#جیهانبینی لە ڕۆمانی کوردیدا کرمانجی، خواروو ساڵی (2000-2010)#
لێکۆڵەر؛ #هەرێم عوسمان مەعروف#
نامەیەکی ماستەرە (ڕەسوڵ حەمەد ڕەسوڵ) ساڵی 2012 بە سەرپەرشتی (پ.ی.د. تاهیر محەمەد عەلی) پێشکەشی کۆلێجی زمان- زانکۆی #سلێمانی# کردووە. نامەکە بەپێی ڕێبازی وەسفی شیکارییە و لە سێ بەش پێکهاتووە:
بەشی یەکەم، سێ تەوەرە، هەر تەوەرەش چەند باسی لەخۆ گرتووە. سەرەتا چەمکی جیهانبینی لە ڕەهەند و تیۆرە جیاوازەکانەوە ناسێنراوە، سەرنج خراوەتە سەر بۆچوونی گوڵدمان، هەر لەم بەشەدا زەمینەی پەیوەندیی جیهانبینی و ئەدەب و ڕۆمان ڕەخسێنراوە، تەکنیک و لایەنە هونەرییەکانی ڕۆمان کە بوار بۆ ڕۆماننووس دەکاتەوە، تا جیهانبینیی خۆی بخاتە ڕوو، باس کراوە. توێژەر سەرەتا جیاوازی و نزیکیی ژیانبینی و دنیابینی و جیهانبینی دەخاتەڕوو، کە دنیابینیی ڕەهەندی سیاسی و هزری، ژیانبینیش ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری دەگرێتەوە، هەرچی جیهانبینییە دەکرێت هەردووکیان لەخۆ بگرێت. چوار قۆناخی بیرکردنەوەی سەرەتاییی بۆ ژیان و جیهان باس دەکات: ئەفسانەیی، شاعیرانە، ئایینی، فەلسەفی و زانستی دوا قۆناخە. لە داستانەکاندا کە وێنای جیهان کراوە، پڕبووە لە خواوەند و ڕۆحی کاریگەر لەسەر ژیان و مرۆڤ. دواتر جیهانبینی لە بواری هزر و فەلسەفە جێی خۆی گرت، بووە بنەمایەک بۆ تێڕوانین لە بوون و گەردوون و خواو هتد، کانت یەکەم فەیلەسوفە کە زاراوەی جیهانبینی بەکار هێناوە، بەڵام دیلتای وەک چەمک مامەڵەی لەگەڵدا کردووە و فراوانی کردووە. لای گوڵدمان ئەم چەمکە وەک کایەیەکی کۆمەڵناسی و کۆمەڵناسیی ئەدەب جێی خۆی دەگرێت، کە ئاماژەیە بە کۆڕایی کۆمەڵێک، کە لەلایەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری هاوبەشن، بە واتایەکی دیکە نووسەرێک کە سەربە چینێکە بەرهەمەکەی جیهانبینیی ئەو چینە دەخاتەڕوو، دیارە گۆڵدمان لەژێر کاریگەریی مارکس و هیگڵ و فرۆید تێڕوانینەکانی خۆی بوونیاد دەنێت. هاوکات توێژەر ڕەخنە لە بۆچوونەکانی گۆڵدمان دەگرێت، کە مەرج نییە هەمان دۆخ لە کۆمەڵە جیاوازەکاندا دووبارە ببێتەوە و هەمان بەرهەم پێشکەش بکەن، واتە جیاوازیی ئەدەبی نەتەوەکان و گەشەکردنیان جیاوازە، هاوکات گۆڵدمان ڕۆڵی داهێنەری ئەدەبی وەک تاک فەرامۆش دەکات.
