دکتۆرای هەیە لە ئەدەبی جیهانی، بەڵام حەز ناکات بە دکتۆر بانگی بکەن، تەنانەت حەز ناکات ناوی ڕاستەقینەشی بهێنن، بە 'باڤێ نازێ' ناسراوە و هەر ئەو ناوەش لەسەر بەرگی ڕۆمان و کوورتە چیرۆکەکانییەتی.
باڤێ نازێ نووسەرێکی ناسراوی کوردە، ساڵی 1986 کە ئۆلف پاڵمە، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی سوید تیرۆر کرا، ئەو بە کوشتنەکەی تۆمەتبار کرا، لەسەر ئەو ڕووداوە ڕۆمانێکی بە ناوی 'ستۆکهۆڵم تۆ چیت بینیوە بیڵێ' نووسیوە. دواجار نەخۆشییەکەی فریای کەوت و لەو تۆمەتەی درابووە پاڵی، بێتاوان دەرچوو.
باڤێ نازێ دەڵێت: هەشت مانگ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردم. جارێکیان لە کۆمەڵەی کوردان هەبوو، وتم پۆلیسی سویدی مێشکیان نییە، وتیان بۆچی؟ وتم نەخۆشیی دڵم هەیە، ئەو قادرمەیەی بکوژەکە بەسەریدا سەرکەوتبوو 150 پلیکانە بوو. من چۆن دەتوانم پێیدا سەربکەوم، وتیان باڤێ نازێ کاخەزەکانت لەلایە لەبارەی ئەو نەخۆشییە؟ وتم بەڵێ. وتیان باشە تۆ مێشکت نییە، یان سویدییەکان نییانە. تۆ چۆن تا ئێستا پێشانت نەداون. دەستبەجێ تەلەفۆنییان بۆ پۆلیس کرد، وتیان با بیهێنێت. دوای ئەوەی کاخەزەکانم پیشان دان و ئەوانیش تەماشایان کرد، پاسپۆرتەکەیان دامەوە و لێکۆڵینەوە تەواو بوو.
دلبخوین دارا لە شاری دهۆک، هەڤپەیڤێنێکی لەگەڵ باڤێ نازێ کردووە، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
ڕووداو: ئەمڕۆ میوانێکی تایبەتم هەیە. میوانێکی زۆر تایبەتە، ماوەیەکی زۆرە دەمویست هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ بکەم، باڤێ نازێ، ڕۆماننووسێکی ناسراوە، نووسەرێکی ناسراوە، وەرگێڕێکی ناسراوە، هەتا نەڵێی باڤێ نازێ کەس نایناسێت. بە هەندێک بەرهەم زۆر ناودار بووە. یەکێک لەو بەرهەمانەی پێی ناودار بووە، ستۆکهۆڵم تۆ چیت بینیوە بیڵێ. ڕۆمانێکی دیکەش کە زۆر ناسراوە چیاکانی بە خوێن ئاودراون. ڕۆمانی ستۆکهۆڵم تۆ چیت بینیوە بیڵێ باسی چیرۆکی خۆی دەکات. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی باڤێ نازێ ی ڕۆماننووسی کورد لە ساڵی 1986 دا بە کوشتنی ئۆڵف پاڵمە سەرۆکوەزیرانی سوید تۆمەتبار کرابوو. زۆر مژارمان هەیە ئەمڕۆ لە دهۆک لەگەڵ باڤێ نازێدا گفتوگۆ بکەم. باڤێ نازێ بەخێر هاتی.
باڤێ نازێ: خێری خودا لە تۆ بێت. زۆر بەختەوەرر دەبم بتوانم بەگوێرەی هەستی خۆم هەڵوێستی خۆم دەرببڕم.
ڕووداو: دەزانی هەردەم مەراقم بوو تۆ ببینم و هەڤپەیڤینێکت لەگەڵ بکەم، بەڵام تۆ ونیت باڤێ نازێ. تۆ ونیت، لە کوێیت؟ بۆچی ونیت؟ بۆچی ئێمە تۆ نابینین؟
باڤێ نازێ: لەوەتەی 78 ڕۆمانم بڵاوکراوەتەوە هەتا ئەمڕۆ...
