ناونیشانی بابەت: عوبێد مەحمود: هاوسەر و جگەر گۆشەکانم لە کوێن..؟!!
ئامادەکردن و نووسین: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
ناونیشانی بابەت: عوبێد مەحمود: هاوسەر و جگەرگۆشەکانم لە کوێن..؟!!
ئامادەکردن و نووسین: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
عوبێد مەحمود محەمەد، خەڵکى گوندى سێوسێنانى کیمیاباران و ئەنفال کراوە، لە دیدارێکدا، بەم جۆرە، باسى سێوسێنان و تاوانى دەوڵەتی عیراقی گێڕایەوە:
- گوندى سێوسێنان سەربە (ناحییە)شارەدێی (قەرەداغ)ە، کەوتووەتە ڕۆژاواى #دەربەندیخان#ەوە، پێش ئەوەی سوپای ئەنفال پەلاماری بدات، 290 ماڵ بوو، قەرەباڵغترین گوندى ناوچەکەبووە.
لە ڕووى ئابوورییە وە، وەک شارۆچکەیەک وابوو، چەندان سەربازی هەڵات و لە شارەکانەوە، پەنایان هێنابووە، ئەم گوندە ئازادکراوە.
سێوسێنان دوو قوتابخانەى سەرەتایى و ناوەندى و نەخۆشخانەیەکى شۆڕشى تیابوو، کە (20)تەختى نووستنى گرتبووە خۆى، سێ پزیشک و چەند یاریدەدەرێکی پزیشکی وچەند برینپێچێک کاریان تێدا دەکرد.
سێوسێنان، دووجار بەگازى ژەهراوى لێى درا.
=KTML_Bold=جارى یەکەم:=KTML_End=
لە ئایارى 1987 دابوو، بەشى تۆپخانەى عیراق، نزیکەى 170 گوللە تۆپى بە ناوچەکەدا باران، هەموو گوللە تۆپەکان گازى ژەهراوى بوون، بەڵام دوو کیلۆمەتر لە دوورى ئاوایى دا دەکەوتنەوە، لە ئەنجامدا تەواوى گژوگیاى ناوچەکەى وشک کرد، گەڵاى درەختەکانى وەراند، پەلەوەر و باڵندەکانى لەناو برد.
=KTML_Bold=جارى دووەم:=KTML_End=
لە ڕێکەوتی 23-03-1988دا ، کیمیا بارانى کردەوە، سەعات شەشى ئێوارە بوو، بۆ (ڕەسەد) گرتنی سنووری جوگرافیای گوندەکە، دوو (ساروخ)هاژەکى (ئیشارەت) ئاماژەى بۆ سەر ئاسمانى گوندەکە هەڵدا.
یەکێکیان لە ڕۆژهەلاتی ئاواییەکە و ئەوى تریان لە ڕۆژاواى گوندەکەدا، (ساروخ)هاژەکەکان، بە ئاسماندا تەقینەوە، دووکەڵێکى سپىیان لێ پەیدا بوو، دوابەدواى ئەو دوو (ئیشارەت)ئاماژە، لە دەربەندیخانەوە کەوتنە کیمیاباران کردنى سێوسێنان.
دەمەو ئێوارە بوو، خەڵکى ئاوایى لەسەر کێڵگە و زەوییەکانیان دەگەڕانەوە، مناڵانى ئاوایى لە سەربان و کۆڵانەکان سەرگەرمى یارى کردن بوون، مەڕ و ماڵات گەڕابوونەوە ناو ئاوایی.
لەو کاتەدا ، پەلەوەر و مار و مێروش هێشتا نە چووبوونەوە هێلانەى خۆیان، 40 (ساروخ)هاژەکى کیمیایی بەسە سێوسێناندا باری .
لە سەرەتا هەستمان بەوە نەکرد، گازى ژەهراوییە، هەریەکەمان، بەرەو پەناگە و کونەتەیارەکان هەنگاویان ئەنا.
بەڵام دەرکەوتنى دوکەڵێکى سپى زەردباو بڵاوبوونەوەى دوکەڵەکەوە، بۆنى میوەی لێ دەهات، بۆمان دەرکەوت، گازى کیمیاییە.
لەوکاتەدا لە کونەتەیارەکە هاتمە دەرەوە، هەتا هێزم تیابوو، هاوارم کرد :
-خەڵکینە، لە پەناگەکان وەرنە دەرەوە، گازى کیمیاییە، ئاواییەکە چۆڵ بکەن.
دوابەدواى من (پەیمان و تابان)ى کچم. لە پەناگاکە هاتنە دەرەوە، باوەشیان بەقاچمدا کرد، بەگریانەوە هاواریان دەکرد:
-بابە گیان تو خوا مەهێڵە بمرین.
-پەیمان و تابانم لەباوەش کرد و بەپەلە. هەنگاوم نا، تا لە ئاوایى دوور بکەومەوە، بەڵام سەرم گێژ بوو، لەشم داهێزرا، ئەژنۆکانم دەلەرزین، تواناى جووڵەم نەما، هەناسەم تەنگ بوو، کاتێک هۆشم هاتەوە، براومەتە ناوچەیەکى تر، لەگەل کۆمەڵێک بریندارى ترى کیمیایى دابووم .
