەریدا دەگوزەرێت. ناتوانێت وشیاربێت بە چۆنییەتی ئیدارەدانی ململانێ لەگەڵ داگیرکەر. یان بە پێچەوانەوە، لە جیاتی ئەوەی وەکوو یەکەیەکی نەتەوەیی سیاسیی سەربەخۆ ڕەفتار بکات، بەهۆی تێنەگەیشتن و هۆشیارنەبوون بە خودی ململانێی سیاسی لەگەڵ بکەرە سیاسییەکان و داگیرکەراندا، هەر خێرا دەکەوێتە ڕیزی یەکێک لە داگیرکەرەکان، لەپێناو ئیدارەدانی ململانێی سیاسی ناوخۆیی. جەمسەرگیرییەکی ناوخۆیی کە لەگەڵ یەکەم دابەشبووندا لە شەڕی چاڵدێران کە لە 23-08-1514 سەرهەڵدەدات. تا ئەمڕۆش دابەشبوون بەسەر تەوەری عوسمانیزم و ئێرانیزمدا لەنێوان سیاسیی و حیزبەکانی کوردستاندا بە زەقی دەبینرێت. هۆکارەکەش چەقینە لە قۆناغبەندی مێژوو، بەو مانایەی بێئاگان لەوەی کە ئەو نەتەوەیە هێشتا لە بەردەم مەترسییەکی دەرەکی هەرێمی گەورە دایە و هێشتا قۆناغی داگیرکاری بەجێ نەهێشتووە. دەزانم، ئەوان دەزانن کە کوردستان دابەش کراوە، بەڵام لەوە تێناگەن داگیرکەران و پەراوێزکەوتن چی دەگەیەنێت، لەوە تێناگەن سیاسەتکردن لە پێتەختی داگیرکەر ناچارییە و خەتێکی بەرگرییە لە خاک و خەڵک، هەروەها لەوەش تێناگەن لە قۆناغی بەر لە سەربەخۆیی دەبێت هەموو هەوڵ و تێکۆشانێک، هەموو ئامرازەکان بە حیزبەکانیشەوە لەناو ستراتیژییەتی پڕۆسەی ئازادبووندا بن لەپێناو ئازادکردنی خاک و خەڵک، نەک ململانێی حیزبی لەناو بازنەیەکی داخراوی دەقخواردووی هەرزەکارانەی وەکوو ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، پەکەکە و ئەوانی دیکە. بۆیە، “ململانێی سیاسی ناوخۆیی لە کوردستانی داگیرکراودا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە” وەکوو ململانێی “سیاسی ناوخۆی حیزبە سیاسییەکانی هەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ، نیە”، بۆ دواجاریش بەهۆی تێنەگەیشتن لەو دوالیزمە، ململانێی سیاسی ناوخۆیی، لەگەڵ ململانێی سیاسی لەگەڵ داگیرکەردا لێک جیا ناکەنەوە. ئەم نموونەمان یەکجار زۆرن، هەم لەسەر ئاستی دستەبژێری سیاسی نەریتی کە زیاتر یەکێتیی و پارتی نوێنەرایەتی دەکەن، هەمیش لەسەر ئاستی حیزبە تازەکان و دەستەبژێرێکی سیاسی کە خۆی بە ڕۆشنبیر دەزانێت، لە مامەڵەکردن لەگەڵ زۆرینەی دستەڵاتداری عەرەبی لە بەغدا، بۆ نموونە. بەو مانایەی هەردوو دستەبژێری نەریتی و نوێ، وەکوو دوو دیوی یەک دراو، لە قۆناغبەندی مێژووییدا چەقیون.
ئەم دۆخە جەمسەرگیرییە، بەمانای جەمسەرگیری و دابەشبوون و خۆپەنادان بە داگیرکەر، دژ بەیەک، لەنێوان گرووپە ساسییەکانی کورددا، کە یەکتر پەرواێزخستن و وەدەرنان و یەکتر بە دوژمن دانان و بێمنەتبوون لەیەکتری و وەلانانی هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەکی نیشتمانی، جۆرێکە لە بوون بە لەمپەڕ لە بەردەم هەر جۆرە هۆشیارییەکی سیاسی. ئالێرەشدا، لە لۆژیکی ئەو جۆرە ناهەشییەدا داگیرکەر دوژمن نییە، بەڵکوو دەکرێت هاوپەیمان بێت، دژ بە کێ؟ دژ بە گرووپێکی دیکەی هاونیشتمانی، چونکە لە بنەڕەتدا ئازادکردنی خاک و خەڵک لەناو هۆشیاری ئەو گرووپە سیاسییانەدا چەکەرەی نەکردووە. چونکە هێندەی حیزب و خێڵ و خێزان، ئەگەر ئایدیۆلۆجیاشییان هەبێت، ئایدۆلۆجیا، ناوەندی ستراتیجی ئەو حیزبانەن، دەیەکی ئەوەش ئازادیی نیشتمان لەناو ئەو ستراتیجیەدا نییە، بەها و نرخی مرۆڤ لەو جۆرە بوونیادەی بیرکردنەوەدا جێگای نەبووەتەوە.
