وێرانەخاکی ڕۆشنبیران
نووسینی: #ماردین ئیبراهیم#
سەرهەڵدانی بیرۆکەی ناسیۆنالیزم لە بنەڕەتدا ئاڕاستەیەکی سیکیۆلاره، ئایدیایەکی پێچەوانەی بیرکردنەوەی ئایینییه. ئەو کاتەی کە ئایین بڕبڕەی پشتی شارستانییەتەکانه، ئایدیای ناسیۆنالیزم ئایدیایەکی نادیاره. هەڵبەتە نەتەوە و پێکهاتە ئیتنییەکان لە کۆنەوە خودهۆشیارییەکی سەرەتایییان بە خۆیان هەیه، بەڵام دیدی ناسنامەی نەتەوەیی و درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوە تەوژمێکی فیکرییە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە گورزخواردنی دیدی ئایینییەوە هەیە بۆ دنیا. لە خۆراوادا ئەو کەسانەی دەبنە پێشەنگی ناسیۆنالیزمی نەتەوەکان بریتین لە ئیلیت و ئەنتلجنسیای نادینی. درووستبوونی ناسیۆنالیزم گرێدراوی هەلومەرجێکی تازەیە کە ئایین بەهێواشی پاشەکشە دەکات و زانست دەبێتە کۆڵەکەی سەرەکیی شارستانییەتی.
لە دۆخی ناسیۆنالیزمی کوردیدا ئەم خاڵە تۆختره، ئەمەش وابەستەی ئەو ڕاستییەیە کە ناسیۆنالیزمی کوردی بەرانبەر دۆخی داگیرکاریی ئەو وڵاتانە شێوە دەگرێت کە کوردستانیان داگیر کردووە و وڵاتەکانیش موسوڵمانن، ئەمە دۆخێک دەخولقێنێت کە ناسیونالیزمی کوردی لە سەرەتاوە نادینی بێت. هەتا ئەو کاتەی ئیلیتی ئایینی لە کوردستاندا ئیلیتی سەرەکی و دیاریکەری وتاری باوه، ناسیۆنالیزمی کوردی سەر هەڵنادات. سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی وابەستەی هەلومەرجێکی تازەیە کە گرووپێکی دەستەبژێر لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا پەیدا دەبن کە دەستەبژێرێکی نائایینین. جیهانبینییەکەیان، ئاڕاستەی ئیشکردنیان، ستایڵی ژیانیان ناچێتەوە سەر دنیای کۆن بەڵکوو زۆرتر گرێدراوی دنیای نوێن، بەدیاریکراویش سەرسامن بە ئایدیا و بیروبۆچوونەکانی خۆراوا. بێ هۆکار نییە لە سەرەتای سەدەی بیستدا ئێمە چەمکی ڕۆشنبیرمان نییە بەڵکوو لەبری ئەوە چەمکی (مونەوەر)مان هەیه. مونەوەر هەر لە ناوەکەیەوە دیارە کە لە تەنویرەوە هاتووه، تەنویریش ئاماژەیە بۆ سەردەمێکی دیاریکراوی خۆراوا کە تیایدا فەیلەسوفانی مونەوەر و ڕۆشنگەر ستایشی ژیری دەکەن، زانست شکۆدار دەکەن، پێشکەوتن بە بزووتنێکی گرنگ دەزانن و ئایینیش بە هۆکارێکی نێگەتیڤ لە گەشەی نەتەوەکان، لەوەش واوەتر ئایین وەک ڕێگرێک دەیبینن لە بەردەم پێشکەوتن و گەشە و فراژووبوونی نەتەوەدا، جگە لەوەش زالبوونی دیدی ئایینی و نەبوونی زانست وەکوو هۆکارێکی ژێردەستەیی و دیلی دەبینن. ئەگەر سەیرێکی ئەدەبیاتی سەرەتای سەدەی بیستی خۆمان بکەین بەڕوونی ئەو ئاڕاستەیە دەبینین کە چۆن شاعیرانی ئێمە خەون بە دنیایەکەوە دەبینن تیایدا زانست سەروەر بێت، هێرش دەکەنە سەر بیروڕا و داب و نەریتی کۆن، دین و دەرکەوتەکانی بە مایەی پاشکەوتوویی دەزانن و ژیری و پێشکەوتن و زانست ستایش دەکەن.
