جیلە ئاڵتونى و ئەڵماسییەکەى #هەولێر#
نووسینی: #شێرازد شێخانی#
ئەمن یەکەم کەس بووم کە وەسفى (ئاڵتونى)م دایە جیلەکەى خۆمان و جیلى باب و باپیرانیشم بە (ئەڵماسى) وەسف کرد. لە کۆمێنتى هەندەک برادەرانى جیلى ئێستادا مولاحەزەم کردیە، بەشەکیان بەخیلیمان پێدەبەن و هەندەکیش ئەو وەسفانەیان پێناخۆشە!. تەبعەن ناحەقیشیان ناگرم، چونکە لەسەردەمى مەدا نەژیاینە و نازانن وەزع و حارى میللەت و کۆمەڵگەمان کوو بووە، خەرکى ئەو زەمانە کوو ژیاینە، ئەخلاق و ئادابیان چۆن بووە. با لێرەدا هەندەک شتى ئەو سەردەمەتان لۆ باسکەم هەر لۆ بەرچاو ڕوونى ئەوانەى پێیان زۆرە ئەو وەسفانە بدەمە جیلەکانى پێش خۆیانەوە.
زۆر باسى وەزعى کۆمەڵگەى ئەو سەردەمەم کردیە، کە چەندە تەندرووست بووە لەرووى خزمایەتى و دۆستایەتى و سییلەى ڕەحم و چاکە و پیاوەتى و خێروخێرخوازى و عیلاقەى جیرانەتى و برادەرایەتى و خواناسى و دەستپاکى و داوێنپاکى و دەمپاکى خەرکەکەى. با ئەو جارەیان باسى هەندەک شتتان لۆ بکەم لەرووى مەنهەجى پەروەردەوە کە لەمەکتەب فێریان دەکردین و بووە بناغەى پەروەردەى جیلەکەمان.
مەنهەجى خیندن لەمەرحەلەى ئیبتدائییەوە دەستیپێدەکرد، کە بێجگە لەوەى فێرى خیندن و نووسینیان دەکردین، حەفتەى جارەک مندارانى مەکتەبیان لە پۆلەکانیان دەردەهێنا و دەیانبردنە سەرجادەکان لۆ ئەوەى فێریان بکەن کوو یارمەتى پیاوە پیرەکان بدەن لە پەڕینەوەیان لەسەر جادەکان!. مانگى جارەک بەجلکى کەشافەوە دەریان دەهێنان و دەیانبردنە چۆڵەوانییەکان لۆ ئەوەى فێرى کارى جەماعى ببن. ڕۆژانە مامۆستا تەفتیشى دەست و پەنجەکانمانى دەکرد لۆ ئەوەى فێرمان بکات بەخاوێنى ڕایانگرین و دەستەسڕ هەرگرین.
لەرووى مەنهەجەوە لەمەرحەلەى متەوەستەوە دەچووینە ناو جیهانەکى فرەوانەوە. کتێبى تاریخى پۆلى یەکى متەوەستە بەقەدەر ڕۆمانەکى گەورەى عالەمى ئەستوور بوو. هەر لەئینسانى نیاندرتاڵەوە دەستى پێدەکرد هەتا سەدەى بیستەم و هاتنى ئینگلیز لۆ داگیرکردنى عێراق. دەبایە هەموو ڕووداوەکانى تاریخ بخینین هەر لەدەرکەوتنى ئینسانەوە هەتا سەردەمى ئیسلام و خەلیفەکان و سەلجۆقى و بوەیهییەکان و ئیمپراتوریەتى عوسمانى!. کتێبى جوغرافیا دەبایە بزانین لەچ فەسڵەکدا باران لەئەرجەنتین دەبارى، سوودان کەتیتە سەر کام خەتى ئیستوا، عاسیمەى پیرۆ کێندەرە!. دەبایە ئەوانەمان هەموو بزانیبایە ئەگەر نا لەدەرسەکان دەرنەدەچووین. لەدەرسى عەرەبى دەبایە لانی کەم بیست قەسیدەى شیعریمان لەبەر بێ، دەبایە سەرف و نەحوو و قەواعیدى زمانى عەرەبى هەمووى بزانین. مەنهەجەکان ئەوەندە قوورس بوون، ئەگەر خۆمان زۆر ماندى نەکردبایە ناجیح نەدەبووین، لۆیە کتێب خیندنەوە لۆمە زادى ڕۆژانەمان بوو، بەو سەقافەتەوە پێگەیشتین لۆیە مستەواى تەلەبەیەکى دەرچووى ئیبتدائى جاران لە تەلەبەى جامیعەى ئێستا بەرزترە.
ئەو سەردەمە بێجگە لەکتێبى مەکتەب دەبایە هەر یەکەمان پەنجا شێست ڕۆمان و کتێبى گەورە نووسەرانى جیهانیشى خیندبیتەوە، چونکە عەیب بوو خیندەوار بى و موسەقەف نەبى، ئێستا ملیۆنان کەس خیندەوارن بەس موسەقەفیان تێدا زۆر دەگمەنە. دەرچووى جامیعە هەیە نازانى عەریزەیەک بنووسى!.