ڕووداو: بەر لە 46 ساڵ؟
باڤێ نازێ: 46 ساڵ.
ڕووداو: یەکەمین ڕۆمانت 46 ساڵ بەر لە ئێستا نووسراوە؟
باڤێ نازێ: بەڵێ، بەڵێ ڕاستە. سەرنجراکێشترین شت ئەوەیە، تەنیا یەکجار لە باتمان 20 ساڵ بەر لە ئێستا بانگهێشتکرام وەک میوانی شەرەف. لەوە بترازێ بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک لە بواری زمان ئەدەب، ڕۆمان، کوورتەچیرۆک نەکراوم، ڕۆژێک لە ڕۆژان کەس بانگهێشتی نەکردووم بۆچوونی خۆم بڵێم، نە لە باکوور، نە لە باشوور، نە لە ڕۆژاڤا و نە لە هیچ شوێنێک. لەبەر ئەوە من بە تەنیام. تەنیایی منیش وا دەکات تووشی زۆر گرفت بم، دەتوانم هەندێکیان چارەسەر بکەم و هەندێکیانم پێ چارەسەر نەکرێت. هەندێکجار لە ژیان دوورم دەخاتەوە و هەندێک جاریش پڕم دەکاتەوە، ئەوە پرسێکی تایبەتە و نامەوێت لەسەر پرسی تایبەت بدوێم. من دەمەوێت ئەو شتەی زۆرتر بۆ من بە ئازارە باسی بکەم، پرسی زمانی ئێمەیە.
ڕووداو: کەوابوو، تۆ تووڕەیت لەبەر ئەوەی بانگهێشت ناکرێیت؟ تووڕە بوویت؟
باڤێ نازێ: نا بابەتەکە تووڕەبوون نییە. بۆ نموونە تۆ باسی کوشتنی سەرۆکوەزیرانی سویدت کرد. سویدییەکان ویستیان فیلمێک لەسەر من بەرهەم بهێنن و بەرهەمیشیان هێنا. ئەوە 40 ساڵ بوو، لە 86 ەوە دەکاتە نزیکەی 38 ساڵ. 38 ساڵە ڕۆژێک لە ڕۆژان نە ڕۆژنامەڤانێکی کورد، نە تەلەڤزیۆنێکی کورد نەهاتووە و لێی نەپرسیووم باڤێ نازێ تۆ چۆن تۆماتبار کرای بە کوشتنی سەرۆکوەزیر، ڕۆژێک ئەو پرسیارە نەکراوە. ئەمە چۆن وا دەبێت؟
ڕووداو: ئەو پرسیارە دەکەم. ئەوە زۆر گرنگە ئەو پرسیارەت لێدەکەم. ڕۆمانەکەت بەناوی ستۆکهۆڵم تۆ چیت بینیوە بیڵێ...
باڤێ نازێ: چۆن هزی ڕۆمانەکەم بۆ هات کە بینووسم، تێدەگەیت؟
ڕووداو: ئەوە زۆر گرنگە.
باڤێ نازێ: ئەو شتانە وا دەکات ئازار بچێژم. ڕۆمانێکم هەیە لە ساڵی 1983دا دەستم بە نووسینی کرد و لە 2016 تەواوم کرد. 33 ساڵە من دەمەوێ بەسەرهاتی خۆم بنووسمەوە، بۆ ئەوەی نووسەرانی ئێستا تێبگەن چییە؟ چ ئازارێک هەیە؟ چ کۆسپێک هەیە؟ ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕۆژنامەڤانانی کورد ئەو پرسیارەیان لە من نەکرد تاوەکوو بتوانم ئەم گوتانە بڵێم، ئەوە ئازاربەخشە بۆ من.
