ناو: عەونی
نازناو: عەونی قازی
ناوی باوک: یوسف
ساڵی لەدایکبوون: 1908
ڕۆژی کۆچی دوایی: #15-07-1988#
شوێنی لەدایکبوون: #هەولێر#
شوێنی کۆچی دوایی: #بەغدا#
عەونی یوسف ئەحمەد قاسم، ناسراو بە عەونی قازی، ساڵی 1946 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد (کۆنگرەی یەکەم) هەڵبژێردراوە، ساڵی 1974 لە دوای ئاڵۆزبوونی بارودۆخی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی بەعس پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە.
$ژیاننامە$
عەونی یوسف ئەحمەد قاسم، ناسراو بە عەونی قازی، ساڵی 1908 لە شاری هەولێر لەدایک بووە، سەرەتا لای باوکی و شەهباز ئەفەندی حەیدەری دەستی بە خوێندنی ئایینی کردووە، ساڵی 1921 قۆناغی سەرەتایی لە شاری هەولێر تەواوکردووە، دواتر بە مەبەستی خوێندن ڕوودەکاتە شاری بەغدا، ساڵی 1934 قۆناغی ئامادەیی و ناوەندی و دواناوەندی لی شاری بەغدا تەواوکردووە، ساڵی 1934 لە کۆلێژی مافی بەغدا وەرگیراوە، ساڵی 1939 بەکالۆریۆسی مافی لە کۆلێژی ماف لە بەغدا وەرگرتووە، ساڵی 1940 بووە بە ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی ئێراقی و سەرەتا لە شاری #سلێمانی# و دواتر لە شاری هەولێر بە پیشەی پارێزەری دەستبەکار بووە. ساڵی 1942 دادوەر بووە لە شارۆچکەی #زاخۆ# ، ساڵی 1942 وەک دادوەر گواستراوەتەوە بۆ موسڵ، ساڵی 1943 گواستراوەتەوە بۆ شاری بەسرە لە باشووری ئێراق بەڵام پێش گەیشتنی بۆ سەر کارەکەی لە شاری هەولێر دەستگیراوە و بۆ بەندیخانەی موسڵ گواستراوەتەوە و بە سێ ساڵ بەندکردن سزا دراوە، ساڵی 1946 کاری پارێزەری کردووە.
ساڵانی (1974-1975) ئاوارەی شانشینی ئێران بووە، ساڵی 1975 گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان، لە 15-07-1988دا لە نەخۆشخانەی ئیبن بەیتاری بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی شارەوانی شاری هەولێر بەخاک سپێردراوە، لە ناوەڕاستی مانگی تەموزی 1994 ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر بڕیاری بەناوکردنی یەکێک لە شەقام و گوڕەپانەکانی شاری هەولێری بە ناوی (#عەونی یوسف# )ەوە پەسەند کرد، شارەزای زمانەکانی کوردی، تورکی، عەرەبی و ئینگلیزی بووە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1939 بەشداری لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی شاری بەغدا دژ بە دەسەڵاتدارانی شانشینی ئێراق و شانشینی یەکگرتووی بریتانیا کردووە، لە سەرەتای چالاکیی #پارتی هیوا#ی کورد بووتە ئەندامیان، ساڵی 1940 بە ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی ئێراق وەرگیراوە، لە ناوەڕاستی 1941 لەبەر پشتگیری لە بزووتنەوەی ڕەشید عالی (1893-1965) ناسراو بە ڕەشید گەیلانی و بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی شاری هەولێر کردووە، دواتر لەسەر داوای کاربەدەستانی شانشینی یەکگرتووی بریتانیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی شانشینی ئێراق بەند کراوە، ساڵی 1942 لەبەر چالاکی کوردایەتی لەلایەن پارێزگاری سلێمانی دوور خراوەتەوە.
ساڵی 1942 بە هاوڕێیەتی دکتۆر جەعفەر محەمەد کەریم ناسراو بە دکتۆر جەعفەر فەیلی، لقی موسڵی حزبی پارتی کوردیان دامەزراندووە، ساڵی 1942 لەگەڵ دکتۆر جەعفەر محەمەد کەریم لەسەر کوردایەتی لە بەندیخانەی عەمارە لە باشووری ئێراق بەند کراوە، ساڵانی (1944-1945).
وەرگێڕانی وتاری لە گۆڤاری کوردیزمانی #گەلاوێژ#ی چاپی بەغدا لە چاپ دراوە، لە 29-09-1945 لەبەر پشتگیری لە شۆڕشی دووەمی بارزان (1943-1945) لەلایەن دەسەڵاتدارانی شانشینی ئێراقەوە زیندانی کراوە، ساڵی 1946 لە بەندیخانەی عەمارە لە باشووری ئێراق ئازاد کراوە، ساڵی 1946 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد کۆنگرەی یەکەمی #پارتی دیموکراتی کوردستان# هەڵبژێردراوە، ساڵی 1946 یەکێک بوو لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کورد لە پارێزگای هەولێر، بۆ ئاهەنگی جەژنی #نەورۆز#ی ساڵی 1947 مۆڵەتی فەرمی لە پارێزگاری هەولێر بە ناو و داواکاری ئەو بووە هەرچەند لەلایەن نووری سەعیدی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی شانشینی ئێراقەوە دژایەتی کراوە، بەڵام لە دوای چاوپێکەوتن و هەوڵێکی زۆر ڕەزامەندی ئەو وەردەگرێ، لە 20-06-1947 لە ڕۆژی بەخاکسپاردنی شەهید #خەیروڵا عەبدولکەریم# (1912-1947) ناسراو بە خەیروڵا گورجیزادە لە شاری هەولێر بەشداری کردووه، ساڵی 1948 موڵەتی فەرمی ئاهەنگی نەورۆزی شاری هەولێری لە دەسەڵاتدارانی شانشینی ئێراق وەرگرتووە، ساڵی 1948 بە نوێنەرایەتی پارێزگای هەولێر بەشداری خۆپیشاندانی دژ بە پەیماننامەی پۆرتسموسی لە شاری بەغدا کردووە.