پارتی و یەکێتیی وەکوو دوو گرێکوێرەی دژ بەیەک لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، واتە وەکوو دوو ئەزموونی دابڕاو، لە هەموو سیفەتەکانییان لەیەکتر دەچن، بێجگە لە نیشتمانیبوون، بە هەندێک جیاوازی زۆر سادە. هەردووکیان دەتوانن لەگەڵ داگیرکەردا دژ بە یەک بچنە ناو پڕۆسەی جەنگ و یەکدی ڕیسواکردن و لەناوبردن، کە لە ئاکامدا نەتەوەکەیان و خۆشییان ڕیسوا دەبن و لەناو دەچن. ئەو ڕاستییەش لە ڕووی مێژووییەوە باش دەزانن، بەڵام نەبوونی هۆشیاریی سیاسیی، هەردووکیانی گێژ کردووە و وەکوو دوو نەزان ناتوانن لە گرێکوێرەی ڕق و دژبەری یەکدی دەربچن. ئەوە بەو مانایە نییە کە ببن بە یەک، بەڵکوو بەمانای ئەوەی لە دەوری ستراتیجییەتێکی نیشتمانیی و هەندێک باوەڕی جێگیر کۆببنەوە، لە پێشەوەی هەموو ئەو باوەڕانەش سەروەری سیاسی خاک و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی کورد. لە بەرانبەر ئەو باوەڕانەدا، ئەزموونی سیاسی ئەو دوو حیزبە سەلماندوویانە، دەکرێت داگیرکەر دوژمن نەبێت، بەڵام ڕکابەری سیاسی دوژمنە و دەخرێتە خانەی ناپاکی نیشتمانی، لەکاتێکدا لە مێژووی خۆیاندا هیچ لایەک درێغییان دژ بە یەکدی نەکردووە.
بەڵگەی نەبوونی هۆشیاریی سیاسیی، وەک ئەوەی کە هوسرل گۆڕانی ئیستیدلالی بۆ لێکۆڵینەوە لە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکان یان پێویستەکانی دیاردەیەک بەکاری هێنا، نەک هەر مێژوو، واقیعێکی هێندە ناشیرین هەیە لە ناکۆکی و ناتەبایی، دەتواندرێت دەیان پەرتووکی لەسەر بنووسرێت. هەموو ئەو مێژووە خوێناوییەی کە ناوی نراوە براکوژیی، هەروەها ئەو ناکۆکی و ناتەباییەی کە لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی ئێراق بەردەوام هاتۆتە ئاراوە، هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بێبەش کردووە لە دوو خەسڵەتی سەرەکی بیناکردنی نەتەوە، دوو خەسڵەت ئەگەر هەر دەوڵەتێک نەیبێت، بە دەوڵەتێکی شکستخواردوو هەژمار دەکرێن کە بریتین لە:
یەکەم: مۆنۆپۆلکردنی هێزە ئەمنییەکانی وڵات
دووەم: مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانیی.
ئەم دوو هۆکارە، وایان کردووە دوو حیزب وەکوو دوو میلیشیا ببیندرێن، چونکە تا ئەمڕۆش ئامادە نین دەستبەرداری هێزە ئەمنییەکانیان بن. خاوەندارێتیش لەو هێزە ئەمنییانە لە ڕێی مۆنۆپۆلکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانییەوە دەبێت. لەم ڕووەشەوە حکومەت و پەڕڵەمانی هەرێم تەنیا میکیاجێکن بۆ دەستەڵاتی مۆنۆپۆلئاسای حیزب. ناسینەوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانان بۆ بەنیشتمانییکردنی هێزی پێشمەرگە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەو دۆخەی کە درووست بووە.
