سیاهگل.. (سیاﮪ گول) پەرستگەی سەردەمی ساسانییەکان
سیاهگل، گاومیشان، یان گاە میشان، پەرستگەیەکی کۆنی ئایینیی #زەردەشت#یی تایبەت بە سەردەمی ساسانییەکانە، کە دەکەوێتە شاری ئیڤان، لە گوندی سەرتەنگ لە پارێزگای #ئیلام#. ئەم ئاتەشکەدەیە دەکەوێتە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە گوندی سەرتەنگ سەفلی و لەکەناری ڕووباری گەنگیر.
ئەم شوێنەوارە ئایینییە پەنجەرەیەکی چوارگۆشەی هەیە، کە قەبارەکەی 5x5 مەتر و بەرزییەکەی نزیکەی 10 مەتر دەبێت. تیرەی دیوارەکانی یەک مەترە، چاڵێکی ئاگرینی هەیە و لە بەشی سەرەوەشدا کون هەیە، کە ڕەنگە بۆ دەردانی دووکەڵی ئاگر بەکار بهێنرێت. ئەم بینایە لە بەرد و گەچ درووستکراوە و تەلارسازییەکەی پەیوەندیی بە سەردەمی ساسانییەکانەوە هەیە.
ئاتەشکەدەکە دەکەوێتە کەناری باشووری ڕووباری (گەنگیر)، بەدووریی نزیکەی 700 مەتر لێیەوە و کەوتووەتە دەشتێکی بچووکەوە، کە دەوروبەری پێکهاتووە لە زەویوزارێکی فراوانی بەپیت، کە بە ئەگەری زۆرەوە و بە وتەی سەرچاوەکان، ڕەنگە زەوییە کشتوکاڵییەکان سەر بە خودی ئاتەشکەدەکە بووبن.
ئاتەشکەدەی سیاهگل، چوار دەروازەی هەیە، کە ڕوویان لە چوار ئاڕاستەی سەرەکییە و هاوشێوەی پەرستگای زەردەشتیی سەردەمی ساسانییەکانە لە شاری #قەسری شیرین#. لە بەردەم ئەم ئاتەشکەدەیە بەردێکی درێژ هەیە، کە بەرزییەکەی نزیکەی 12 مەتر و تیرەکەی 6 مەترە. ئەم بەردە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێی دەگوترێت (سان یەری). بەردێکی دیکە، کە بەرزییەکەی کەمترە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی خۆیەوە، بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەواوە تووشی داخوران بووە.
هەڵکەوتەی جوگرافیای ئەم ناوچەیە نزیکە لە کانێکی خەڵووزەوە و خاکی ڕەنگ تۆخی هەیە. ئەو گڵەی لەو خاکەوە بەرهەم دێت ڕەنگەکەی تەواو ڕەشە، هەر ئەمەشە وایکردووە ناوی ئەم ناوچەیە سیاهگل (گڵی ڕەش)ی لێ بنرێت.[1]
ئەم بابەتە لەلایەن #ڕۆیا سەردار# ئامادەکراوە.
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!