گەزیزە عاریفانە لە ژیان و شانۆ دەڕوانێت
نووسینی: #دێرین حامید#
کاتێک سەیری مێژوی شانۆ لە باشووری کوردستان دەکەین، بەتایبەت شاری #سلێمانی#، کە تێیدا #گەزیزە عومەر عەلی ئەمین# گەورەبووە و بەردەوامی بە کاری شانۆیداوە، دەبینین مێژویەکی نێرانەیە، بەتەنیا ئەوەنییە کە بکەرەکانی نێر بوون، واتە لە دەرهێنەر و ئەکتەر و نووسەر و تەنانەت زۆرینەی بینەرەکانیشی، بەڵکوو چیرۆک و کارەکتەری نێو نمایشەکانیش هەر نێرانەبوون.
باشترین ڕۆڵێک ژن هەیبوبێت لەنێو نمایشەکاندا ئەوپەڕی دایکێکی باش، یان باوەژنێکی خراپ، یان ژنێکی چەقاوە سوو بووە، یان ژنێکی جوان بووە پیاوێک حەزی لێکردووە.
ڕەنگە قوورسبێت لێرەدا شیکارییەکی درووست بۆ مێژوی هونەرە درامییەکانی کورد بکەین، کە تێیدا کارەکتەرە ژنەکانمان چەندە لاوازبوون و چەندە بێڕۆڵ بوون.
ئەوەی هەیە من لە ئێستادا کە خەریکی نووسینی ئەم وشانەم لە پێشتریشدا کە توێژینەوەم دەربارەی شانۆی کوردی ئەنجامداوە، ناتوانین ژنە کارەکتەرێک لەنێو شانۆ و فیلمی باشووردا بدۆزینەوە کە پاڵەوان بووبێت، ژنێک کە کاریگەریی بەهێزی لەسەر ڕەوتی دەق-نمایش هەبووبێت، لەگەڵ ئەوەی چەندین ژنە ئەکتەری بەتوانامان هەبووە و هەیە.
لە ئاستی ژیانی واقیعی کۆمەڵگەکەماندا، هەر لەم ناوچەی سلێمانییە خاوەنی چەندین ژنی کاریگەرین چ لە ئاستی کۆمەڵایەتی وەکوو: بەهێ خانی ژنی شێخ مەحمود، کە لەنێو ماڵەکەی ئەودا لە ساڵی 1923 فوئاد ڕەشید بەکر، یەکەمین شانۆی کوردی بەناوی لولا محامیە پێشکەش دەکات، هەتاوەک و ژنانی وەک #عادیلە خانم# و #حەپسەخانی نەقیب# ...
هۆکار چییە کە شانۆی ئێمە توانای خوڵقاندنی کارەکتەری نییە؟ بۆ نووسەر-دەرهێنەری ئێمە ناتوانن دەقێک بنووسن و بیخەنە سەر شانۆ کە تێیدا پاڵەوانێک بوونی هەبێت کە بتوانێت لە زاکیرەی تاکی کورددا بمێنێتەوە؟ ئیتر ئەم پاڵەوانە ژن بێت یاخود پیاو؟
ئەڵبەت ئێمە کارەکتەری وەک ئەحەی کوڕنوو، خولەچەخماخەمان هەیە، کاتێک بیر لە پاڵەوانە پیاوەکان دەکەینەوەم، بەڵام چەند پاڵەوانی ژنمان هەیە لەنێو بەرهەمە هونەرییەکان ئەگەر بمانەوێت دەربارەی بدوێین؟ لە دەیەی هەشاتاکانەوە هەتا ئێستا شاهیدی ئەوەین کە ژنانی شانۆکار، چی ئەوانەی ئەکادیمی خوێندوویانە یاخود ئەماتۆرن، ئامادەیی چالاکییان هەیە لەنێو شانۆی کوردیدا، بەڵام بۆ دووبارە ناتوانین پاڵەوانێکمان هەبێت لەسەر شانۆوە بەرهەم هاتبێت و بەشێک بێت لە یادەوەری گشتی شار و بینەرەکانی؟
گەزیزە، وەک یەکێک لە چالاکترین ئەو ژنانەی کە دەست بە شانۆ دەکات، هەنگاوێکی جیاواز دەنێت، ئەو بەتەنیا خۆی بە لایەنێکی شانۆوە نابەستێتەوە، ئەو لەیەک کاتدا وەک ئەکتەر، دەرهێنەر، نووسەر، وەک بەڕێوەبەری تیپ، دەست بە چالاکی شانۆیی دەکات.
دارتووەکە، وەک یەکەمین کارەکانی ئەم ژنە شانۆکارە دەنگدانەوەیەکی باش بەدوایخۆیدا دێنێت.
ئەو بەتەنیا کارێک ناکات، بەڵکوو بۆ ساڵانێکی زۆر لەم نێوەندە شانۆییەدا لە چوارچێوەی گرووپێکی شانۆیدا هاوڕێیانی گەزیزە بەردەوام دەبێت.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، لەنێو دەقەکانی ئەم شانۆکارەدا، بەتەنیا کارەکتەرەکان ژن نین، بەڵکوو تێما و بابەتی تێکستەکانی دەربارەی ژنە، بە تەنیا ژنان ڕۆڵدەگێڕن، پیاوان ئەگەر ڕۆڵێکیشیان هەبێت، ڕۆڵێکی لاوەکییە و توانای کۆنترۆڵکردنی نمایشەکەیان نییە.