ڕووداو: یەکێکی دیکە لە ڕۆمانە ناسراوەکانی باڤێ نازێ مردووی حەرام ە. مردووی حەرام ئەویش زۆر سەرنجڕاکێشە. با ئەوەتان پێ بڵێم، باڤێ نازێ 9 ڕۆمانی نووسیوە. دوو پەرتووکی کوورتەچیرۆکی نووسیوە، هەروەها لە بیرتان نەچێت باڤێ نازێ دکتۆرای لە ئەدەبیاتی جیهاندا هەیە، بەڵام خۆی وەک دکتۆر ناداتە پێش. تۆ ڕۆماننووسیت و حەز ناکەیت کەس پێت بڵێ دکتۆر.
باڤێ نازێ: حەز ناکەم بڵێن دکتۆر، باڤێ نازێ م.
ڕووداو: با بێینە سەر بابەتێک کە بەلاتەوە زۆر گرنگە قسەی لەسەر بکەیت، ئەویش زمانە. زمانی کوردی. تۆ دەڵێیت زمانی کوردی لە مەترسیدایە و وەک پێویست خزمەت نەکراوە، کورد لە یەکدی تێناگەن؟
باڤێ نازێ: نا
ڕووداو: کێشەی زمانی کوردی چییە، باڤێ نازێ؟
باڤێ نازێ: کێشە و ئاریشەی هەرە گەورە بۆ زمانی ئێمە ئەوەیە، کە ئەو ڕەگەزانەی پێویستە بۆ ئەوەی زمانی ئەدەبی لەسەر بنیات بنرێت لای ئێمە هێشتا درووست نەبووە. بیری لێ بکەوە، بۆ ئەوەی باڵەخانەیەک درووست بکەی، چوار دیواری پێویستە. زمانی ئەدەبیش چوار ستوونی هەیە. ئەو چوار ستوونە بۆ زمانی ئەدەبیی ئێمە تا ئێستا بنیات نەنراوە. ئەو چوار ستوونە چین؟ ئەلفبێی یەکگرتوو، پەیوەست بەو ئەلفبێیە ڕێنووسەکەیەتی، لەگەڵ شێوازی دەربڕینی گوتەکان بەو جۆرەی دەخوازرێت. یەکێتیی ڕێزمان، فەرهەنگێک بۆ داهێنان و وەرگێڕ. هەموو ئەدەبی جیهان، زمانی ئەدەبی ئەووروپی بەرلەوەی زمانیان یەکبخرێت و ببێت بە ستاندارد، لە وەرگێڕانەوە دەستی پێ کردووە. لەبەر ئەوە ئێمە ئەلف و بای یەکگرتوومان هەیە؟ نەخێر، ڕێزمانێکی یەکگرتوومان هەیە؟ نەخێر. فەرهەنگێکی یەکگرتوومان هەیە؟ نەخێر. وەرگێڕی سیستماتیکمان هەیە؟ نەخێر. کەوا بوو زمانێکی ستانداردمان نییە. ئێمە دەبێت لە زمانی یەکدی بگەین، ئەگەر فەرهەنگێکمان هەبێت لە یەکدی تێدەگەین. ئێستا ئەگەر فەرهەنگێک لە چوار زاراوەی ئێمە درووست بکرێت، لە ئاییندەدا لە یەکدی تێدەگەین.
ڕووداو: کێشە لەنێو شێوەزارە کوردییەکاندا کێشە هەیە؟
باڤێ نازێ: مەبەستم ئەوەیە کاتێک دەڵێم، شێوەزار، کرمانجی، سۆرانی، زازاکی و هەورامییە. لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانەی ئێستا کە هەیە، ئینتەرنێت و مۆبایل هەیە، ئەو نووسینانەی دەنووسرێن، هیچیان لە یەک ناچن.
ڕووداو: بەڵام وەکوو جاران نییە باڤێ نازێ. لە جاران زۆر باشترە.
باڤێ نازێ: بڕوانە، هەندێکجار گوتەکانت دەبڕم. پڕۆفیسۆرێکمان هەبوو، وتارێکی لە گۆڤارێکدا بڵاوکردووەتەوە. وتارەکەی لەسەرەتا تاوەکوو کۆتایی یەک خاڵی هەبوو.
