ئەی خودا ئەی ڕافیعی نۆ سەقفی گەردوون بێ عەمەد؛ پێنج خشتەکی لەسەر شیعری فەوزی
ئەی خودا، ئەی ڕافیعی نۆ سەقفی گەردوون، بێ عەمەد
نیعمەتت بۆ ئێمە لايُحْصي، سیفاتت لايُعَدّ
شُکرُ لِلّه تا دەوامی بێ لەگەڵ ڕۆحا، جەسەد
پڕ زمان و دڵمە یا ڕەب، قُلْ هُوَ اللّه أَحَد
زیکر و فیکری زاهیر و باتینمە اَللّه الصَّمَد
بێکەس و بێماڵ و جاهم يا رسول اللّه دەخیل
زۆر فەقیر و بێ پەناهم يا رسول اللّه دەخیل
تۆی بە وەڵڵا خزری ڕاهم يا رسول اللّه دەخیل
ڕێگە لێ ون بووی گوناهم يا رسول اللّه دەخیل
وا لە دەشتی چۆڵی عیسیانا خەریک ماوم مەدەد
تێکەڵی دنیای دەنی عەقڵ و دیرایەت ون ئەکا
سەیری مەلها سینەمای چاکە و عینایەت ون ئەکا
تۆزی بێ دینی عەجەب جادەی ویلایەت ون ئەکا
گێژەڵووکەی مەعسیەت ڕێگەی هیدایەت ون ئەکا
لَمْ يَلِدْ ڕۆشن کە بەرچاوم وَ لَمْ يُولَدْ مەدەد
غەیری تۆ نیعمەت بە کەس کام پادشای ذي شَأن ئەدا
تاج و نەجمەی لا و إلاّ بێ بەدەڵ نیشان ئەدا
ناوی تۆ سەروەت بە خاوەن ئێش و بێ ئیشان ئەدا
نەفیی و ئیسباتە کە زیکری ڕێ بە حەق پیشان ئەدا
وا منیش ڕێبواری ئەو ڕێیەم خودا بمکەی بەڵەد
ئەو حەکیمانەی کە کەششافی هەموو وشک و تەڕن
مووشکافی نوقتەنوقتەی حیکمەتی بەحر و بەڕن
عالمی دانا گەر ئەهلی چاکە یا ئەهلی شەڕن
مەشریق و مەغریب لە دەرکی زاتی تۆ کوێر و کەڕن
لَمْ يَلِدْ وەڵڵا ئەزەل چەشتت، وَ لَمْ يُولَدْ ئەبەد
فەوزییا وا ڕادیۆی لوتفی خودا بێ باتری
هاتە سەر ئیخباری عەفوی تۆ، نیهان و زاهیری
تۆش لە غەزنەینی سەنادا لێدە تەپڵی نادری
عاقیبەت محموودی کردی، چونکە إخلاص ئاخری
لَمْ يَکنْ لَهُ کاری پێک هێنای لەگەڵ کفُوا أَحَد
سەرچاوە: #دیوانی بێخود#
هۆزانەوان: #بێخود# [1][2]