وتاری ڕۆمان هەوڵدانە بۆ تەفسیرکردنەوەی واقیع و خستنەڕووی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووە، هاوکات وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە و ئەزموونی تاک بەرجەستە دەکات
ڕۆمان بەپێی سرووشت و پێکهاتەکەی بواری داهێنانی جیهانبینیی بۆ ڕۆماننووسی داهێنەر دەڕەخسێنێت، کە ئەمەش کوورتکردنەوەی ئەدەب و ڕۆمان نییە بۆ هەڵوێستێکی فیکری، کە وێکچوونی جیهانی واقیع و جیهانی ڕۆمان لەخۆ بگرێت و لایەنی هونەری ڕۆمان لەبیر بکات، بەڵکوو بەپێی کات و شوێن و کۆمەڵ و ڕۆماننووسی جیاواز جیهانبینیی جیاواز دادەهێنرێت. جیهانبینی هەموو بیروباوەڕ، تێڕوانینی فیکری و ئایدیۆلۆجی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتە خۆی، کە مرۆڤەکان بەرانبەر بە گەردوون و سرووشت و ژیان و کۆمەڵگە هەیانە، هاوکات پڕۆسەی کامڵبوونی جیهانبینیی ئەدەبی و هونەری ئاڵۆزە، بەو پێیەی بوارەکانی هەست و نەست و خەیاڵ و هەڵچوون و پاڵنەرە نەستییەکانی مرۆڤ و تەواوی جەستەی نووسەر بەشدارن لە ئەفڕاندنیدا. ڕۆماننووس دەتوانێت لە ڕێگەی وتاری ڕۆمان و کارەکتەر و دیالۆگ و تەنانەت وەسفیشەوە جیهانبینیی خۆی بخاتە ڕوو. هاوکات جیهانبینی لە ئەدەبدا هەڵوێستێکی فیکریی ڕووت نییە، بەڵکوو لە جۆر و شێوازی فۆرم و زمان و قاڵبی هونەری بەرزدایە، کە بەهێزی بنیاتی هونەری ڕۆمان تۆکمەیی جیهانبینی لەخۆ دەگرێت. وتاری ڕۆمان هەوڵدانە بۆ تەفسیرکردنەوەی واقیع و خستنەڕووی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووە، هاوکات وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە و ئەزموونی تاک بەرجەستە دەکات، کەواتە ڕۆمان دەروازەی چوونە نێو جیهان و گۆڕینی دید و تێڕوانینە جێگیرەکانە؛ ڕەتکردنەوەی واقیعی باوە. دواتر توێژەر تەکنیکەکانی دیالۆگ و وەسف بۆ بەرجەستەکردنی جیهانبینی باس دەکات. هاوکات باسی ئێستای ڕۆمانی کوردی دەکات، کە هەنگاوی بەرزی لە ئاستی تەکنیک و فۆرم و ناوەرۆک ناوە، بەڵام دەنووسێت ناتوانین بڕیاری ئەوە بدەین کە ڕۆمانی کوردی بووەتە شوناسی واقیعمان و توانیویەتی وێنەیەکی تەواوی واقیعی کورد بکێشێت و مۆرکێکی کوردانەی نەخشاندبێت. هاوکات ڕۆماننووسگەلێکی کورد لە ترسی لاساییکردنەوەی واقیع وەک خۆی، هێندە پەنایان بۆ خەیاڵ و فەنتازیا بردووە کە لە ژیانی واقیعی کورد دوور کەوتوونەتەوە. هەر لەم بەشەدا ئاوڕ لە جیهانبینیی فیکری دەداتەوە و چەمکەکانی ئازادی و بوون و ژیان پەیوەست بە ڕۆمان دەخاتەڕوو. دواتریش کێشەکانی ئافرەت و چەمکی دین و جیهانبینیی دینی کە لە ڕوانین بۆ خوا و مرۆڤ و ژیان پێکهاتووە، بەسەر دەکاتەوە.