ڕووداو: ئەو مرد.
باڤێ نازێ: من پێموت چ دوژمنایەتییەکت لەگەڵ خاڵدا هەیە؟ بیر بکەوە، ئەو کەسە بووە سەرۆکی لیژنەی زانستی لە پەڕڵەمانی کوردستان.
ڕووداو: مادام باسەکەت هێنایە سەر شێوزاری کوردی، هەورامی لە مەترسیدایە؟ لەبەر ئەوەی ئێستا بە هەورامی زۆر نانووسرێت و ناخوێندرێتەوە، مەترسی لەسەر نەمانی شێوەزاری هەورامی هەیە یان نییە؟
باڤێ نازێ: دەزانی کاک دڵبخوین داوای لێبووردن دەکەم کە باس لە بوارێک بواری من نییە. بواری من ئەدەبە، زمانناس نیم.
ڕووداو: ڕاستە.
باڤێ نازێ: کاتێک دەستم بە نووسینی ڕۆمانی دووەم کرد لە ساڵی 1983 دا قارەمانەکەم کەسێکی نەزانی لادێیی بوو کاتێک دەڵێت پەپووک ڕەبەنێ و دەگری، کە بە عەرەبی نووسیم، نووسیم یالەلهەول دەزانی یالەلهەول بە زمانێکی عەرەبی پەتییە. یەکسەر پێنووسەکەم دانا، کچی کورد وتی یالەلهەول، پەپووک ڕەبەنێ، وتم نا، لەمڕۆ بەدواوە چیدیکە بە عەرەبی نانووسم، بە کوردی دەنووسم. لێرەوە دەستمپێکرد و خۆم فێری کوردی کرد. سەرنج بدە چیاکان بە خوێن ئاودراون لە ساڵی 1978 بە زمانی عەرەبی چاپکرا، بە زمانی ڕووسی لە 1981 چاپکرا، بە زمانی کوردی لە 1988 . بۆیە داوای لێبووردن دەکەم، چەتۆ و گولێ سەرەتا بە عەرەبی قسەیان کرد، دواتر بە ڕووسی و ئینجا بە کوردی قسەیان کرد. بۆیە کاتێک من ڕۆمانەکەم کردە کوردی و ناردم بۆ سوید، بە سەعیدی هاوڕێ و ئامۆزام وت بیخوێنەوە بزانە چۆنە. وتی خوێندمانەوە، زمانەکەی هەڵەی زۆری تێدایە. وتم نا، هیچ هەڵەیەکی زمانەوانی تێدا نییە. وتی چۆن؟ وتم یەک هەڵەی تێدا نییە خۆم نووسیومە و دەزانم. دوای شەش مانگ کە هاتمە سوید و دوای ساڵێک کە ئەو شتانەی بۆم ناردبوون خوێندمەوە، ڕستەیەکی ڕاستی تێدا نەبوو. ڕستەیەکی درووستی نەبوو نە لە بواری ڕێنووس و نە لە بواری ڕێزماندا. ئەو مرۆڤەی نەزانە، نەزانی خۆی نابینێت. پرسی سەرەکی ئێمە ئەمەیە. ئەمڕۆ لە بواری زماندا من زمانناس نیم، پێویست ناکات ئێستا نەزانی خۆم بە بینەران پیشان بدەم، بەڵام ئەو بوارەی چوومەتە نێوی و لێکۆڵینەوەم لەسەر کردووە زمانی ئەدەبی پێویستە چۆن ستاندارد بکرێت.