ساڵی 1948 لەلایەن پیاوانی دەسەڵاتەوە تەقە لە ماڵەکەی کراوە و دواتر بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە عەباس مامەند ئاغای سەرکەپکان و سەید ئەحمەدی سەید تەهای نەهری پشتگیرییان کردووه، لە بەهاری ساڵی 1948 لە شاری هەولێردا سەرکردایەتی خۆپیشاندانی دژ بە دەسەڵاتی کردووە و درووشمی (ئازادکردنی بارزانییەکانی) هەڵگرتووە، لە 24-05-1948 لەبەر چالاکی کوردایەتی لەلایەن کاربەدەستانی شانشینی ئێراق بەند کرا و لە 20-07-1948 دەدرێتە دادگا، لە کۆتایی ساڵی 1949دا ناوی وەک سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کورد لەلایەن یەهودا ئیبراهیم سدیق ئەندامی سەرکردایەتی حزبی شیوعی ئێراقەوە لە دانپێنانەکانی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵێنەوەی تاوان وەک خەباتگێڕێک ئاشکرا بووە، ساڵی 1949 لە دادگای عورفی بە یەک ساڵ و نیو بەندکردن سزا دراوە و ماوەیەک زیندانیکراوە.
لە مانگی تەموزی 1958 یاوەری شێخ ئەحمەد شێخ محەمەد شێخ عەبدولسەلام (1892-1969) ناسراو بە شێخ ئەحمەدی بارزان بۆ سەردانی شارۆچکەی #شەقڵاوە# سەر بە پارێزگای هەولێر بووە، لە 22-11-1958 بە فەرمانێکی کۆماری بە دادوەر لە دادگای شارستانی دامەزراوە، ساڵی 1958 سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک بووە، لە (14ی ئەیلوولی 1958)14-09-1958 کراوەتە وەزیری کار و کاروباری نیشتەجێبوون لە کابینەی عەبدولکەریم قاسم (1914-1963)دا، لە 27-07-1958 لەگەڵ شاندی کوردی بە مەبەستی پیرۆزبایی لە سوپای ئێراق کە ڕژیمی پادشایی ئێراقی ڕووخاندووە سەردانی وەزارەتی بەرگری کردووە، لە 01-07-1959 بە یاوەری سەرۆک مستەفا بارزانی سەردانی بارەگای پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان لە شاری بەغدای کردووە، ئەوەش یەک ڕۆژ لە دوای سڕکردنی باڵی پارێزەر هەمزە عەبدوڵڵا عومەر (1915 1998) لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان بووە، ڕۆژانی 16 تا 17-07-1959 نوێنەری کۆنگرەی دووەمی بزووتنەوەی ئاشتی خوازی ئێراقی لە شاری بەغدا بووە.
ساڵی 1959 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێراق کۆنگرەی چوارەم هەڵبژێردراوە، ساڵی 1959 بووەتە جێگری سەرۆکی دادگای تەمییزی کەرکووک، لە مانگی مایسی ساڵی 1962 واژۆی خۆی خستە سەر بەیاننامەی (ئاشتی بۆ کوردستان) کە لەلایەن حزبی شیوعی ئێراقی و حزبی نیشتمانی ئێراقەوە ئامادە کرابوو، ساڵی 1963 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەوە کردووە و ماوەیەک لە ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای سلێمانی خزمەتی کردووە، ساڵی 1964 نوێنەری کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی #قەڵادزێ# سەر بە پارێزگای سلێمانی بووە، لە ناوەڕاستی ساڵی 1966دا لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی حەوتەم دەستنیشان کراوه، ساڵی 1966 لە کۆنگرەی حەوتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارەدێی #گەڵاڵە#ی سەر بە پارێزگای هەولێر خۆی پاڵاوتووە و دەرنەچووە، ساڵی 1969 لە شۆڕشی ئەیلوول دوور دەکەوێتەوە بە هاوکاری پارێزەر ساڵح حەیدەر عاسم (1922-2001) ناسراو بە #ساڵح حەیدەری# و حەمید عوسمان ئەبوبەکر (19271993) حزبی ڕزگاری دادەمەزرێنن، بەڵام لە دوای ڕێکەوتننامەی 11-03-1970 ئەم حزبە هەڵدەوەشێننەوە، ساڵی 1974 لە دوای ئاڵۆزبوونی بارودۆخی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی بەعس پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە.
[1]