جانانە بە ئەبرۆ خەبەری ماهی نەویدا
سوبحانە چ بەرقێ بوو بە یەک جیلوە بەویدا
زلفی کە بە تەحریکی هەوا ڕوومەتی پۆشی
وەمزانی فەلەک ڕەونەقی ڕۆژە بە شەویدا
گەر بێتە خەوم ڕۆحم ئەدەم هەر بە وەنەوزێ
سەیری چ ڕەواجێکە بە بازاڕی خەویدا
ئەو چنگە کە شابازی نیگاهی لە دڵی دام
کەی باز و هەڵۆت دیوە لەسەر سنگی کەویدا
ئادەم کە بڕی نرخی بەهەشت بۆ چی ڕەقیبت
ئەو قاپییە جەننەت بوو وەکوو کەر بە جەویدا
دەورێ بوو ڕەواجی مەی و مەیخانە نەمابوو
ئەو چاوە خومارانە بە مەستی بڕەویدا
دڵ لایقی زنجیرە خودا چاکی دەزانێ
سەندی کە لە حەمدی بەسەری زلفی ئەویدا
پەرتووکی: #دیوانی حەمدی#
هۆزانەوان: #حەمدی ساحێبقڕان# [1][2]