ئەسکەندەرى مەقدۆنی و ئەڕستۆی فەیلەسوف
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
دەرێن وەختی خۆی کە ئەسکەندەری مەقدۆنی لەشکرکێشی لۆ داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی دونیا دەستپێکرد، بە وراتەکیدا تێپەڕی شەعبەکی سەیر و سەمەرەی دیت. هەرچی هێنا و بردی سەری لە میللەتی ئەو وراتەی دەرنەکرد. لۆیە هەستا نامەیەکی لۆ ئوستازەکەی خۆی نووسی لە یۆنان کە فەیلەسوفی گەورە ئەڕستۆ بوو، لۆ ئەوەی پرس و ڕای پێبکا کوو لەگەر ئەو میللەتە معامەلە بکا. لەنامەکەیدا لۆ فەیلەسوفەکەی نووسی: مامۆستای گەورەم مام ئەڕستۆ، لەو حەملەیەی بەرەو شەرق دەستمپێکرد بوو گەیشتمە وراتەکی تووشم بوو بە تووشی میللەتەکى سەیر وعەجایب بووە هەر چەندی دەکەم لێیان تێناگەم. بەڕاستی میللەتەکی عەجیب و غەریبن. باجم لەسەریان زیاد کردیە، ملیان شۆڕ دەکەن بەمەمنونییەوە باجەکانم دەدەنێ!. کارەبایان لێ دەبڕم، نیوەی معاشیان دەدەنە موەلیدەی گەڕەک و هیچ دەنگیان لێوە نایە!. ئاویان دەکەمە سێ ڕۆژ جارەک، دەچن لەبازاڕ بە تانکەر ئاوی خواردنەوە دەکڕن!. شەق لە مامۆستاکانیان هەردەدەم، هیچ ناکەن بەس لەفەیسبووک پرۆفایلەکانیان دەکەنە ڕەسمی ئەو مامۆستایە!. بە ڕاستی گەورەم ئەڕستۆ سەرم لێیان دەرناچی.. درۆیان لەگەر دەکەم هەموویان چەپڵەم لۆ لێدەدەن! نەفتەکەیان دەدزم و یەک قەترەیان نادەمێ، بەو سەرمایە دەچنە بن بەتانییەکانیان!. غازیان لێدەبڕم ئاگریان نییە شیوی پێبکەن، دەچن لەگەردی بەیانەوە تاکوو ئێوارە کشومات لەسڕڕەی غازی ڕادەوەستن!. گەنجەکانیان دەگرم و دەیانخەمە کونجی زیندانەوە، بابەکانیان دەرێن دەستی ئەسکەندەر خۆشبی لۆ قسەی پێ دەرێن!. منداروتاری سەر جادەکانیان دەکەمە مەسئول، دەرێن شایەنیانە کوڕی ئەربابن!. پیاوە زیرەک و عاقڵەکانیان دەردەکەم، دەرێن ئەوانە پیاوی زەمانی قۆپچەن!.
بەڕاستی ئوستاز سەرم سووڕمایە لەو میللەتە نازانم چییان لێبکەم؟. لەوەش خۆشتر، دەچییە ناو شارەکانیان عاجباتی زۆرتر دەبینی. کارەبایان نییە کەچی قادرمەی کارەبایی درووست دەکەن!. ئاویان نییە، نافورەی ڕەنگاوڕەنگ لەشارەکانیان قییت دەکەنەوە!. دوکاندارەکان ئەشیایان لەسەر ڕەسیفی دانایە، ناو دوکانەکانیشیان چۆڵ و هۆڵە!. خەستەخانەی حکومیان هەیە، دەرمانی تێدا نییە!. دەرمان ئیستیراد دەکەن، نیوەی ئیکسپایەرە!. خواردن هاوردە دەکەن، نیوەی ماوەی بەسەرچووە!. شەریکاتیان هەیە، کارمەندەکانیان خەرکی بێگانەن، گەنجەکانیشیان لە چایخانەکان بێ ئیش دانیشتینە!.
لۆ معاشەکانیشیان پاشەکەفتی دەکەم و نایاندەمەوە، دەنگ ناکەن!. ڕوبعەک معاشیان دەبڕم، هەر مەمنونن!. دەیکەمە چل ڕۆژ جارەک دەرێن خوا نەیبڕێ!.
چت لۆ باس بکەم مامۆستا ئەڕستۆ، ئەو میللەتە بەهیچ میللەتەکی دونیا ناچێ، ئەوجا سەرباری هەموو ئەو شتانەش چار سار جارەک ئینتخابات دەکەن، دیسان دەنگم پێدەدەنەوە. لۆیە قەرارمدا ئەو میللەتە بگوازمەوە وڵاتەکی ئەوڕوپی بەشکوو هەندەک عەقڵیان بێتەوە سەر و فێری ژیان ببن.. نازانم ئوستازی گەورەم ئەتوو چ دەرێی؟.
پاش ماوەک ئەڕستۆی فەیلەسوف وەرامی ئەسکەندەری دایەوە و لۆی نووسی: کوڕی بابم نەکەی ئەو غەرەتەی بکەی ئەوانە بگوازییەوە وراتەکی ئەوروپی چونکی ئەوێش دەکەنە زبڵخانە و کیشوەرەکەش تێکدەدەن. وازیان لێبینە خۆت هیلاک مەکە لەگەریان، کوو هەتا ئێرەیان هینایە با لۆخۆیان لێخۆڕن. ئاخر کوڕی چاک بەلاش نەگۆترایە (خوا هەتا کێوی نەبینی بەفری تێناکا). [1]
باقی وەلسەلام ...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!