بەشی دووەم، ناونیشانی: بەرجەستەبوونی جیهانبینیی فیکری لە ڕۆمانی کوردی، هەڵگرتووە و باسی بەرجەستەبوونی کۆمەڵێک چەمک لە ڕۆمانە کوردییەکان دەکات: ئازادی، واتای بوون و ژیان، جێکەوتەی دەستەڵات و سیاسەت، وێنەی ڕۆشنبیر، نوێخوازی و دین و باوەڕی دینی و وێناکردنی ئافرەت. سەبارەت بەئازادی لە ڕۆمانە کوردییەکاندا نموونەی چەند ڕۆمانی وەرگرتووە، کە هەندێکیان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لە ئازادییان ڕوانیوە. بۆ نموونە توێژەر سەبارەت بەئازادی لە ڕۆمانی “پێدەشتی کارمامزە کوژاروەکان” دەنووسێت “نووسەر جیهانبینیی خۆی بۆ چەمکی ئازادی تێهەڵکێشی ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی دەکات و پێی وایە ئازادیی تاکەکان و هەڵبژاردنە بێ مەرجەکان، زامنی ژیانێکی سەردەمانە و شایستە بە مرۆڤن، بۆیە تاوەکوو تاکەکان ئازاد نەبن و لە بڕیاردان سەربەخۆ نەبن، با کەس هەرگیز بیر لە ژیانێکی خۆشگوزەران نەکاتەوە”. بەڵام ئازادی لە کۆشکی باڵندە غەمگینەکاندا ڕەهەندێکی قوڵتری هەیە، کە مرۆڤەکان بە ئاشکرا پەی بە نائازادییان نابەن، بەڵکوو مرۆڤە هەستیار و هۆشیارەکان دەزانن کە ئازاد نین، چونکە لە چوارچێوەگەلی جیاوازدا گیریان خواردووە، سەوسەن فیکرەت دەڵێ “بۆ مرۆڤ لەم گەردوونە گەورەیەدا مەحکومە بە بینینی هەندێک شتی چکۆلانە، مەحکومە بەدیلی لە یەک ماڵ و لە یەک شار و یەک بستە زەویدا”. بەڵام لای عەتای نەهایی ئازادی مەرج نییە لە وڵاتێکی بەناو ئازادی وەک ئەوروپا بێت، کەواتە مەرج نییە ژیار و شارستانییەت ئازادیی بۆ مرۆڤ فەراهەم بکات. هاوکات بەشێک لە ڕۆماننووسانی کورد کێشەی ئازادیی سیاسی تەوەری گرنگی ڕۆمانەکانیانی پێکهێناوە، لەوانە “پەنابەر، پێنجەمین پەرتووک، کاروان و سەگوەڕ”. لە باسی واتای بوون و ژیان لە ڕۆمانی کوردیدا، ئاماژە بە ڕۆمانی “کۆشکی باڵندە غەمگینەکان” دەکات و لەژێر ڕۆشنایی شێوازی بوونی ڕەسەن و ناڕەسەنی هایدیگەر تێڕوانین و هەڵوێستی کارەکتەرەکان بۆ بوون و دنیا دەخاتەڕوو، کە سەوسەن وەک بوونێکی ڕەسەن و بەرجەستەکەری وتاری ڕۆماننووس دەدوێت، هاوکات سێ عاشقەکەی بوونێکی ناڕەسەنیان هەیە و سەوسەن کار بۆ ڕزگارکردنیان دەکات، کە دەبێت بفڕن و دنیا ببینین، چونکە هەرسێکیان وەک یەکن و لە ڕاستیدا وەک هەموو پیاوەکانی ئەم شارە هاوشێوەی یەکدین. هاوکات لە ڕۆمانی “ئافاتەکانی بنەماڵەی مێخەک”دا جیهانبینیی ڕۆماننووس بۆ ژیان لەسەر