کاتێک کە ئەرمەنەکان دێنە ناو جەرگەی کوردستانەوە
ساڵی 87پ.ز، میتریداتی دووەمی پاشای پارتە ئەشکانییەکان مرد. لەسەر چۆنییەتی جێگرتنەوەی، ئاژاوەیەکی گەورە لەناو بنەماڵەی دەستەڵاتدار بەرپا بوو. ئەمە هەلێکی باشی، بە پاشای هەرە بەناوبانگی ئەرمەنستان، واتا تیگرانی دووەم (95-55پ.ز) دا، تا کەڵک لەم بۆشاییەی دەستەڵات وەربگرێت و کەوشەنی دەوڵەتەکەی، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو فراوان بکات. ئەو زوو، دەستی بەسەر پۆنتوس، لە کەناری دەریای ڕەشدا داگرتبوو.
تیگران، ساڵی 87پ.ز، بە سوپاکەیەوە، بەرەو باشوور داکشا. سەرەتا ناوچەکانی مادی گەورە و بچوکی گرت، تا گەیشتە پایتەختی جارانی ماد، واتا شاری ئاکباتانا، یان هەمەدان. ئینجا بەبێ بوونی لەمپەڕ و بەرگریی، لەوێوە ڕووی کردە خواروی ڕۆژاوا و ناوچەی کوردۆنی داگیرکرد. ئەم جارە ڕووی کردە ناوچەی ئەدیابنە (ئوربێلا، هەولێر). ئینجا بەرەو شنگال، نسێبین و ڕوها هات و دەستی بەسەر داگرتن. میری (سلوکیا)، کە دوا دەستەڵاتی گرێکەکانی سەردەمی ئەسکەندەری گەورە بوو لە ناوچەکە، هیچ چارەیەکی نەما، جگە لە بانگهێشتنی تیگران نەبێت، بۆ ئەنتاکە، تا تاجی (سلوکیا)ی لەسەر بنێت. ئەو ساڵی 83پ.ز، چووە ئەنتاکیا و تاجی (سلوکیا)ی لەسەرنا. لەوێشەوە تا باکووری ئیسرائیل چوو.
تیگران، لە ماوەیەکی زۆر کوورتدا، بووە خاوەنی کەوشەنێکی یەکجار پان و بەرین، کە نەک هەرگیز خەونی پێوە نەبینیبوو، بەڵکوو لە چۆنییەتی پارشەنگ ڕاگرتنی ناکۆکیی و کێشەکانی فەرمانڕەوایەتی هەموو ئەم ناوچانەش نەگەیشتبوو.
ئەمە چۆن هاتە پێش؟
لە سەردەمی جیهانگیریی تیگراندا، لە کەوشەنی پارتە ئەشکانییەکان، کە دوا دەستەڵاتی ناوچەکە بوون، هێشتا زمانێکی لە زمانی میدی بەجێماویان بۆ کاروباری دەوڵەتداریی بەکاردەهێنا و دواتر هەردوو زارەکانی کرمانجی سەرو و خوارو و چەند زمان و زاری دی لێ وەپاشکەوت. لەو سەردەمە تاریکەدا، چەند خۆ بە پاشازانێک، هاوکات و دژ بەیەک، فەرمانڕەواییان دەکرد. ئەوان لەبەر خەریک بوونیان بە ململانێی یەکدیی، هەموویان دانیان بە دەستەڵاتی تیگران نا.
هاوکات، کۆماری ڕۆمانەکانیش، کە فەرمانڕەوای ئاسیای بچووک بوون، تووشی کێشەی ڕاپەڕینی کۆیلان ببوو، بە ڕابەرایەتی سپارتاکۆس، بۆیە مەیدانەکەی بە چۆلی هێشتبووەوە و نەیدەپرژایە سەر ڕێگری کردن لە تیگران و هەر جەربەزەیەکی دی.
تیگران، لە خۆشی سەرکەوتنەکانی، بڕیاری دا تا نەگەڕێتەوە ئەرمەنستان، بۆیە لە میافارقینی نزیک شاری ئامەد (ئامەد)، شارێکی گەورەی، لەسەر شێوەی شارە هێلینییەکانی گرێکیی درووستکرد و ناوی لێنا تیگرانۆگراد و کردیە پایتەختی خۆی.
ئەو، جگە لەو دەیان هەزار ئەرمەنیانەی کە لە ئەرمەنستانەوە هێنانی، ژمارەیەکی زۆر یۆنە گرێکەکانی ناوچەکانی ئەنتاکییە و ئیزمیریشی هێنا و لەو شارەی نیشتەجێ کردن.
ئیمپراتۆریەتەکەی ئەرمەنیان زۆر نەژیا. هێزی ڕۆمانەکان لە ساڵی 69پ.ز، واتا تەنیا دوو ساڵ دوای تێکشکاندنی ڕاپەڕینی سپارتاکۆس، شاری تیگرانۆگرادیان گرت. بەشێکی هەرە زۆری ئەرمەنەکان، نەگەڕانەوە وڵاتی خۆیان و پەنایان بۆ ناوچیاکان برد و تا شەڕی یەکەمی جیهانیش، لەگەڵ کوردان ژیان و مانەوە.
ئەم سەردەمە کوورتەی جەربەزەییەکانی تیگران و بڵاوەپێکردنی ئەرمەنییان بەرەو باشوور و ڕۆژاوا، دواتر و لە سەردەمی بوژانەوەی بیری نەتەوەیی، لای نەتەوەپەرستانی ئەرمەنیی، ناوی لێندرا سەردەمی زێڕینی ئەرمەنستان. هەروەک سنوور و کەوشەن و شوێن پێ و سەرەسمی ئەسپی تیگران، لای ئەوان، بەتایبەت ئەو ئەرمەنییانەی لە ئەکسیل و ئاوارەیی دەژین، بووەتە ئەرمەنستانی گەورە و لە نەخشە خەیاڵیەکاندا، کەوشەنەکانی کێشراوە و زۆرجاریش داوای دەکەنەوە. (لاپەڕە 43).
لە پەرتووکی: #مێژوی ئارامییەکان لە کوردستاندا#
نووسەر: #شاسوار هەرشەمی#
#دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم# ، 1999
[1]