ڕووداو: باڤێ نازێ، تۆ لە ساڵی 1986 دا بە کوشتنی ئۆڵف پاڵمە سەرۆکوەزیرانی سوید تۆمەتبار کرابوویت، بۆچی؟
باڤێ نازێ: سێ مانگ بەرلە کوشتنی ئەو، ڕۆژنامەڤانانی سویدی بڵاویان دەکردەوە، کە کورد ئۆڵف پاڵمە دەکوژن. لەبەر چی؟ لەبەر ئەوەی کاتێک پەکەکە هاوڕێکانی خۆی کوشتن و سوید بە تیرۆریستی ناساندن، ئەوانیش گوایە هەڕەشەیان کردووە، لەبەر ئەوەش ئەو قسانە کران. لە پاڵمەیان پرسی کورد دەتکوژن، خۆت دەپارێزیت؟ وتی نا. ئێمە شاندی خۆمان نارد بۆ لای ڕۆژنامەڤانانی سویدی و وتمان بۆچی ئەو پڕوپاگەندانە لەسەر ئێمە دەکەن، شتێکی لەو جۆرە نییە. وتیان ئێمە وڵاتێکی دیموکراسین و چیمان بوێت دەینووسین. کاتێک پاڵمە کوژرا، بەبێ بەڵێ و نەخێر ئەو باوەڕە لەلای خەڵک درووست بوو، کە کورد پاڵمەی کوشتووە. لەبەر ئەوە دیارە ئەوانەی بکوژەکەیان بینیبوو پرسیاریان لێکردبوون شێوەی چۆن بوو؟ ئەو شێوەیەی کێشایان بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان دا نزیک بێت لە کورد. وێنەی درووستکراوی ئەو کەسەی لە تەلەڤریۆنەکاندا بڵاویانکردەوە کۆپییەک بوو لە من. کاتێک دراوسێکەم دەموچاوی بینیم ڕاستەوخۆ تەلەفۆنی بۆ پۆلیس کرد و وتی بکوژەکە لەلای منە. منیش ئەو ڕۆژە کە پاڵمە کوژرا بڕیارم دابوو لە ماڵەکەی بچمە دەرەوە، چونکە کەسێکی زۆر خراپ بوو. لەوێ پێموت ئەمڕۆ هەینییە دەڕۆم و دووشەممە دێمەوە کەلوپەلەکانم دەبەم. هەر بۆیە ڕۆژی دووشەممە کە چووم بۆ ئەوێ، کردی بە هاوار و وتی من مەکوژە، پۆلیس بەدواتدا دەگەڕێت. گەورەترین هەڵە کە لایەن کوردەوە بەرانبەر بە من کرا، چییە؟ دەستنووسی ڕۆمانەکەم چیاکانی بە خوێن ئاودراونبوو، کاتێک تایپ دەکرا من شوێنەکەم نەدەناسی، ئەو ژمارە تەلەفۆنەی کە هەبوو لێم پرسی شوێنەکەت لە کوێیە و چۆن بۆت بهێنم؟ پۆلیس لە منی پرسی ئەو ژمارەیە هیی کێیە؟
ڕووداو: پۆلیس تۆیان گرت؟
باڤێ نازێ: دەفتەرەکەمیان بە تەواوەتی برد و کاتێک لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردم. کاتێک چووم و ڕاستەوخۆ تەلەفۆن بۆ پۆلیس کرا و پۆلیس هات و لێکۆڵینەوەیان کرد. لێیان پرسیم ئەمە ژمارە تەلەفۆنی کێیە؟ وتم ببوورە دەتوانم تەلەفۆنی بۆ بکەم. وتیان فەرموو. تەلەفۆنم بۆ کرد وتم تۆ کێیت؟ وتی ئەی من میوانی فڵانە کەس بووم، تۆ پەرتووکەکەی خۆت هێنابوو. وتم بەڵێ بەبیرم هاتەوە، سوپاس. پێموتن من ڕۆمانەکەی خۆم بردبوو و بۆم تایپ بکەن، حاڵ و مەسەلەکە بەو شێوەیەیە. چەند ڕۆژێکی پێ نەچوو ئەو کەسە هات و وتی باڤێ نازێ داوای لێبووردنت لێ دەکەم.
ڕووداو: کورد بوو؟
باڤێ نازێ: وتم بۆچی؟ وتی پۆلیس لێی پرسیوم باڤێ نازێ دەناسیت؟ گوتوومە نایناسم.