بنەمای جیاوازییەکان بوونیاد نراوە، کە خەیاڵ ڕۆڵی کارا لەم جیاوازی و کرانەوەیە دەبینێت. هاوکات لە “هۆتێل ئەوروپا” دەوری هونەر لە بوونیادنانی جیهانبینی خراوەتە ڕوو، کە هونەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەسڵی بوون. هاوکات لە ڕۆمانی “ئەڵوەن” باسی یاخیبوون لە نەریت و ئاکارە نامرۆییەکان دەکات، کە ئەم یاخیبوونە پەل دەکێشێ بۆ کوشتنی دایک، ئەمەش وەک کاردانەوەیەکی ڕۆحی بەرانبەر بە نادادیەکانی کۆمەڵ. ڕۆمانی “ناوێ لەم کارەکتەرە بنێ” گفتوگۆی دوو کارەکتەری ئەوروپی و کوردێک لەبارەی جیهانگەرایی و مەترسییەکانی لەسەر تاک و نەتەوە و کوشتنی لایەنی ڕۆحگەرایی دەخاتەڕوو. دواتر باسی جێکەوتەی دەستەڵات و سیاست لە ڕۆمانە کوردییەکان دەکات، کە تا ئاستێکی فراوان ئامادەگی هەیە ئەمەش لەبەر دۆخی مێژوویی کورد، توێژەر باسی جیاوازیی دەستەڵاتەکان و ڕەنگدانەوەی لە ڕۆمانەکاندا دەکات، کە هەر تەنیا دەستەڵاتی سیاسی ئامادە نییە، بەڵکوو دەربەگ و خێڵەکانیش مومارەسەی دەستەڵاتی دەزگای سیاسی دەکەن. لە ڕۆمانی پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان و نۆرینگدا سیستمی دەربەگایەتی و دەستەڵاتی ئاغا خراوەتە ڕوو، کە چۆن خەڵک دەچەوسێننەوە. هاوکات لە ڕۆمانی ئەڵوەن ئاغا هێزی خوایەتی هەیە. ڕۆمانی کاروان و سەگوەڕیش ڕووی دەستەڵاتی سیاسی و سەربازیی بەعس لە ڕێگەی دیمەنەکانی زیندانەوە دەکێشێت. لە ڕۆمانی “کۆچ” دەستەڵاتی ستەمکار بۆ مانەوەی پەنا بۆ هەموو کردەیەکی ڕەواو و ناڕەوا دەبات. لە ڕۆمانی “سوارەکان بە قاچاخ بوکیان گواستەوە” وێنەی دزێوی سیاسەت دەکێشێ و دەنووسێت “سواڵکەر ڕاستگۆی ڕۆژە و دز ڕاستگۆی شەوە…سیاسەتیش درۆزنی شەو و ڕۆژە” لە ڕۆمانی “ئیرەم”دا وڵات دەبێتە بووکەشوشە بەدەست دەستەڵاتدارانەوە “وڵاتیش دەکەم بە جوتێ پێڵاوی بریقەدار و لە پێتی دەکەم”. هاوکات هەندێک لە ڕۆماننووسان ڕەخنەی دەستەڵات لە ڕۆژهەڵات دەگرن، واتە تەنیا ڕووی دەستەڵاتی کورد نیشان نادەن، بەڵکوو بە گشتی دەستەڵاتی ناوچەکە دەبێتە باسیان. هاوکات دیدی ڕۆماننووسانی نوێ بۆ شۆڕشە کوردییەکان زۆر جیاواز و ڕەخنە ئامێزە، جگە لەوەی ئاکامەکانیشی بۆ هەندێک ڕۆماننووس ڕەخنەی توندی حیزبە کوردییەکانی لێکەوتۆتەوە.