دوای ئەوەی میر بەدرخان لە هەوڵێکدا بۆ درووستکردنی فیدراسیۆنی خێڵەکان و هەڵگەڕانەوە لە سوڵتانی عوسمانی شکست دەخوات، خۆی و ماڵباتەکەی دوور دەخرێنەوە بۆ ئەستەنبوڵ و بەشەکانی تری ئیمپراتۆریای عوسمانی. دواتر کوڕ و نەوەکانی کە دەبنە خوێندەوار و لە زانکۆ و خوێندنگەکانی ئەستەنبوڵ و پاریس و ئەڵمانیا و قاهیرە و لەژێر کاریگەریی فیکری تازەی ئەورووپیدا بیرۆکەی هەستی ناسیۆنالی تیایداندا گەشە دەکات، دەبنە تۆوی بنەڕەتی ئایدیای ناسیۆنالیزمی کوردی. ئیلیتی بەدرخانییەکان و دواتر کەسە دیارەکانی بواری هۆشیاری نەتەوەیی لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا ئیلیتێکی نائایینییه. پێش بەدرخانییەکان کە دەستەبژێری دینی زاڵە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا و بەو پێیەی ئەو دەستەبژێرە نەوەی هەلومەرجێکی دیاریکراوە کە تیایدا بیرۆکەی ناسیۆنالیزم بوونی نییه، ئیلیتێکە هۆشیاری نەتەوەیی نییه. #ئەحمەدی خانی# لێ دەرچێت کە حاڵەتێکی ئاوارتەیه، بەڵام خانی تەنیا بیرۆکەیەکی سەرەتاییی هۆشیاریی نەتەوەیییە و ناتوانین وەکوو ناسیۆنالیست پێناسەی بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای ئەوەی خانی خۆی سەر بە دەستەبژێری ئایینییه؛ پڕۆژەکەی زۆر پەیوەندی بە ئایینەوە نییه، ئەگەر دوو پەرتووکی بە نموونە وەربگرین، مەم و زین داستانێکی عاشقانەیە و لە چەند جێگایەکیدا خانی ئاماژەی بە مەبەست و ئامانجی نووسینەکەی کردووە کە بۆ ئەوەی ئەهلی بۆچوون وا نەزانن کورد عەشقیان نەکردۆتە ئامانج، ئەو مەم و زینی نووسیوە. پەرتووکێکی تری خانیش (نوبەهارا بچیکان)یش فەرهەنگێکی کوردی-عەرەبییە بە هەڵبەست. بۆیە گەشەی ناسیۆنالیزم و زاڵبوونی ئیلیتی ناسیۆنالیستی کە ئیلیتێکی نائایینییە وا دەکات دەستەبژێری ئایینی پاشەکشە بکات، ئەوانەشیان کە پاشەکشە ناکەن و تێکەڵی ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردی دەبن پێشمەرج و لۆژیکی ئیلیتی نائایینی قبووڵ دەکەن و پڕۆژەکەیان لە پڕۆژەیەکی ئایینییەوە وەردەگەڕێت بۆ پڕۆژەیەکی ناسیۆنالی. #حاجی قادری کۆیی#، پاش ئەوەی دەچێتە ئەستەنبوڵ و لەژێر کاریگەریی ماڵباتی بەدرخاندا هەستی ناسیۆنالی تێیدا گەشە دەکات، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەسەر پڕۆژە هەڵبەستییەکەیدا دێت و دەبێتە بڵندگۆیەکی گرنگی هەستی ناسیۆنالی ئێمه. حاجی کە ئیتر ناگەڕێتەوە و هەموو ژیانی لە ئەستەنبوڵ بەسەر دەبات، ئەزموونی هەڵبەستی و پڕۆژە ئەدەبییەکەی دەخاتە خزمەت بیرۆکەی نەتەوەیییەوه، ئەگەر سەیرێکی نەخشەی هەڵبەستی حاجی بکەین دەبینین کە پڕۆژە هەڵبەستییەکەی پێش ئەستەنبوڵ و دوای ئەستەنبوڵی تەواو جیاوازه. حاجی هەتا کۆتایی ژیانی وەفادار بەو پڕۆژەیە دەمێنێتەوە و تەنانەت لەو جێگایانەشدا کە وەسفی سرووشت و باران و چیاش دەکات هەموو ئەو وەسفە بە ئامانجی شکۆداربوونی بنیادنانی هەستی نەتەوەییدا دەکات، لەوەش واوەتر حاجی لەو کاتەشدا کە موناجاتێکی ئایینی دەنووسێت ئامانجەکەی هەر پڕۆژە ناسیۆنالییەکەیه. لە هەڵبەستێکیدا حاجی کە بۆ وەسف و مەدح و سەنای خوا تەرخانی کردووە و بەم شێوەیە دەستپێدەکات:
