زیاتر لە 300 هەزار ساڵ لەمەوبەر، #مرۆڤی نیاندەرتاڵ# لە ڕووسیاوە تا کەناراوەکانی زەریای ئەتڵەسی بڵاوببوونەوە، تا ئەو کاتەی نزیکەی 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر بەشێوەیەکی کتوپڕ لەنێوچوون.
کەللەسەری ژنە نیاندەرتاڵێک کە ساڵی 2018 لەلایەن تیمێکی زانکۆی کامبریجی بەریتانی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، دەبێتە سەرچاوەی تێگەیشتنی نوێی جیهان بۆ ژیانی نیاندەرتاڵەکان و بابەتی بەڵگە فیلمێکی نوێی نێتفلێکس کە کۆتایی ئەم هەفتەیە بڵاوکرایەوە.
د. ئێما پۆمیرۆی، پسپۆڕی مرۆڤناسیی کۆن دەڵێت: ئێسکی کەللەسەرەکە زۆر بە خراپی شکاوە لەبەر ئەو هەموو بەردانەی بەسەریدا کەوتبوون، هەروەها بەهۆی قوورسایی خۆڵەکە. ئەوەی دەیناسینەوە شەویلگەی خوارەوەیەتی، هەروەها هەندێک لە ددانەکان کە شکاون. پارچەیەکی دیکەی شەویلگەکە لێرەیە.
کەللەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ بووە و لەنێوەڕاستی چلەکانی تەمەنیدا مردووە. شێوەی کەللەسەرەکە کە دۆزرایەوە، هیچ پارچە ئێسکێک لە شوێنی خۆی نەمابوو.
ئێسکوپروسکەکە هەر بەمشێوەیە هەڵگیرا و بە مۆڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بردرایە بەریتانیا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. دوای کارێکی سەخت و هۆشیارانە، ئێسکەکان ڕێکخرانەوە و کەللەسەرێکی نوێیان لێ درووستکرد.
پاشان لە ڕێگەی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووەوە، بە شێوەی سێ ڕەهەندی ڕووخساری بۆ درووستکرایەوە و ئەم ژنەی لێ دەرچوو (لە ڤیدیۆکە بیبینە) کە ناوی نراوە، شانەدەر زێت و بووەتە تەوەرێکی سەرەکیی بەڵگەفیلمەکەی نێتفلێکس.
بەوەش جارێکی دیکە، شانەدەر بووەوە بە سەرچاوەیەک بۆ مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی باشتر بزانن شێوەی باوباپیرانی کۆنیان چۆنبووە، چیان کردووە و چۆن ژیاون.
پسپۆڕێکی دیکەی مرۆڤناسیی کۆن دەڵێت: ئێرە ئەو شوێنەیە کە باوباپیرانمان بۆ یەکەمین جار بە نیاندەرتاڵەکان ئاشنابوون، ڕەنگە لێرە منداڵانی ساوایانیشیان لەگەڵدا بووبێت. بۆیە بەشێکی زۆر گرنگی ڕابردووی خۆمان و مرۆڤی نیاندەرتاڵەکانیشە.
یەکەمجار لە جیهاندا، پاشماوەی نیاندەرتاڵ لە ساڵی 1830 لە بەلجیکا دۆزرایەوە. زانایان وا بیریاندەکردەوە نیاندەرتاڵەکان مرۆڤی سەرەتایی بوون و شێوازی ژیانیان زۆر سەرەتایی بووە.
لە ساڵی 1951، کاتێک بۆ یەکەم جار ئێسکەپەیکەری 9 پیاو و ژن و منداڵی نیاندەرتاڵ لە شانەدەر دۆزرانەوە، جیهان بۆی دەرکەوت کە نیاندەرتاڵەکانیش مرۆڤی ئاڵۆز و ژیر و خاوەن نەریتی ئایینی کۆمەڵایەتی بوون، چونکە ئەو ئێسکە پەیکەرانە، هەموویان بە یەک شێواز بەخاکسپێردراون و یەک ڕووگەیان هەبووە.[1]