ئەوە بەنیسبەت خۆمانەوە، کە باسى جیلى ئەڵماسیش دەکەم، مەبەستم باب و باپیرانمانە. ڕاستە زۆربەیان کاسبکار بوونە و لەمەکتەب نەیانخیندبوو، بەڵام ئەوانە پیاوى سەڕاست و دەستپاک و موحتەڕەم بوونە و هەر یەکە و مەدرەسەیەک بوونە لەپەروەردەکردن. ئەوانە جیلى #مەلا ئەفەندى# و ئەحمەد عوسمان و #ڕەشاد موفتى# و عزەدین مەلا و #مەسعود محەمەد# و عزەدین فەیزى و #عومەر ساقى# و هادى چاوشلى و #ئیحسان شێرزاد# و #هاشم عەبدوڵڵا# و نازم سەعید ئاغا و دکتۆر عەبدولڕەزاق دەباغ و پوڵسى سەیدەلیە شیمال و عەزیز مەولود و ناسیح داود و موسا عەبدولسەمەد و عەزیز خاکى و بەشیر ئەفەندى و کەمال عەبدولسەمەد و مەدحەت محەمەد سفوەتن. باسى جیلى حاجى نامیق بەقال و تەها بەزاز و حەیدەرە کەچەڵ و #پیرباڵ قەساب# و سەید سەلیم و تاقى بابا و حاجى مستیل و عەبۆ قاوەچى و ئەمین چایچى و جەلال خەلیل و حاجى یاسین و تەحسین پۆدرە و حاجى حیکمەت دەکەم. باسى مامۆستا #تاهیر تۆفیق# و #مشکۆ# و #عەلى مەردان# و پیرباڵ مەحمود و بورهان جاهید و جەواد پیرداود و ئەسکەندەر عوسمان و مام یاسین و حاجى مەعرووف کەبابچى و خارە حەمە و مەمەدە شێت و سەلیم قاقا دەکەم. ئەوانە و سەدانى تریان کە لێرەدا جێگاى ناوهێنانیان نابتەوە، ئەوانە جیلى پێش ئێمە بوونە کە هەموو جوانییەکى دونیایان تێدا بووە.
لە کاتى ڕووخانى جەیشى عوسمانى و کشانەوەیان لە هەولێر، داوا لەخەرکى موسڵمانى هەولێر کرا وەکى جینۆسایدى ئەرمەنییەکانى تورکیا قەتلوعامى مەسیحییەکانى #عەنکاوە# بکەن. بەڵام لەو دەمەدا جەنابى مەلا ئەفەندى دەرگاى قەسرەکەى لەباداوە کردەوە لۆ هەزاران کەسى مەسیحى لۆ ئەوەى لەلاى خۆى بیانپارێزى. مزگەفتى قەڵا ببووە پەناگەى سەدان عائیلەى عەنکاوە. محەمەد ئەفەندى موفتى هەولێر فەتواى حەرامکردنى دەستدرێژى کردنە سەر هەر مەسیحییەکی دەرکرد و بەوەش ژیانى هەزاران خەرکى شارى هەولێرى لە کوشتن و لەناوچوون ڕزگار کرد. کاک ئێحسان موفتى کوڕى ڕەشاد ئەفەندى قازى هەولێر دەگێرتەوە لەسارانى حەفتایەکان لەگەر بابى ڕەحمەتى چوونە تازییەى قەشەیەکى برادەرى بابى لەکەنیسەکى عەنکاوە و کاتى نوێژ هات، جوبەکەى خۆى داکەند و لەناو کەنیسەى مەسیحییەکان هەریخست و نویژى خۆى کرد، ئەوەش لەناو هەموو هەولێریەکان دەنگى دایەوە.
یەک بەخۆم لەدائیرە مۆزەفەکمان لەگەردا بوو ناوى جەودەت یوسف عەزیز بوو، سارانەک پێکەوە بووین نەمزانى ئەو برادەرم مەسیحییە، ئەوە ناوەکەى تەماشا بکەن کەس گومان دەکا ئەوە مەسیحى بى. ئاخر ئەمە ئەوها دەژیاین، دە ئێستا بڕۆن تەماشاى ئەو خەرکە بکەن کە ڕدێنیان نیو مەتر درێژە و لەسەر شاشەى تەلەفزیۆن بەناوى ئیسلامەوە خەرکى موسڵمان کافر دەکەن و خینیان حەڵاڵ دەکەن!.
لەبەر ئەوەیە برایان جیلەکانى ئەو سەردەمە بە ئەڵماس و ئاڵتونم ناساندیە، چونکە ئەوان شاییستەى ئەو ناوانە بوون. [1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!