مرۆڤی ئەشکەوتی شانەدەر و ناسنامەکەی
#سوداد ڕەسووڵ#
لەو ساڵانەی لە زانکۆی #سۆران# بووم و دەرسی کوردۆلۆجی و هەندێک بابەتی مێژووی کۆنی کوردم دەدایەوە، هەر کاتێک باسی ئەو مرۆڤە کۆنە دەکرا کە ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندەرتال لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، قوتابی هەبوو دەیپرسی: ئایا مێژووی ئێمە ئەوەندە کۆنە کە 40 بۆ 70 هەزار ساڵ پێش ئێستا کورد هەبووە؟ پێم سەیر بوو ئەو پرسیارەیان دەکرد، چونکە مرۆڤی پێش مێژوو، ئەگەر ئەمڕۆ نیشتمانی دیار بێت، بەڵام زمانەکەی دیار نییە، مرۆڤێکە زمانەکەی ڕیکۆرد نەکراوە و هیچ نووسراوێکیان لەپاش خۆیان بەجێ نەهێشتووە، ئێمە هیچیان لەسەر نازانین، دەکرێت تەنیا لە ڕێی ئەو کەلوپەلانەی بەجێیان هێشتووە بزانین چۆن ژیاون و باوەڕیان بە چی بووە، بەڵام مەحاڵە بزانین ئەوان لە ڕووی نەژاد و نەتەوە ئەمڕۆ سەر بە کام گرووپی ئەتنیکی و نەتەوەیین، ئەمە هەرچەندە ئەمڕۆ ئەم ئەشکەوتە و ئێسکەپەیکەری ئەم مرۆڤە لە کوردستان هەڵکەوتووە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە کە لە ساڵی 2019 لە کاتی هەڵکۆڵین لە ئەشکەوتی شانەدەر، ئێسکوپروسکی مرۆڤێکی 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا دۆزراوەتەوە، دواتر لە زانکۆی کامبریج ئێسکەکانی لێکدراوەتەوە و شێوەی مرۆڤێکییان لەسەر ئیسکەپەیکەرەکە درووستکردووە، وێنەی ئەم مرۆڤە کۆنە لای زۆر کەس وا بڵاو کرایەوە کە ئەمە کۆنترین مرۆڤی کوردە لە کوردستان!.
70 هەزار ساڵ پێش ئێستا مرۆڤ لە چاخی بەردین ژیاوە، لەم چاخە لە مێژوو، مرۆڤ ناسنامەی نەتەوەیی نەبووە، مرۆڤێکی بێ ماڵ و نیشتمان بووە لە ئەشکەوت ژیاوە، بۆیە نابێت ئێمە ئەم مێژووە بە ناسیۆنالیزم بخوێنینەوە و یەکسەر بیکەین بە کورد، ئەم مێژووە تەنیا بایەخی شوێنەواری بۆ مێژووی کۆنی کوردستان هەیە. هەروەها زۆر گرنگە ئەوەش ڕەچاو بکەین کە ئێمە ئەم مێژووە هەموو نەکەین بە موڵکی نەتەوەی کورد و ئەوەی لەسەر خاکی ئێمە دۆزرایەوە یەکسەر مۆرکێکی ڕەسەنایەتی کوردی لێ بدەین. خاکی مێزوپۆتامیا بە سەدان گەل و هۆزی و تیرەی جیاوازیی مرۆڤی پێدا تێپەڕیوە و نیشتەجی بووە، بە کوردناساندنی ئەم هەموو هۆز و تیرە زاگرۆسی و تۆرۆسییانە بێ هیچ بەڵگەیەکی زمانەوانی و مێژوویی، کارێکی یەکجار نازانستییە و هیچ خزمەتێک بە مێژووی کۆنی کورد ناکات. ئەگەر چەند وشەیەکی هاوبەشیش لەنێوان زمانی ئەو گەلانە لەگەڵ کوردی ئەمڕۆ هەبێت، ئەمەش نابێت بە بەڵگە بۆ ئەوەی ئەوان بکەین بە کورد، چونکە وشەکانی زمان بەهۆی بازرگانی لەنێوان هەموو گەلان ئاڵوگۆڕی کردووە، بۆیە ئاساییە زمانێکی سامی کۆمەڵێک وشەی سۆمەری تێدا بێت، یان سۆمەری کۆمەڵێک وشەی ئەکەدی تێدا بێت، دواتر ئەم وشانە گوێزراونەتەوە بۆ زمانانی دی، دەستاودەستی کردووە، ئەمڕۆ ئەم وشانە لەناو زمانی کوردی لەگەڵ سۆمەری و ئەکەدی و هووری و میتانی هاوبەشن، ئەمانە هەرگیز نابن بە بەڵگە کە ئەم هۆزە کۆنانەی نیشتەجێی ئەم خاکە بە ئەسڵ و ڕەچەڵەک کورد بن.
لێکدانەوە و بەراوردی زمانەوانی ئەم زمانە کۆنانە لەگەڵ زمانی ئەمڕۆ بابەتێکی یەکجار ئاڵۆزی زمانەوانییە، ئەگەر کەسێک پسپۆڕی ئەم زمانە کۆنانە نەبێت، شایەنی ئەوە نییە دەستی بۆ ببات و قسەی لەسەر بکات. [1]