من کە چانسی بەتەنیا بینینی سیان لەو کارە شانۆییانەم هەبووە وەک بینەر، ئەوەی سەرسامیکردم جیاوازی دنیا بینینی ئەم دەرهێنەرە ژنەیە بۆ فەزا لە ڕووی دەرهێنانەوە، لە ئاستی دەقیش بوونی کارەکتەرە ژنەکان، ئەوەی سەرنج ڕاکێشە ژنەکان ژنی تەواو کوردین، لەنێو ماڵی کوردییەوە هاتوون و سەرچاوەیان گرتووە. کاتێک نمایشی ئەم دەرهێنەرە دەبینیت، دەقێکی دەخوێنیتەوە تێدەگەیت کە کارەکتەرەکان هاوردەنین، بەزۆر درووست نەکراون، بەڵکوو بۆنی ماڵێکی کوردییان لێدێت.
گەزیزە، کاتێک بەشوێن شانۆیەکی ژنانەوەیە لە دەق، ئایدیا و لە شانۆ، وەک چۆن نەهاتووە سکێچی کارەکتەرەکانی لە کۆمەڵگە و کولتورێکی ترەوە بێنێت، ئا بەو جۆرەش بیری فیمینیستیی گەزیزە بیرێکی هاوردەکراو نییە، فیمینیسمێک نییە وەک ئەوەی سیمۆن دیبوڤوار لە فەڕەنسا لەپێناویدا خەباتی بۆ دەکات. ئەوەی گەزیزە بیرێکی ژنانەیە کە لەنێو ماڵی کوردی و مێژوی کوردەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو داوای تێکشکانی بەهای کۆمەڵگە ناکات، ژنان بۆ ترانس جێندەری بانگهێشت ناکات، بەڵکوو بە ڕۆحێکی کوردیی-خێڵەکی، داوای ئازاد بوونی ژن دەکات، ژن وەک ئینسانێک، کە دەتوانێت دایک بێت، هاوسەربێت و منداڵ بە باشترین شێوە پەرەوردە بکات، خوشک بێت، ناڕازی بێت، بەشداری شۆڕش بکات، بگری و ئازار بکێشێت.
کاتێکیش بەرگی یەکەمی پەرتوکی بیرەوەرییەکانی ئەم ژنە شانۆکارە دەخوێنیتەوە، بە ئاسانی تێدەگەیت چۆن عاریفانە لە ژیان دەڕوانێت، چۆن پەیوەستە بە عومەر عەلی ئەمینی باوک، بە خەڵاتی برا، بە هەسارە و هەیاسی منداڵەوە، بە خەیاتی عەشق و هاوسەرەوە.
ئەم هەناسە و تێڕوانینەش هاتووەتە نێو تێکستەکان، دەتوانێت بیبینیتەوە، سێبەری ژیانی کەسی و جۆری ژیانی لەنێو بەرهەمەکانیشیدا ببینیت. ڕێک هێزی بیری گەزیزە بۆ ئەم خاڵە دەگەڕێتەوە کە نە دژ بە بەها باوەکانی کۆمەڵگە و ئایین دەوەستێتەوە، نە ئامادەشە دان بەو بیرە کۆنزرڤاتیفەدا بنێت کە ژنان لەنێو کۆمەڵگەدا دەچەوسێنێتەوە، ئەو نە بانگەشەی ئەوە دەکات ژنان ماڵەکان و مەتبەخەکان بەجێ بهێڵن و دەستبەرداری خێزان بن، کەچی دەیەوێت ژیانی ژنێک بە تەنیا لە چوارچێوەی ماڵێک و مەتبەخێکدا قەتیس نەکرێت.
کەواتە شەڕی گەزیزە شەڕە بۆ هاوسەنگی، شەڕێک هاوبەرانبەری تێیدا بوونی هەبێت، بەمەش گەزیزە دەتوانێت بیرێکی ئەلتەرناتیڤی بهێنێتە بوونەوە کە هیچ کەس تێیدا قوربانی نەبێت.
هەر بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت وەک چۆن بیری فیمینیستی گەزیزە کە ئاوێتەیە لە تێڕوانینێکی ئایینی، کوردیانە، ئاواش لە شانۆدا دەیتوانی وەک شانۆی ئەلتەرناتیڤ خۆی مانیسفێست بکات، گەزیزە بۆ ئەوە لە سەرەتاوە هەنگاوی ناو قۆناغی باشیشی بڕی، بەڵام بۆ شکڵگرتن و سەلماندی خۆی و بەرهەم هێنانی تێور ودانانی کاریگەریی پیویستی بە بەردەوامی هەبوو، بەردەوامییەک کە دەیتوانی لە ئاستێکی فراوان لە دەروەی سنوورەکانی ئێرە خۆی پیشانبدات.
دەیتوانی وەک هەریەک لە گرووپە شانۆییە فیمینستییە بەناوبانگەکانی شانۆی جیهانی وەک گرووپی تاتی کورام (Tatticoram) شانۆی (Wuppertal)ی پینا پاوش یان گرووپی (Franka Rahme)، ببێتە جێگەی سەرنج و لێڕامان. [1]