هاوکات توێژەر باسی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیری دەکات، لە کۆشکی باڵندە غەمگینەکاندا، ڕۆشنبیر و سەرچاوەی ڕۆشنبیری دەمامک و فێڵێکی سیاسی و حیزبییەکانە بۆ پەردەپۆشکردنی لاوازی و ناشیرینییەکانیان، بەڵام لە -ناوێ لەم تێکستە بنێ-دا ڕاستگۆی و ناسینی ڕۆشنبیر بە گرنگ دەزانێت بۆ گەیشتن بە ڕاستی شتەکان و هاوکات لەبری خەڵک بیرنەکردنەوە. بەڵام لە زۆرێک لە ڕۆمانەکانی دیکەدا پێگەی ڕۆشنبیر بەهێز و ویستراوە، لە کۆچ-دا ڕۆشنبیر داهێنەرە و نهێنییەکانیش لە ڕێگەی نووسینەوە کەشف دەکات، لە ئیرەم-دا ڕۆشنبیری وەک دڵ وایە لە جەستەدا، هاوکات ڕۆشنبیریش بە فۆرم و شکڵیەوە زۆر جار خەڵک و خۆی فریو دەدات، کە دەکەوێتە ناو خۆنواندنەوە. دواتر باسی نوێخوازی لە ڕۆمانە کوردییەکاندا دەکات، بۆ نموونە لە”پەنابەر”دا ڕەخنەی بەپیرۆزبینی ڕابردوو و مێژوو لای کورد و ڕۆژهەڵات، کە ڕێگر بووە لە بیرکردنەوەی درووست، دەگرێت، لە “هوتێل ئەوروپا” وتاری نوێخوازی لەم ژیانە نوێیەدا هەڵدەگرێت، کە ژیانی نوێ، هزری نوێ دەخوازێ. لە تەنیشت ئەم باسەوە، پرسی دین و باوەڕی دینی باس کراوە، لە ڕۆمانی “منداڵێک لەسەر مانگە” باسی سۆفیگەری و ڕۆحانییەت لە دەرەوەی دین کراوە، واتە ڕزگارکردنی سۆفیگەری لە چوارچێوەی دین و ڕۆژهەڵاتدا، بەرانبەریش[رۆژئاوا] بێ دین و ناڕۆحانییەتە، ئەمە دیاردەی تەکفیر دەهێنێتە ئاراوە، هاوکات ڕۆماننووس پێی وایە دین مرۆڤ لە قاڵب دەدات. هاوکات ڕەخنە لە چارەنووسی دینی دەگیرێت، دین بە دیلکەری خواستە نەگیراوەکانی مرۆڤ دەبینرێت، هاوکات لە ڕێزمانی خۆشەویستی دین لە پەیوەندیی خۆشەویستی ڕێگرە. لە کۆتاییی ئەم بەشەدا وێناکردنی ئافرەت لە ڕۆمانە کوردییەکان باس کراوە، لە “خانمی شەوە ئەرخەوانییەکان”دا ئافرەت وەک قوربانیی بیرکردنەوە و ئاکارو تێڕوانینی هەڵەی جۆرێک لە پیاوان بینراوە، کە وەک کاڵا لێیان دەڕوانن. لە ڕۆمانی “ماچی یەکەم”دا باسی لێکدژی پیاوان دەکات، کە خەبات بۆ ئازادیی ئافرەت دەکەن، بەڵام خۆیان چەوسێنەری ئافرەتن، هاوکات لە هۆتێل ئەوروپاش ڕەخنەی ئافرەت گیراوە، کە چۆن ئافرەتی فێمینیست دژی خۆی و ڕەگەزەکەی و بیروباوەڕی بیر دەکاتەوە.
بەشی سێیەم، لەبارەی جیهابینیی دینیە لە ڕۆمانی کوردیدا، کە ڕۆماننووسان چۆن لە خوا و سرووشت و گەردوون و سۆفیگەری و ڕۆحانییەت و دینداریان ڕوانیوە، لە “حیکمەتی پیران”دا خوا بوونێکی ئەزەلی و هەرهەری هەیە، خودا بە ڕەهایی کەماڵە و لە جیلوەکردنێکی بەردەوامیشدایە، لە ڕۆمانی “جادووگەری گوند” دووری و نەناسینی خودا، نەزانی و لە دەستدانی ژیری مرۆڤەکانی لێ دەکەوێتەوە.