ئەی بێ نەزیر و هەمتا، هەر تۆی کە بەرقەراری
بێ دیار و بێ دیاری، بێدار و پایەداری
ئەم وەسف و ستایشە بەردەوام دەبێت بەدرێژایی هەڵبەستەکە و لە کۆتاییدا کرۆکی پڕۆژەکەی دەخاتەڕوو کە دەڵێت:
مەعلومە بۆچی حاجی، مەدحت دەکات بە کوردی
تا کەس نەڵێ بە کوردیی؛ نەکراوە مەدحی باری
کەواتە ئامانجی مەدحەکە (باری تەعالا) نییە هێندەی خستنەڕووی پڕۆژەکەیەتی، پڕۆژەی خودهۆشیاری و خۆجیاکردنەوە لە ئەوانی دیکەی ناکورد، بۆ ئەوەی پێی نەڵێن بە زمانی کوردی مەدحی خوا نەکراوه، کە ئەم پڕۆژەیەش لە ناواخندا پڕۆژەیەکی سێکیولاره.
حاجی کە بێگومان فیگەرێکی گرنگی ڕۆشنبیری ئێمەیه، پڕۆژەکەی قەرزاری ئیلیتی نادینییە و حاجی لەژێر کاریگەریی ئەواندا پڕۆژە ئەدەبییەکەی وەردەگەڕێت بۆ پڕۆژەیەکی ناسیۆنالی.
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە و بەدرێژایی سەدەی بیست هێرش و شاڵاوی ئیلیتی نادینی ئێمه، گوشارخستنە سەر ئیلیتی دینی و ناچارکردنیان بە ڕادەستبوون بە پڕۆژەی مونەوەرەکان بەردەوامه، ئەوانەی گەشە بە بیرۆکەی ناسیۆنالی دەدەن هەر مونەوەران و ئیلیتی نادینیین، هەر لە حسێن حوزنی موکریانی و گیو موکریانی برایەوە لە #ڕەواندز# و #هەولێر# بۆ #محەمەد ئەمین عەسری# #کەرکووک# و #پیرەمێرد# و #تۆفیق وەهبی# و #مستەفا پاشای یاموڵکی# و #ڕەفیق حیلمی# و #ئەمین زەکی بەگ# و #حسێن نازم بەگ# و #جەمال عیرفان# لە #سلێمانی# و چەندانی تر هەموویان سەر بە دەستەبژێری نادینین. ئەو پیاوە دینییانەش کە بەشداری گرنگ دەکەن لە پڕۆژەی هۆشیاری و بنیادنانی نەتەوەدا پڕۆژەکەیان لە بنەڕەتدا نادینییه، ناسیۆنالییە و لە قووڵاییدا لەژێر کاریگەریی ئیلیتی نادینیدایه. توێژی دیندار بۆ ئەوەی لەناو دەستەی ڕۆشنبیراندا قبووڵ بکرێت دەبێت پڕۆژەکەی ناسیۆنالی، نادینی و ڕۆشنگەرانە بێت. #عەلائەدین سەجادی# کە پیاوێکی ئایینییه، پڕۆژەکەی هیچ پەیوەندی بە ئایینەوە نییه، بەڵکوو بەشێکە لە پڕۆژەیەکی نادینی. نووسینی (مێژووی ئەدەبی کوردی) و کۆکردنەوەی قسەی نەستەق و گاڵتە و نوکتەی کوردی (#ڕشتەی مرواری#) کارێکی ئەتنۆگرافی ناسیۆنالییە و دەچێتەوە ناو خزمەت بە پەرەپێدانی هەستی نەتەوەیییەوه. کارەکانی #مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی# کە ناساندنی مێژووی کوردە بە عەرەبیزمانەکان پەیوەندییان بە ئایینەوە نییه، #قانع# مەلایەتییەکەی بە ڕادەیەک کاڵ دەکاتەوە کە هەموو قوورسایی خۆی دەخاتە سەر هێرش بۆ سەر نەزانی و خورافات و میتافۆڕ و ڕەوانبێژییەکەی دەگاتە شوێنێک کە کوردستان بە بەهەشت ناگۆڕێتەوه. #شێخ محەمەدی خاڵ# بەشێکی زۆری ژیانی بۆ نووسینی فەرهەنگێکی کوردی-کوردی تەرخان دەکات، #مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس# خۆی سەرقاڵ دەکات بە کۆکردنەوە و لێکدانەوە و ڕاڤەی شاعیرانی کلاسیکی ئێمە کە هەموو ئەو کارانە دەڕژێنە ناو