ئامادەکردنی بابەت: #ڕۆیا سەردار#
ئەشکەوتی تەلیسم، یان ئەشکەوتی سیحراوی، لە پارێزگای #ئیلام# لە ڕۆژهەڵاتی #کوردستان# یەکێکە لەو شوێنانەی کەشێکی لەبار و گونجاوە بۆ سەرسامکردن و ترساندنی سەردانیکەران. بە وتەی دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە، ڕۆحەکانی ناو ئەشکەوتەکە حەز ناکەن مرۆڤەکان گۆڕە بەردینییەکانیان ببینن، بۆیە ئێستا ئەم ئەشکەوتە بووەتە شوێنێکی ترسناک و مەترسیدار.
ئەشکەوتە سیحراوییەکەی تەلیسم، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی گوندی (سەراب)ی ئیوان لە بەرزاییەکانی دەروون درێژ، لەسەر لوتکەی چیای مانشت و بە شوێنی نیشتەجێبوونی (دڕندەکانی شاخ) ناسراوە.
لە بەشی پێشەوە و چوونە ژوورەوەی ئەشکەوتەکە تا کۆتاییەکەی نزیکەی 300 مەترە، کە 100 مەتری یەکەمی کراوە و بەرینە، بەڵام ئەوەی دیکە تەسکە و بە سەقفێکی دڵۆپ دڵۆپ داپۆشراوە.
لە قووڵایی 100 مەتری ئەشکەوتەکەدا، سێ ڕێیانییەک دەبینرێت، کە یەکێک لە ڕێڕەوەکانی 20 مەتر قووڵایی هەیە و لەدووریی 10 مەترەوە تەسک دەبێتەوە و چوونە ناوەوەی زۆر قوورس دەبێت.
دوای ئەوە دەبێت بەسەختی زیاتر درێژە بە چوونە ناو ئەشکەوتەکە بدەیت، چونکە بەشێک لەم ئەشکەوتە سرووشتییە ڕووخاوە و ڕێگاکەی داخراوە، ڕەنگە ئەمە یەکێک لەو هۆکارانە بێت، کە ئاژەڵە دڕەندەکانی ناوچەکە پێیان باشتر بووە لەم ئەشکەوتە کپ و کوێرە پەنا بگرن و نێچیرە ڕاوکراوەکانیان لە چاڵەکانیدا هەڵبگرن. بەتایبەتیی بارودۆخی تایبەتیی ناوچەکە و سرووشتی شاخاوی یارمەتیی تەرمەکان دەدات، بۆ ماوەیەکی زیاتر بە ساخی بمێننەوە.
ئەم ئەشکەوتە پڕە لە هەموو جۆرە ئاژەڵێک، وەک مار و کۆتر و شەمشەمەکوێرە و دووپشک. لە شتە سەیر و سەمەرەکانی ئەم ئەشکەوتە ئەوەیە، هەر کە چوویتە ناویەوە، هەر ڕووناکییەک پێ بێت بەبێ هیچ هۆکارێک دەکوژێتەوە.
لەسەرەتای ئەشکەوتەکەدا شەمشەمەکوێرەکان هاوڕێی گەشتیارانن، کە ئەگەر بەناو ئەشکەوتەکەوە ئاوێزان نەبن، ئەوا بە بەرزییەکی نزیک لە دەموچاوتەوە دەفڕن.
بەردی ئەم ئەشکەوتە بەردی گەچە و بەشێکی زەوییەکەی خاکە و بەشەکانی دیکەیش بەردن. ئەم ئەشکەوتە هێندە سەخت و مەترسیدار و ناپارێزراوە، کەم گەشتیار بڕیار دەدات گەشتی بۆ بکات، مەگەر بەنیازی ئەوە بن لەنزیکەوە چاویان بە دڕندە کێوییەکانی شاخەکە بکەوێت.
یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیە لەبارەی ئەشکەوتی تەلیسم دەڵێت ئەم ئەشکەوتە سەیر و سیحراوییە و بەداخەوە زۆربەی ئەوانەی چوونەتە ناو ئەشکەوتەکەوە دوای ماوەیەک نەخۆش دەکەون. باووباپیرانمان لەسەر ئەم ئەشکەوتە دەیانوت ئەم ئەشکەوتە سیحری لێ کراوە و هەرکەسێک بچێتە ناوییەوە نەخۆش دەکەوێت.[1]