ئازادی وەک چەمکێک بە شێوەی هەمەلایەن لە ڕێگەی مرۆڤ، هونەر، یاخیبوون، کولتوور، واقیع و بوون بەرجەستە کراوە. چەمکی بوونیش لە ڕێگەی گومان، بیرکردنەوە و تێڕامان و پرسیارکردن خراوەتە ڕوو
هاوکات لە ڕۆمانی “گەڕانەوە بۆ مەرگ” ژیانی دنیای ئێرە و گەردوون بە سێبەری جیهانی حەقیقەت دەزانێت، پێشیوایە زیندووەکان سێبەری مردووەکانن، چونکە زیندوو لێرەیە و مردووش لە جیهانی حەقیقەتدایە. لە ڕۆمانی “جادووگەری گوند” سرووشت دەبێت بە جێگرەوەی دایک، چونکە ئەو دەمەی سیامەند لەدایک دەبێت دایکی دەمرێ و سرووشت دەکات بە جێگرەوەی “سرووشت دایکێک بوو ئەو کاتەی ئێمەی بوو گیانی لەدەست دا” لە ڕۆمانی حیکمەتی پیران-دا باسی هەماهەنگی و سازانی سرووشت و گەردوون پەیوەست بە تێگەیشتنی مرۆڤ دەکات، هاوکات ڕەتی ئەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ تەنیا بە زانست و لۆژیک پەی بە نهێنییەکانی خۆی و گەردوون ببات، چونکە مرۆڤ لەو زانستەی مرۆڤ دایناوە ئاڵۆزترە. سەبارەت بە تێگەیشتنی دین بۆ پێگەی مرۆڤیش لە ڕۆمانی “ڕێگایەک بەرەو ڕۆشنایی” مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی پرسیارکەر و وەڵامدەر و گەڕان بە دوی خۆدا وێناکراوە. لە گەڕانەوە بۆ مەرگ ڕۆماننووس ڕەخنە لە پێشکەوتنەکانی مرۆڤ و جیاوازی ڕوانینەکانی دەکات، کە هۆکاری نغرۆبوونی شارستانییەت و بوونین، مرۆڤبوونی مرۆڤ لەبیرکراوە، بۆیە کارەکتەرەکە[جاوید] دەیەوێت لەو پێشکەتنانە هەڵبێ و بگەڕێتەوە بۆ منداڵی و سەرەتا. لە چۆنییەتیی پراکتیکی چەمکە دنییەکان لە ڕۆماندا، توێژەر ئاماژە بە دوو ڕەهەندی هاوبەش لەلایەن ڕۆماننووسە دیندار و نادیندارەکان دەدات، کە کێشەی دین بەشێکی زۆری بۆ کەسە دیندار و وتاری دەستەڵاتە دیندارەکان دەگەڕێتەوە، یاخود بۆ هێنانی وتاری دینی بۆ ئەرزی واقیع، لە “گەڕانەوە بۆ مەرگ” ڕەخنە لەو پراکتیکە دیندارییە دەگرێت کە دەیەوێت هەموو دیاردەکانی دەوروبەر بە بەرگی دینی بپۆشێت و ڕوانینەکانی دیکەشی پێ هەڵەیە. لە کۆتاییی ئەم بەشەدا ئاوڕ لە ڕەنگدانەوەی عیرفان و ژیانی ڕۆحانی دراوەتەوە، کە ڕۆماننووسان لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی واتا و حاڵەتە ڕۆحانییەکان لە کارەکتەرەکانیاندا ئەو دیوە ڕۆحانییە نەک شەریعەت و ڕێگە ڕەق و ساردەکانی دین زەق دەکەنەوە، بۆ نموونە ڕۆمانی “گەڕانەوە بۆ مەرگ” کەسێتی (خەڵوەتی)، لە زیندانەوە گەشتە ڕۆحییەکانی دەستپێدەکات، هەرچەند بە جەستە زیندانە، بەڵام ڕۆحی ئازاد و گەڕۆکە، هەر لە هەمان ڕۆماندا گەشتی عیرفانی لە ڕێگەی مەعریفەوە دەستپێدەکات، کە مەعریفە بە کەنارەکانی دەریای عیرفان هەنگاو دەنێت، چونکە مەعریفە توێکڵ و عیرفان کرۆکە.لە کۆتاییی نامەکەشدا توێژەر ئەنجامەکانی دەخاتەڕوو، کە ڕۆماننووسان بە ویستی خۆیان و دوور لە فشاری دەرەکی توانیویانە گوزارشت لە دیدی خۆیان بکەن، ئازادیش وەک چەمکێک بە شێوەی هەمەلایەن لە ڕێگەی مرۆڤ، هونەر، یاخیبوون، کولتوور، واقیع و بوون بەرجەستەکراوە. چەمکی بوونیش لە ڕێگەی گومان، بیرکردنەوە و تێڕامان و پرسیارکردن خراوەتە ڕوو، هاوکات دوو جۆر ڕۆشنبیریش لە ڕۆمانی ماوەی توێژینەوەکە بەرجەستکراوە: ڕۆشنبیری داهێنەری ڕەخنەگر، ڕۆشنبیری ساختە. [1]