زالوی پزیشکی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 3500 ساڵ بەر لە ئێستا، بەکارهاتووە و سوودیان لێ وەرگرتووە بۆ چارەسەری و خۆپاراستن لە نەخۆشی، لە کوردەواری خۆماندا پێی دەڵێن: (زەرو، زالو، زێرو، کرمی خوێن مژ، زارو، زەلو، زاڵو).
لە سەدەی 17 لە ئەوروپا جارێکی تر چارەسەری بەزالوی پزیشکی سەری هەڵدایەوە، چەندین توێژینەوەی زانستی و پزیشکی لەسەر کراوە و سەلمێندراوە زالوی پزیشکی چەندین کەڵک و گرنگی هەیە بۆ تەندرووستی مرۆڤ.
پزیشکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی هەناوی (ئاندرێ زاڤینکۆڤ) لە وەڵامی پرسیارێکدا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: زالوی پزیشکی، بەهۆی ئەوەی ماددەی هیرۆدین لە پێکهاتەکەیدا هەیە، چڕی یاخود خەستی خوێن کەم دەکاتەوە، هەر بۆیە وەک چارەسەرێکی گرنگ و کاریگەر بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەری نەخۆشی، دەوالی لە قاچەکان، دەوالی گونەکان و مایەسیری، هەوکردنی زێی خانمان و گرێی شێرپەنجەی لە مەمکدا برینی شەکرە، ئازار، سڕبوونی جومگە، مەچەک و هەوکردنی لەوزە، کزبینی چاوەکان و زرینگانەوە یا زیکەزیکی گوێیەکان، جوانکاری پێستی ڕوخسار وەک، چەوری و زیپکە و لەکە و پەڵەی قاوەی.
ماددەی هیرۆدین کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە جەستەی زالوی پزیشکیدا، کەڵک و کاریگەریی و گرنگی خۆی هەیە بەتایبەت ڕێگری دەکات لە تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک، چونکە ماددەی هیرۆدین خوێن شل دەکات و ناهێڵێت خوێن خەست ببێتەوە لەجەستەدا.
پزیشکی هەناوی (ئاندرێ زاڤینکۆڤ) باس لەوە دەکات ئەو کەسانەی خوێنیان خەستە و ژانەسەری بەردەوامیان هەیە و تووشی بەرزە پەستانی خوێن بوون، یان جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک لێی داون، ئەوا دەتوانن لەجیاتی دەرمانی کیمیایی خوێن شلکردنەوە، زالوی پزیشکی بەکاربهێنن، کەڵک و گرنگی زۆر باشی هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازار بەگشتی لە جەستەدا، وە چارەسەرە بۆ خوێن خەستی، خوێن شل دەکاتەوە بەشێوازێکی سرووشتی.
پزیشکی پسپۆڕ (ئاندرێ زاڤینکۆڤ) ئاماژە بەوە دەدات کە پێویستە، پێش بەکارهێنان و ئەنجامدانی زالوی پزیشکی نەخۆش، چارەخوازەکە؛ پشکنینی ڕێژی خوێن ئەنجام بدات، تاوەکوو دڵنیا بێت خوێنی کەم نەبێت، نەخۆشی درێژخایەنی نەبێت، بەتایبەتیی نەخۆشییە گوازراوەکان، وە دەبێت ئەو دەرمانانەی بۆ شلکردنەوەی خوێن بەکاری دێنی دەبێت 24 کاتژمێر دەرمانەکە ڕابگرێت و نەیخوات، ئەگەر کەسێک نەخۆشی هیمۆفیلیای هەبوو یان خوێنی زۆر شل بوو نابێت و ناگونجێت زالوی پزیشکی بەکاربێنێت.
تێبینی: زالوی پزیشکی ڕێنمایی پزیشکی تایبەت بەخۆی هەیە، کات و شوێنی گونجاو و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ ئەنجامی بدەن و بەکاریبهێنن، ئەگەرنا بەهەڵە بەکارهێنان و ئەنجامدانی زالوی پزیشکی لای کەسانی نەشارەزا کە هیچ خول و ڕاهێنانێکی زانستی و کرداریان نەبینیوە و بەشێوازێکی هەڕەمەکی بەکاریدێنن بۆ نەخۆش، چارەخواز، بەدڵنیایی زەرەر و زیانی گەورەی دەبێت لەسەر تەندرووستی ئەو کەسە.
نووسینی: #کرێکار قادر# ڕووستایى
نووسەر و شارەزا لە بواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری. [1][2]
#22-04-2024#