پڕۆژەی ناسیۆنالی و بنیادنانی نەتەوە کە لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکی سیکیولارە و هەر هەموویشی لەژێر کاریگەریی ئیلیتی تازە و مونەوەری نادینی ئێمەدایه. تەنانەت ئەو کاتانەش کە مەلای گەورە و مەلا عەبدولکەریم و شێخی خاڵ قورئان بە کوردی ڕاڤە دەکەن و #هەژار موکریانی# قورئان وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی، ئامانجەکەیان هەر پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و خزمەتی زمانی کوردییه. #مەلای گەورە#ی #کۆیە# ناوی تەفسیرەکەی ناوە (تەفسیری کوردی لە کەلامی خوداوەندی) کە هەر ئەو ناولێنانە ماناکەی دیارە چییه. نەک هەر ئەوه، ئەو کاتەی مەلای گەورە کچەکەی دەنێرێتە قوتابخانە و بێگومان کارێکی گرنگ و مانادارە و هەتاکوو ئێستاش لە کۆیە و ناوچەکانی تردا کاریگەرییەکەی دیاره، بەڵام دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەو کاتەی مەلای گەورە نەجیبەخانی کچی دەنێرێتە خوێندنگە، پێشتر مونەوەرە کوردەکان ڕێچکەیان شکاندبوو، لەیلا عەبدولڕەزاق بەدرخان لەسەر تەختەی شانۆ و سەماکانی پاریس سەمای دەکرد، گوزیدە خانم کچی عەبدولعەزیز یاموڵکی خوێندنی تەواوکردبوو و دواتر دەبێتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی کچان، فاتمە محێدین کە دواتر دەبێتە هاوسەری #حەمدی# شاعیر لە قوتابخانەی (ئیتیحاد و تەرەقی) بەغدا خوێندبووی و پاشتر ئەویش ساڵانێک بەڕێوەبەری قوتابخانەی کچان دەبێت لە #سلێمانی#.
کەواتە پیاوی دینی و کەسێکی سەر بە دەستەبژێری دینی بۆ ئەوەی وەکوو ڕۆشنبیر قبووڵ بکرایه، بۆ ئەوەی لەناو مەحفەلی ڕۆشنبیران و پێشەنگێکی ناو بیری نەتەوەیی و خوێندەوار هەژمار بکرایه، دەبوایە لۆژیک و زمان و ڕیتۆریک و پڕۆژەی ئەنتلجنسیای نادینی قبووڵ بکردایە و ئامانجی پڕۆژەکەی نەتەوە و بوونیادنانی پایەکانی بووایه، ئەگەر نا دەیتوانی وەکوو مەلایەک لەناو دەستەبژێری دینیدا بمێنێتەوە و لەناو ئەو دەستەبژێرەوە ئەگەر قسەیەکی هەبووە بیکات، کە زۆربەی جار قسەکانیشیان هێرش بووە بۆ سەر دەرکەوتە مۆدێرنەکانی کۆمەڵگە و هێرش بۆ سەر دەستەبژێری نادینی و بۆ سەر هەموو ئەو ڕەوتانەی کە لەگەڵ تەوژمی باوی ئایینیدا نەدەهاتنەوه. مونەوەران ئەو پێگەیەی هەیانبووە بە ڕەنج و بەربەرەکانی بە دەستییان هێناوه. ئەو کاتەی #پیرەمێرد# گەنجانی کۆ دەکردەوە و وەکوو سیمبولێکی ناسنامەی نەتەوەیی ئاگری نەورۆزی دەکردەوە مەلاکان هێرشیان دەکردە سەری و پێیان دەوت نەریتی مەجوسییەکان زیندوو دەکاتەوه. ئەگەر #مەعروف جیاوکی# ڕۆشنبیر و موتەسەڕیفی ئەو کاتەی سلێمانی هیمەتی نەکردایە و #مەلا مستەفای سەفوەتی# لە جێگای خۆی نەوەستاندایه، مەلا مستەفای سەفوەت دەستی کردبوو بە تەکفیرکردنی حەقەکان و بەنیاز بوو خەڵکیان لێ هان بدات و دەکرا ئاکامەکەی زۆرتراژیدی بووایه. ئەمە ڕێسایەکی نەنووسراو بوو و هەمووان پەژراندبوویان. ئەم دۆخه، واتە زاڵبوونی ئەنتلجنسیای نادینی بەدرێژایی سەدەی بیست بەردەوام بوو.