دکتۆر ناسیح و دکتۆر فایەق، لە ژوور سەرمانەوە بوون، چارەسەریان بۆ دەکردین، گوێم لێ بوو، لەوکاتەدا قسەیان دەکرد وتیان :
-جۆرى گازەکان خەردەل-فازجین-سیانیدە.
سوپای عێراق، لە هەموو لایەکەوە هێرشى هێناوە، سەرباز و جاشەکان، بە سەر جەستەی ژەهراوی ژن و پیاو منداڵی سێوسێنان دا تاڵانىان دەکرد، کۆپتەر کوێرانە ناوچەکەى بۆردومان دەکرد.
لەو ژەهربارانەدا، 69 کەس گیانیان لە دەست دا، 80 کەس بریندار بوون، سامانى کشتوکاڵى و ئاژەڵى هەمووى لەناو چوون، شەهیدەکانمان بە جلوبەرگى خۆیانەوە لە گوندی ئەستێڵ و کۆشکى سەروو کۆشکى خواروو بەخاک سپارد. لەو کاتەدا بەهیچ جۆرێک هەواڵى ژن و مناڵەکانم نە دەزانى، چاوەڕوانى ئەوە بووم بگەنە لام، بە ئازارەوە دە مناڵاند.
حسێن محەمەد ڕەسول یەکەم کەس بوو، لە سلێمانییەوە، بەنهێنى هاتبوو بە هانامانەوە، گوێم لێ بوو وتى:
-هەواڵى عوبێد؟
پییان وت؟
-تەنیا خۆى دەرچووە، ژن و منداڵەکانى شەهید بوون؟
ئا لەو کاتەدا ئەو هەواڵە جەرگبڕەم بیست، باوەڕم نەدەکرد، وام دەزانى خەو دەبینم، یەکبەیەک ڕووخساری جگەرگۆشەکانم دەهاتە بەرچاوم و تێکەڵ بەئازارەکانم دەبوون.
ئەمەى بۆتان باس دەکەم، شانۆگەرییەکى تراژیدى نییە، زنجیرە ڕووداوى ڕۆمانێکى جیهانى نییە، ئەمە زنجیرە تاوانێکى داگیرکەرانە، بەرانبەر ئەو گوندە بەرپاکرا .
تا دوا هەناسە، هەڵوێستی جوامێریی، ( ساڵح حاجى ئەحمەد و ئەحمەد محەمەد ڕەسول) لەبیر ناکەم، لەو شەوە ئەنگوستەچاوەدا فریامان کەوتن، بەسوارى تراکتۆر لە چەمى دێوانەوە توانیان بمانگەیەننە تانجەرۆ، لەوێ هەواڵمان پێ گەیشت، کە هێزەکانى سوپای عێراق و (ئەمن و ئیستیخبارات)، لە سلێمانى و لە (سەیتەرە)خاڵی پشکنینەکان خەڵکى ئاوارەى گوندەکان دەگرن و بێ سەر و شوێنیان دەکەن.
بۆ ئەوەی دەسگیر نەکرێین، هانامان بردە بەر (دەواجن)کێڵگەی پەلەوەرەکەى خوار گوندی زڕگوێزەڵە، لەوێدا خۆمان شاردەوە.
مەلا هیدایت عەلى داریزاینى لە (دەواجن)ەکە بوو، یارمەتی داین ئێمەی شاردەوە وتى:
-ئامادەم گیانی خۆم بەخت بکەم، بۆ ئەوەی ئێوەى پێ ڕزگار بکەم.
ئێوارەیەکى درەنگ، لە سەرووى، (سەیتەرە)خڵی پشکنینەکەى تانجەرۆوە، ئێمە بەنهێنى خۆمان کرد بەشاری سلیمانیدا، زۆربەمان لە گەرەکی- (حاجى ئاوا و خەبات)دا لە ماڵى خزمەکانمان خۆمان شاردەوە.
ئاسایش (ئەمن)ی #سلێمانی# و (تەواری)یەکان، ژمارەیەکى زۆری خەڵکیان لەناو شاری سلێمانى دا، دەسگیرکرد و ئەنفالکران.
من بەبریندارى لە ماڵى خاوەرى خوشکم خۆم حەشاردا، لەوێ هەندێک دەرمان و چارەسەریان، بۆ دیارى کردم، شەش مانگ بەدەم ئازار و برینەکانمەوە دەتلامەوە، برینەکانم وردەووردە بەرەو سارێژ بوون دەچوون.
بەڵام برینى ژەهرى کیمیایی و ئەنفالی هاوسەر و جگەرگۆشەکانم و خەڵکی گوندەکەم، هەرگیزاوهەرگیز سارێژ نابن!!..
ئەمانەش ناوى هاوسەر و جگەرگۆشەکانییەتی، لە کیمیابارانی لە گوندى سێوسێنانى ئەنفال دا خنکان.
ناو- ساڵى لەدایک بوون
1- #مەلیح عبدولقادر# 1955
2- #پەیمان عوبێد مەحمود محەمەد# 1980
3- #تابان عوبێد مەحمود محەمەد# 1981
4- #ڕۆژگار عوبێد مەحمود محەمەد# 1983
5- #ڕزگار عوبێد مەحمود محەمەد# 1984
6- #لیرە عوبێد مەحمود محەمەد# 1986
7- #یادگار عوبێد مەحمود محەمەد# 1987
=KTML_Bold=سەرچاوە=KTML_End=: پەرتووکی ڕەشەبای ژەهرو ئەنفال [1]