لێرەدا، قسەکردن لەو بوارەدا، داواکاری نییە لەو دوو حیزبە بۆ ئەوەی خۆیان چاک بکەن، چونکە داواش بکرێت، ئەوان بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی بەو قۆناغە مێژووییەی کوردەوە، نە خۆیان چاک دەکەن، نەخۆشییان بۆ چاک دەکرێت. هەر لە بنەڕەتیشدا، ئەوان وەک دوو ئەزموونی حیزبی شێواو و شپرزە، بوونەتە هۆکارێک بۆ شکستی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم و بە گەڕانێک بەناو هاووڵاتییاندا لە هەر یەکێک لە شارەکانی هەرێم، دەتوانین بەئاسانی بەو ئەنجامە بگەین کە هاووڵاتییانیش متمانەیان بەو حیزبانە و بە پڕۆسە سیاسییەکەی هەرێم نەماوە. ئەمەش بریتییە لە “خەیاڵکردنی گۆڕانکارییەکان لە ئەزموونێکی دیاریکراودا”، وەکوو لە پێشەوە ئاماژەی پێکراوە، ئەویش لە ڕێگەی بە سەنتەرکردنی قەوارەی هەرێم وەک کیانێکی سیاسی دەبێت، بەو مانایەی دەستەڵاتی کردەیی بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەتێکی نیشتمانیی، حیزبەکان دەست لە دامەزراوە مەدەنییەکان و سەربازییەکان هەڵبگرن و بگەڕێنەوە شوێنی سرووشتی خۆیان. ئەمانە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکانن. پارێزگاریکردنیش لە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکان یا جێگیرەکان، ڕێگایەکە بۆ ئەوەی بزانرێت بەڕاستی چی بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستان پێویستە، کە یان ئەوەتا خۆی لە خۆڕاستکردنەوە و پێداچوونەوە بە خۆدا دەنوێنێت، یان درووستبوونی هێزێکی نیشتمانی هەمەڕەنگ و هەمەلایەنە و مەدەنی، دوور لە توندوتیژی، لەپێناو ڕزگارکردنی ئەوەی کە دەکرێت ڕزگار بکرێت.
کێشەکە لە کوێدایە؟ جەوهەری کێشەکە لەوەدایە کە ئەو دوو حیزبە، کە نەک هەر هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهاتیان مۆنۆپۆل کردوون، بەڵکوو لەو ڕێگەیەوە دامەزراوەکانیشییان مۆنۆپۆل کردوون و لە پڕۆسەیەکی درێژخایەنی شێواندندان، کە بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی سیاسیی، مەحاڵە بتوانن دەست لە دامەزراوەکان هەڵبگرن، بەتایبەتیی دامەزراوە ئەمنیی و ئابوورییەکانی وڵات. بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بە بزووتنەوەیەکی مەدەنی نیشتمانی هەیە، کە لەلایەک هۆشیار بێت بەو قۆناغە، بە پێویستییەکانی ئەو قۆناغە. لەلایەکی دیکە، هۆشیار بێت بە ڕێزگرتن لە بەها و نۆرمە مۆدێرنەتەکان و سووربوون لەسەر جێبەجێکردنیان. لەوانەش گرنگتر، ڕێزگرتن و پاراستنی دوو سەروەریی، یەکێکیان سەروەریی نیشتمانیی هەرێمی کوردستانە، واتە پاراستنی سنوورکانییەتی کە ڕۆژانە پێشێل دەکرێن، هەروەها پڕۆسەی نیشتمانسازیی لەناو خودی هەرێم بە گرتنەبەری سیاسەتێکی نیشتمانیی لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەتیی سیاسەتی زمان. ئەوی دیکەش سەروەری تاکەکانی ناو کۆمەڵگەیە، بە چاوپۆشین لەوەی لە چ گرووپێکی ئایینی یان خێڵەکین، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی پێشکەوتوو بینا بکرێت، هیچی کەمتر نەبێت لەو کۆمەڵگەنەی کە لەناو مۆدێرنەتەدا دەژین، ئەمەش لە ڕێگەی بەهێزکردنی “ناسنامەی هەرێمی کوردستان”دا دەبێت.
بەپێی ڕوانگەی دیکارتیش بێت، هەرچەندە ئەقڵ و جەستە لێک جیا دەکاتەوە، بەڵام کارلێککردن یەکێکە لە خەسڵەتە گرنگەکانی ئەو دوو بوونە. ئەو پێی وایە ئەقڵ و جەستە بەردەوام لە کارلێککردن دان و چالاکییەکانی ئەقڵ، لەجۆری بیرکردنەوە (تەفکیر) و مەبەست، دەتوانن کاریگەریان لەسەر جەستەی ماددی هەبێت و دەکرێت پێچەوانەکەشی ڕاست بێت. لەسەر ئەو بنەما فەلسەفییەشەوە، دەکرێت بپرسین؛ ئەو کارلەیەککردنەی ئەقڵ و جەستە لە کوێی دەستەبژێری سیاسی هەرێمی کوردستان دایە؟ ئەقڵی ئەو دەستەبژێرە سیاسییە لە کوێ گیرساوەتەوە، کە لەوە تێناگات نەبوونی نیشتمانسازی و نەمانی ئینتیمای هاووڵاتییان لە دۆخی کورددا، کە هێشتا سنوورێکی سیاسی دانپێدانراوی نییە، نەک هەر ماڵی خەڵک وێران دەکات، بەڵکوو خودی ئەو دەستەبژێرە سیاسییانەش ڕیسوا دەکات. نموونەش لەو جۆرە ڕیسوابوونە لە تەواوی ئەزموونەکانی دونیادا زۆرن.