لە کۆتاییی سەدەی بیستدا ئیسلامیزم لە وڵاتانی عەرەبییەوە دەگوازرێتەوە بۆ کوردستان، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئیسلامیزم لە وڵاتانی عەرەبی و مەبەستی گواستنەوەکەی بۆ کوردستان ئامانجی ئەم نووسینە نییه، هەرچەندە بوارێکی گرنگی توێژینەوە و لێوردبوونەوەیە و پەیوەندیداریشە بەم باسەوە چونکە پڕۆژەی ئیسلامیزم لە کوردستان پڕۆژەیەکی دژی ناسنامەی ناسیۆنالییه.
بڵاوبوونەوەی ئیسلامیزم لە کوردستان وەکوو بڵاوبوونەوەی هەر ئایدیۆلۆژیایەکی تر دەستکاری کۆمەڵێک شت دەکات. ئیسلامیزم هەندێک شتی گۆڕی لە کوردستاندا و یەکێک لەو شتانەش دەستکاریکردنی پێناسەی ڕۆشنبیر و هەڵگێڕانەوەی ئەو ڕێسایانە بوو کە پەیوەندی نێوان ئەنتلجنسیای نادینی و دەستەبژێری دینی ڕێکخستبوو. لەگەڵ بەهێزبوونی تەوژمی ئیسلامیزم ئیتر هێرشی پێچەوانەی گرووپی دینی دەستی پێ کرد و هاوکێشەکەی بە قازانجی دەستەبژێری دینی گۆڕی. دۆخەکە ئێستا ئەوە نییە کە ئیلیتی نادینی وتارەکان دابڕێژێت و دەستەبژێری دینی ناچار بێت قبووڵی بکات، بەڵکوو ئێستا ئەنتلجنسیای نادینی، وتارەکانی خۆی، زمان و ڕیتۆریکی خۆی بەشێوەیەک دەدوورێت کە بە بەری ناوەندی دینی گونجاو بێت، ناکۆک نەبێت لەگەڵی، بەپێی لۆژیکی ئەو بێت. ئەو بەبەردوورینه، ئەو زمان و ڕیتۆریکە مەرج نییە هەمووجارێک مەبەستدار و ئەنقەست بێت، بەڵکوو ئیسلامیزم ئەتمۆسفێرێکی درووستکردووە کە خۆبەخۆ گرووپ و دەستەبژێرەکانی دەرەوەی گرووپ و دەستەی دینیش هەمان ئەو ئامراز و کەرەستانەی بیرکردنەوە بەکاردەهێنن کە گرووپی دینی دیاریان دەکات، ئەگەر لە زۆر ئەو ڕووداوانەی لە کوردستان ڕوو دەدەن و زۆر کەس قسەیان لەبارەوە دەکەن وردببینەوە و گوێ لەو کەسانە بگرین کە شیکاری بۆ دەکەن بە ئاشکرا هەست بەوە دەکرێت کە ئیسلامیزم تووانیویەتی زمان و شێوازی شیکارییەکەیان بە لۆژیکی خۆی بارگاوی بکات، بۆ نموونە دەکرێت ڕۆشنبیری عەلمانی ببینیت بۆ ڕەوایەتیدان بە جەژنی نەورۆز و بۆ پاڵپستی بۆچوونەکەی ئایەت و حەدیس بهێنێتەوه! ئەوە بۆ وای لێ هات؟ بۆچی دەبێت مەرجەعی فیکری و ئەخلاقی کەسی نادینی ئایەت و حەدیس بێت؟ ئەی فیکری سیاسی و ئەخلاقی مۆدێرن؟ ئەی ڕۆسۆ و لۆک؟ ئەی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ؟ ئەی ئەو هەموو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی واژۆکراون؟ ئەی زانست؟ ئەی عەقڵ؟. لەکاتی پەرەسەندن و هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان، هێندەی ڕۆشنبیری عەلمانی بارگاوی بوو بە ئیسلامیزم، خۆی سەرقاڵ کردبوو بەوەی کە #داعش# پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییه، نیو هێندە ئیسلامییەکان خۆیان پێیەوە سەرقاڵ نەکردبوو، کاتێک دەمانپرسی چۆن داعش پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییه؟ ئەو دەیوت ئەوە نییە سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێن پەیوەندی پێوە نییه! سەیری ئەو هەڵە لۆجیکییە بکەن. جارێ سەرۆکی فەڕەنسا کێیە تاکوو قسەی لە بوارێکی ئاڵۆزی دەرەوەی توانا و شارەزایی خۆی لێ وەربگرین، پاشان سەرۆکی فەڕەنسا کاراکتەرێکی سیاسییە و لەناو ململانێ و حیساب و کیتابی پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی و ڕاگرتنی هاوسەنگی و بەهەندوەرگرتنی ئەو پەیوەندییانە و دەنگدان و هەڵبژاردن و ڕکابەری و چەندان ڕایەڵەی تردایه. ئەوەی بڵێیت داعش هیچ پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە وەکوو ئەوە وایە بڵێیت دادگاکانی پشکنینی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپادا هیچ پەیوەندی بە کریستیانییەتەوە نییه. هەڵبەتە داعش هەموو ئیسلام نییە و هەموو موسوڵمانێک نابێتە داعش، بەڵام ئەوەی داعش هیچ پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە قسەیەکی بێمانا و پووچه. سەرەڕای بێمانایی و پووچییەکەی، قسەیەک بوو ڕۆشنبیری هەڵگەڕاوە لە باوانە مونەوەرەکانی خۆی دەیەویست وەکوو قسەیەکی ورد و قووڵ و هاوسەنگ لێی وەربگرین.
نموونەی دۆخی جێگۆڕکێ و شوێنگەی دەسەڵاتی ئیلیتی دینی و نادینی زۆرن، من تەنیا دوو نموونە وەردەگرم کە هەردوو ڕۆشنبیر کاک (#فاروق ڕەفیق#) و کاک (#مەریوان وریا قانع#)ن.
لە ئێستادا کاک فاروق ڕەفیق هەرچۆنێک بیر بکاتەوه، دیدگا و تێڕوانینی هەرچۆنێک بێت بەرانبەر ئیسلامیزم، بەڵام هێشتا شانازی ئەوەی پێ دەبڕێت کە وەکوو باوکی ڕۆحی ئەو ڕادەستبوونەی ڕۆشنبیران بژمێردرێت. ئەو؛ کاک فاروق، ترسی دەستەبژێری دینی لە ڕۆشنبیرانی شکاند، نەک هەر ئەوه، ئەو گرووپە دینییەکانی لە ڕۆشنبیران بەردا، پێی وتن بۆ دەمی ڕۆشنبیران داناخەن؟ ئەو بە یەکگرتووی ئیسلامی وت ئێوە چرایەکن لە ماڵێکی تاریکدا، بە یەکگرتووی وت بۆچی لەو بوونەوەرە زۆڵە کە ڕۆشنبیرانن دەترسیت، بە ڕۆشنبیرانی وت مۆنستەر، عەبە شەکەنه، نووسەری دەرەجە نۆ، شەکەرۆکه. سەیری وشەی ‘زۆڵ’ بکەن کە فاروق بە ئەنقەست بەکاری هێنا بۆ ئەوەی بەتەواوی وەلائی خۆی بۆ هەموو کۆدە دڕندەکانی ئەم وشەیە ڕابگەیەنێت و باکگراوند و مانا سیمبولی و کولتوورییەکانی تۆخ بکاتەوه. ئەو وتی مزگەوت باشترە لە زانکۆ، ئەو وتی مرۆڤی ناخوداباوەڕ تەجاوز بە دایکی خۆی دەکات، ئەو وتی