ناونیشانی بابەت: دووەمین دیداری ئەشکەوتی شانەدەر سازدەکرێت
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بڕیارە دووەمین دیداری شانەدەر لە #ئەشکەوتی شانەدەر# لە قەزای #مێرگەسۆر# ئەنجام بدرێت، کە نوێنەری #حکوومەتی هەرێمی کوردستان# لەگەڵ تیمی زانکۆی کامبێردجی بەریتانی، لە پرێسکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، بەشێوەیەکی زانستی، زانیاریی دروست سەبارەت بە دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ بۆ ئامادەبووان و دەزگەکانی ڕاگەیاندن بخەنە ڕوو.
لەمبارەیەوە، #سۆران ئەمیر#، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گەشتوگوزاری قەزای مێرگەسۆر، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند، بڕیارە بەم نزیکانە دووەمین دیداری ئەشکەوتی شانەدەر لە ئەشکەوتی شانەدەر لە قەزای مێرگەسۆر ساز بکرێت، کە لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی #سۆران# و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران و فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، ئامادەکایی کراوە، لە دیدارەکەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی زانکۆی کامبێردجی بەریتانی، لە پرێسکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی بۆ دەزگەکانی ڕاگەیاندن، بەشێوەیەکی زانستی، زانیاریی دروست سەبارەت بە دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ باسی لێوەبکرێت.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی گەشتوگوزاری قەزای مێرگەسۆر، گوتیشی: بۆ گفتوگۆی زیاتر و ئامادەکاریی بۆ دیدارەکە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە بەشداریی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامی مێرگەسۆر و بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران و شوێنەواری مێرگەسۆر، سەردانی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارمان کرد، کە کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووریش ئامادەی دیدارەکە بوو.
ئاماژەی بەوەش دا: لە دانیشتن و دیدارەکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر کرا، هەروەها ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە دۆزینەوەی ئەو ئێسکەپەیکەرەی ئەم دواییانە (#شانەدەرz#) گفتوگۆی لەبارەوە کرا.“
ئەشکەوتی شانەدەر لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، بەدووریی 122کم دەکەوێتە باکووری شاری هەولێر، لە بەشی باشووری دامێنی #چیای برادۆست# هەڵکەوتووە، پێش هەزاران ساڵ مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەو ئەشکەوتەدا ژیاوە، بۆیە بە لانکەی ژیانی مرۆڤ دادەنرێت.
ئەشکەوتەکە شێوەیەکی سێگۆشەیی هەیە، بەرزییەکەی 18مەترە و درێژییەکەیشی 40 مەتر و پانییەکەی 27 مەترە، لەناوەوە فراوان دەبێتەوە تا دەگاتە 60 مەتر، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1951-1961 لەلایەن رالف سولیکی هەڵکۆڵینی تێدا کراوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا چوار چینی شوێنەواری ژمارەیەک ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ و کۆمەڵێک کەلوپەلی بەکارهێنانی لەبەرد دروستکراو دۆزرانەوە، کە دەگەڕانەوە بۆ سەردەمی بەردینی کۆن، دوایین ئێسکەپەیکەریش لە ساڵی 2018 دۆزرایەوە و دوای لێکۆڵینەوە زانیستییەکان دەرکەوت، کە هی ئافرەتێکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 75 هەزار لەمەوبەر.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!