ناونیشانی بابەت: مۆزەخانەیەکی هاوشێوەی لۆڤەر لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری #هەرێمی کوردستان#، باس لە دروستکردنی مۆزەخانەیەکی هاوشێوەی مۆزەخانە جیهانییەکانی وەک لۆڤەر، لە کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە #16-05-2024#، #کەیفی مستەفا#، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: بەپێی نووسراوێکی #ساسان عەونی#، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاماژە بە ناوەڕۆکی نووسراوی دەستەی وەبەرهێنان، داوا کراوە کاری پێویست و تایبەت بە دروستکردنی پڕۆژەی مۆزەخانەی گەورەی شوێنەوار، بە بڕاندی جیهانیی وەک لۆڤەر، لە هەر سێ پارێزگای #هەولێر# و #سلێمانی# و #دهۆک# بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆپۆزەڵی سەرەتایی کارەکەن.
بە گوتەی کەیفی مستەفا، کردنەوەی مۆزەخانەیەک بەپێی ستاندەرە جیهانییەکان لە هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی لە بواری شوێنەوارییەوە خزمەتێکی گەورە بە هەرێمی کوردستان دەکات، دەرفەتی هەلی کار و چالاکییش بۆ کەسانی دیکە دەڕەخسێنێت.
لە هەرێمی کوردستان، لە هەر سێ شاری هەولێر و دهۆک و سلێمانی، مۆزەخانەی تایبەت بە مێژوو و شوێنەوار هەن، مۆزەخانەی سلێمانی، لە ئاستی عێراقدا دووەم مۆزەخانەی گەورەیە، کە هەزاران پارچە و کەلوپەلی شوێنەواری لەخۆیدا گرتووە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!