دیموکراسی تۆڵەی کۆیلەکانە لە فەلسەفه، ئەو وتی خۆراوا تاریکستانە و خۆرهەڵات چراخانە بۆیە حەیفە لە خۆرهەڵات نەمرین. ئەو وتی ڕۆشنگەری تاریکترین ساتەوەختی بەشەرییه، کە ئەم قسەیە پێشتر سەید حسێن نەسر کردبووی، سەید حسێن نەسری لە ڕووی ئایینییەوە شیعەگەری بیرتەسک، لە ڕووی سیاسییەوە شاپەرست و سەڵتەنەتخواز و لە ڕووی کەسییشەوە بە دانپیانانی عەبدولڕەحمان بەدەوی؛ کەسێکی بەرژەوەندخواز و هەلپەرست. کاک فاروق هێندە مەدحی سەید نەسری کرد کە دواتر قوتابییەکانی کاک فاروق پەرتووکێکی بێکەڵکی سەید حسێنیان وەرگێڕا بۆ سەر زمانی کوردی و پێیان دەوت ‘جەنابی نەسر’. هەموو ئەو قسانە کە قسەی سەرپێی و حیساببۆنەکراو و ڕوکەش بوون، گوزارشت بوون لە دۆخێکی سایکۆلۆجی عوسابی و ناجێگیر، زەمینەیان بۆ فەراهەمکردنی هەلومەرجێک خولقاند کە ئێستا هەر کاک فاروق خۆی یەکێکە لە نێچیرەکانی و قوربانییەکانی. کاک فاروق ئاڵای سپی بۆ دەستەبژێری دینی هەڵکرد، جورئەتی پێدان، چاوقایمی پێدان، فەرمووی لێ کردن دەم بە ئیلیتی نادینی دابخەن، لەگەڵ ئیسلامییەکان بە ڕۆشنبیران و بە مەیلە عەلمانییەکانیان خەنی، زەمینەی خۆش کرد نووسەران و ڕۆشنبیران شەرم نەکەن لەبەر دەرکی سەرا ‘تەکبیر’ بکەن. ڕۆشنبیر و تەکبیر؟ ئەگەر #تۆفیق وەهبی# و #جەلادەت بەدرخان# لە قوژبنێکەوە ئەو دیمەنەیان ببینیایە دەبووایە خاکی چی مەملەکەتێکیان بەسەر خۆیاندا بکردایه؟ ئەوەی کاک فاروق ئێستا دەیدورێتەوه، دەزانێت خۆی لە (#پاکس ئەمەریکانا#) و (#ماڵێکی لێک ترازاو و ویژدانێکی بیمار#)دا چاندوویەتی. ئەو هێرش و قسانەی کاک فاروق ئێستا بە موناسەبە و ڕەوا، هەندێکجاریش بەبێ موناسەبە و هەر ڕەوا، دەیکاتە سەر ئیسلامیزم، تیشکدانەوەی ئەو هەستی گوناە و خۆبەتاوانبارزانینەیە بۆ ئەو ئاوەی سەرەتای دوو هەزارەکان ڕشتی و دوواتر زۆر کەس پێیان تێخست.
کاک مەریوان وریا قانیع لە کۆتایی نەوەدەکاندا بۆچوونی وابوو کە موجامەلەی ئیسلامیزم موجامەلەیەکی ترسناکه؛ وردەوردە و لە پڕۆسەیەکی هێواش و خەمناک و ئازاراویدا دەستی کرد بە تیۆریزەکردنی هاوپەیمانیی هێزەکانی تر لەگەڵ ئیسلامییەکان، ماوەیەکیشە دوو چەمک بەکار دەهێنێت، (ئیسلامی کەلتووری) و (ئایینی دایک) کە هەردوو تێرمەکە لەناو کەشوهەوا و لەژێر گوشاری سایکۆلۆجی ئیسلامیزمدا خەمڵاون. ئەو دوو چەمکە ڕەگیان لەناو هیچ دیسپلینێکی زانستە مرۆیییەکاندا نییه، لەگەڵ ڕاستییە سۆسیۆلۆژییەکانی کۆمەڵگەی ئێمەدا ناگونجێن، دوو چەمکن داهێنراوی هەلومەرجێکن کە تیایدا ئیسلامیزم تووانیویەتی دەستکاری لۆژیک و ڕەوانبێژی مونەوەران بکات.
