ناونیشانی بابەت: 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە
لە بەڵگەفیلمێکی هاوبەشى نێوان (نێتفلیکس) و کەناڵى (بى بى سى)، بەناوی (نهێنییەکانی نیاندەرتاڵەکان)، پەردە لەسەر ڕووخساری ژنێکی نیاندەرتاڵ لادرا، کە بە شێوەی سێ ڕەهەندی دروست کراوەتەوە و لە پێکهاتەکەیدا پشت بە ئێسک و پرووسکی ئەو نیارندەرتاڵە بەستراوە، کە لە #ئەشکەوتی شانەدەر# لە #هەرێمی کوردستان# دۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی شوێنەوارناسان، جەستە و ڕوخساری نیاندەرتاڵەکە لە پارچە ئێسکەکانی ئەو ژنە نیارندەرتاڵە دروست کراوە، کە ناوی (شانیدار ز) لە ساڵی 2018 لە ئەشکەوتی شانەدەری هەرێمی کوردستان دۆزرایەوە، کە ڕەنگە کەسانی دەوروبەری ڕێوڕەسمی پرسە و ماتەمینییان بۆ گێڕابێت. توێژینەوەکان لە ساڵانی 1950ەوە دەریانخستووە، کە نیاندەرتاڵەکان مردووەکانیان لە ئەشکەوتەکاندا دەنێژن و ڕێوڕەسمی پرسەیان بۆ بەڕێوە دەبەن و تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕەکەیان دادەنێن، بۆ ئەوەی پشوو بدەن.
بەڵگە کۆکراوەکانی شوێنەوارناسان لە ئەشکەوتی شانەدەر، سەرەتا زۆر ئاڵۆزتر بوون، بۆ ئەوەی ڕووخساری ئەو ژنە نیاندەرتاڵە دروست بکەنەوە، بە تایبەتی لە مامەڵەکردن و کارکردن لەگەڵ ئێسک و پرووسکەکان، کە لە شانەدەر دۆزراونەتەوە. زاناکان دەڵێن، ئێسکی کەللەسەرەکە وەکوو پسکویتی ناو چا ناسک بووە و بەزەحمەت توانیویانە پارچەکان هەڵکەنن و جیایان بکەنەوە.
دروستکردنەوەی ڕووخساری ژنە نیاندەرتاڵەکە دەرەنجامى پڕۆژەیەکى فراوانى زانکۆى کامبێردجە، بە هاوبەشى لەگەڵ زانکۆى ئۆکسفۆرد و هەشت زانکۆى دیکە لە فەڕەنسا و دانیمارک.
دکتۆر ئیما پۆمێرۆی، لە بەشی شوێنەوارناسیی زانکۆی کامبرێج دەڵێت: نیاندەرتاڵەکە کۆمەکێکی گەورە بە ئێمە دەکات، تاوەکوو بتوانین لێکۆڵینەوەی زیاتر لە باوانەکانمان بکەین.“
گوتیشی: ”ئەو ڕووخساری دروست کراوە ئەوە پیشان دەدات، کە ئەو جیاوازییانە لە ژیاندا ئەوەندە توند نەبوون.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ڕەنگە ئاسانتر بێت بزانین پرۆسەی زاوزێ چۆن لە نێوان جۆرەکانماندا ڕووی داوە، تا ئەو ڕادەیەی، کە نزیکەی هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لە ژیاندان، هێشتا دی ئێن ئەی نیاندەرتاڵییان هەیە.
نیاندەرتاڵەکان بە باوانە کۆنەکانی مرۆڤ دادەنرێن و 40 هەزار ساڵە لە ژیاندا نەماون، ئێستا بەهۆی هەوڵی زانایانەوە، کە نێتفلێکس کردوویەتی بە بەڵگەفیلمێک، دەتوانین شێوەی نیاندەرتاڵەکان بناسین.
لە ساڵی 1950 لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی کوردستان، لانیکەم پاشماوەی 10 پیاو و ژن و منداڵی نیاندەرتاڵ دۆزرایەوە.
ئێسکەپەیکەری ئەو ژنە پێنجەم ئێسکەپەیکەرە، کە لەناو کۆمەڵێک تەرمدا بدۆزرێتەوە، کە لە کاتێکی هاوشێوەدا لە هەمان شوێندا و لە پشت بەردێکی دوو مەتر بەرز لە ناوەڕاستی ئەشکەوتەکەدا نێژراون.
ئەشکەوتی شانەدەر بە یەکێک لە شوێنەوارە هەرە گرنگەکانی جیهان دادەنرێت، بەو پێیەی تێڕوانینی زانایانی گۆڕی سەبارەت بەوەی، کە نیاندەرتاڵەکان تەنیا مرۆڤی سەرەتایی نەبوون، بەڵکوو ڕێوڕەسمی ئایینی و ناشتنیشیان هەبووە و هەندێک لە توێژینەوەکان دەریان خستووە، کە خاوەنی ئایینی تایبەت بەخۆیان بوون.
هەروەها توێژەران شوێنەواری خۆراکی سووتاویان دۆزیوەتەوە، لەوانە پارچەی تۆوی کێوی و گوێزی کاربۆنی لە خاکی دەوروبەری کۆی جەستەکاندا، ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە ڕەنگە نیاندەرتاڵەکان خۆراکیان بە ئامادەبوونی مردووەکانیان ئامادە کردبێت.
گرایم بارکەر، پسپۆڕی شوێنەوارناسی، کە سەرکردایەتیی هەڵکۆڵینەکانی ئەشکەوتەکەی کردووە، دەڵێت: دۆزینەوەکانمان دەریدەخەن، کە ڕەنگە نیاندەرتاڵەکانی شانەدەر بیریان لە مردن و پاشهاتەکانی کردبێتەوە، بە شێوەیەک، کە ئەوەندە زۆر جیاواز نەبوون لە نزیکترین ئامۆزای پەرەسەندوویان.
بەڵگەفیلمەکەی نێتفلێکس بە ناونیشانی نهێنییەکانی نیاندەرتاڵەکان بەڵگە فیلمێکە بەدواداچوون بۆ نیاندەرتاڵەکان دەکات، کە 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر لەناو چوون. لە فیلمەکەدا کەللەسەرێکی تێدایە، کە بە شێوەی سێ ڕەهەندی لەسەر کەللەسەرێکی ڕاستەقینە دروست کراوە، کە هی ژنە نیاندەرتاڵێکە لە ئەشکەوتی شاندەری هەرێمی کوردستان دۆزراوەتەوە.
سەرچاوە:bbc
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە![1]