قەڵای نارین، یان قەڵای کۆلا، یان قەڵای دەربەنت، قەڵایەکی کۆنە و لەلایەن ئیمپراتۆری کوردیی ساسانی لە شاری قەوقاز دروستکراوە. ئەم قەڵایە دەکەوێتە بەشی شاخاوی شاری دەربەنت لە داغستان.
قەڵاکە بە دوو دیواری گەورە و ئەستوور بە دەریای قەزوین (خەزەر)ەوە بەستراوەتەوە، کە دیارە ئەم دیوارانە دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارییەکانی پاش #ساسانییەکان# بۆ گرتنەوەی رێگای دەروازەی دەریای قەزوین بۆ ناو قەڵاکە دروستکراوە.
دەریای قەزوین لە سەدەی شەشەمی زایینیدا سنووری بەشی باکووری ئیمپراتۆرییەتی ساسانی بووە و حکومەتی ساسانی بۆ رێگریکردن لە داگیرکاریی هۆزەکانی سەرەوەی دەریای قەزوین بۆ ناو ئێران و سنوورەکەیان، ئەم قەڵایەیان بە کۆمەڵێک دیوار و شوورای پتەو و بەهێز دروست کردووە.
قەڵای نارین کە لە سەردەمی قوبادی یەکەم و دواتریش ئەنوشیروانی ساسانی لە سەدەی شەشی زایینی دروستکراوە، لە زۆر شوێن و لەسەر دیوارەکانی تابلۆی نووسین بە خەتی پەهلەوی هەیە، کە زمان و خەتی باوی سەردەمی ساسانییەکان بووە.
ئەم قەڵایە لە سەر تەپۆلکەیەک بە بەرزی 300 مەتر دروستکراوە، ئەمەش وای لێدەکات قەڵاکە سەختتر و بەهێزتر بێت.
لە کنە و پشکنینە شوێنەوارییەکان کۆمەڵێک شوێنەواری جیاواز دەست کەوتووە.
ناوی ئەم شارە لە بەڵگەنامە کۆنەکان بە واتای (دەروازەی قفڵکراو) دێت، کە دیارە ئاماژەیە بۆ پتەوی و سەختیی داگیرکردنی قەڵاکە.
لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم قەڵایە، زیندانە چاڵەکانییەتی کە لە جۆرە جیاواز و دەگمەنەکانی زیندانەکانە، بۆیە بەو شێوەیەش دروستکراوە تا بەندکراوەکان دەرفەتی راکردن، یان دەرچوونیان نەبێت.
ئەم قەڵایە بە درێژایی 700 مەتر لە ناو شاردایە، ئەستووری دیوارەکان لە بەشێکی قەڵاکە بە سێ مەتر و نیو و بڵندییەکەی بە 20 مەتر دەگات.
لەم قەڵایە چەند حەمامێکی کۆن دروست کراون کە تا ئێستاش شوێنەوارەکانیان بەجێماوە.
ئەم شاکارە مێژووییە لە ساڵی 2003 لە لیستی کەلەپووری جیهانی (یونسکۆ) تۆمارکراوە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!