کاک مەریوان وای دەبینێت هەموو ئەو مرۆڤانەی لەناو فەزای موسوڵماناندا لەدایک دەبن و گەورە دەبن بەشێک لە موسوڵمانبوونیان تێدایه. گرفتی ئەو ڕوانینە ئەوەیە کە جیا لە جەوهەرگەرایییەکەی، ناسنامەی موسوڵمانبوون یەکسان دەکات بە ڕەنگی پێست بەشێوەیەک کە مرۆڤ ناتوانێت لێی هەڵبێت، ناتوانێت لێی دەرباز بێت، ناتوانێت لەخۆی دایماڵێت. جارێ با واز لەوە بهێنین کە ئەو پێناسەیە لە قووڵاییدا سووکایەتییە بە ناسنامەی ئینسانی مولحید و ناخوداباوەڕ و بێدین، چونکە دایان دەماڵێت لەو بەهایانەی کە ناسنامەی خۆیان لەسەر چێ کردووه، جگە لەوەش بەشێوەیەکی حەتمیش چارەنووسی فیکری و جیهانبینیی کەسانی ناخوداباوەڕ بە ئیسلامەوە دەبەستێتەوه. لە سەرووی هەموویەوە لە ڕووی مێژوویی و سۆسیۆلۆژییەوە سەرنج لە بابەتەکە بدەین دەبینین ئەو ڕوانینە زۆر کوورت دەهنێێت. چەندان گوند هەن ئێزیدین، کاکەیین، کریستیانن و هەزاران ساڵە لە تەنیشت گوندی موسوڵمانەکانەوەن و بەرگرییان لە ناسنامەی خۆیان کردووە و هیچ خۆیان بە بەشێک لەو ئیسلامە کەلتوورییە نازانن کە کاک مەریوان ئاماژەی پێ دەکات. ئەو خەسڵەتگەلەی مرۆڤەکانی ناو جوگرافیای کوردستان پێکەوە دەبەستێت و هاوبەشن و کاک مەریوان وەک خەسڵەتی موسوڵمانی کەلتووری پێناسەیان دەکات لە ڕاستیدا پێش سەرهەڵدانی ئیسلامیش هەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا چەندان گرووپی دیکە هەن بۆ نموونە زەردەشتییەکان کە دەیانەوێت بە ناسنامەی کوردی خۆیانەوە بەشداری لە درووستکردنی مێژووی ئێمەدا بکەن و خۆیان بە موسوڵمان نازانن و پێناسەکردنیان وەکوو موسوڵمانی کەلتووری، داننەنانە بە ناسنامەیان و بە کەمگرتنییانه. تێرمەکەی تریش کە (ئایینی دایکمه) و کاک مەریوان وەکوو ئایینێکی مرۆڤدۆست و پاک و بێ توندوتیژی وێنای دەکات دیسان پڕ کێشە و گرفته. خودی وێناکردنی ئایینی دایک کە هەر مەبەستی ئایینی ترادیسیۆنالی نائایدیۆلۆژییه، وەکوو ئایینێکی پاک و مرۆڤدۆست و بێخەوش لەگەڵ ڕاستییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و مێژوویی نایەتەوه، جگە لەوەش بەخشینی پارێزبەندییەکە بە ئایینی ترادیسیۆنال بەوەی کەس تخونی ڕەخنەگرتن نەکەوێتەوە لێی، پێدانی کرێدیتی مرۆڤدۆستی و پاکی و بێگەردی و نەرمونیانییە بە ئایینێک کە شایستەی نییە و کەسمان نەمانبینیوه، درووستکردنی پێشمەرج و کەشوهەوایەکە کە مرۆڤی کورد قەیناکات با ڕەخنە لە ئیسلامیزم بگرێت بەڵام ئایینی دایک کە هەر ئایینی تەقلیدی کۆمەڵگەی خۆمانە پارێزراو بێت، ئەوە لە کاتێکدا هیچ پڕۆژەیەکی ئاییندەخواز و بنیادنەر بەبێ ڕەخنەگرتن لە ئایین، بە خودی ئایینەکەی دایکیشەوە درووست نابێت. هەر پڕۆژەیەک وتاری زاڵی ئایینی ڕەخنە نەکات ناتووانێت هیچ بنیاد بنێت. لە جێگایەکدا کە ئایین، ئایینی دایک، منداڵدانی نایەکسانی، هەڵاواردن و پاتریارکی و توندوتیژییه، بێشکەی ستەمکاری سیاسی و کەلتوورییه، درووستکردنی پارێزبەندی بۆی و درووستکردنی وێنەیەکی بێگەرد بۆی، لە بەرەنجامی کۆتاییدا دەچێتەوە ناو هەمان سووڕی قازانج بە ئیسلامیزم و لە هەزار ئەگەردا بە یەک ئەگەریش خزمەت بە دیموکراسی و فرەیی ناکات. [1]