سەودایی سەری زلفە بە دایم لە سەرمدا
ئیمکانی نییە قەتعی خەیاڵە لە سەرمدا
ئەو تیرە کە هاویتییە دڵ ڕاستە سەری کرد
بنواڕە چ دەردێکی بە بەندی جگەرمدا
ئەو خاڵە ڕەشە تا نەبووە تانەیی چاوم
ڕووناکی نەبوو زەڕڕە لە نوقتەی بەسەرمدا
سەد خۆزگە دەهاتیتە تەماشایی ڕەقیبت
دوێنێ کە پەتم کرد و لەگەڵ سەگ بەشەڕمدا
دیواری گوڵستان قەفەسی بولبولی زارە
ئەو قاپییە جێمە چ حەپس بم چ بەرمدا
وەک هاتنە دنیایی ئەگەر چوونە قیامەت
ئێرەش سەقەرە بەس بە سەفەر دەردی سەرمدا
ئەو چاوە ئەسڵ بینە کە فرمێسکی خوێنە
دنیا گوهەرێکە لە دەریچەی نەزەرمدا
واعیز کە جەوازی مەییدا باری گرانی
هەڵگرت حەقە حەمدی کە کرێ باری زەڕمدا
پەرتووکی: #دیوانی حەمدی#
هۆزانەوان: #حەمدی ساحێبقڕان# [1][2]