ڕووداو: کورد بوو؟
باڤێ نازێ: کورد بوو. گوتبووی نە بینیومە و نە دەیناسم. بەو هۆیەوە پۆلیس گەیشتە ئەو بڕوایەی بکوژ منم.
ڕووداو: بکوژ تۆی.
باڤێ نازێ: ڕۆژنامەڤانانی سویدی بەمدواییانە پێیانوتم ئەو ئەگەرەی وایکرد کە دەستگیرنەکرێیت، ئەو کەسە بوو کە ئێوارەکەی لە ماڵەکەیان بوویت. لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرد، تۆ گوتت ئێوارەکە لە فڵان ماڵ بووم. پشتڕاستیدانکردەوە کە شەو لەوێ نووستووی.
ڕووداو: دەستگیرنەکرایت؟
باڤێ نازێ: هەشت مانگ لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا کرا. سویدییەکان دیموکراسییەتیان لەوەدا بوو.
ڕووداو: هەشت مانگ؟
باڤێ نازێ: هەشت مانگ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردم. ئەو ئەگەرەی وایکرد ئازادم بکەن چی بوو؟ جارێکیان لە کۆمەڵەی کوردان دانیشتبووم، وتم پۆلیسی سویدی مێشکیان نییە، وتیان بۆچی؟ وتم نەخۆشیی دڵم هەیە، ئەوسا دڵم نەخۆش بوو، ئەو قادرمەیەی بکوژەکە بەسەریدا سەرکەوتبوو 150 بلیکانییە بوو. من چۆن دەتوانم پێیدا سەرکەوم. وتیان باڤێ نازێ کاخەزەکانت لەلایە لەبارەی ئەو نەخۆشییە؟ وتم بەڵێ. وتیان باشە تۆ مێشکت نییە، یان سویدییەکان!. تۆ چۆن تا ئێستا پێشانت نەداون. دەستبەجێ تەلەفۆنیان بۆ پۆلیس کرد، وتیان با بیهێنێت. دوای ئەوەی کاخەزەکانم پیشان دان و ئەوانیش تەماشایان کرد، پاسپۆرتەکەیان دامەوە و لێکۆڵینەوە تەواو بوو.
ڕووداو: دوای ئەوەی خەڵکی پێیانوابوو کە تۆ بکوژی ئۆلف پالمەیت، دەتتوانی بچیتە دەرەوە و هاتوچۆ بکەی؟
باڤێ نازێ: خۆی مەسەلەکە لێرەدایە، دۆست و هاوڕێیانم بە منیان گوت، مەترسی هەرە گەورە ئەوەیە، ترسیان ئەوە بوو کە میتی تورکیا بمکوژن. گوایە کورد خۆیان یەکدییان کوشتووە، بۆیە بە منیانوت ئەگەر لە دەرگەی ماڵەکەتیان دا، دەرگەیان لێمەکەوە، ئاگات لە خۆت بێت، بە تەنیا هاتوچۆ مەکە. بەڵام شتێک کە نەیهێشت من ئازار بکێشم، 3ی ئادار لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا کرا، 8ی ئادار دەستم بە ڕۆمانەکەم کرد، لە ستۆکهۆڵم چیت بینی.
ڕووداو: هەر خۆت قاڕەمانی ڕۆمانەکەی؟
باڤێ نازێ: بە تایبەت ئەم پرسە زۆر لە جێی خۆیەتی..، هەر بەرهەمێکی ئەدەبی کە هەیە، بێگۆمان بەشێکی ژیانی نووسەرەکەی تێدایە، ئەمە هیچ گومانێکی تیدا نییە.
ڕووداو: باڤێ نازێ ئێستا سەردان و هاتوچۆی سوید دەکەیت؟ ئایا قەدەخەت لەسەر هەیە بچیتە سوید؟
باڤێ نازێ: ڤێزەیان نەدا بە من. نەیاندا نا، پرسێک کە دەمویست لەسەری بدوێم لە ڕۆمانەکەدا، پرسێک لە ژیانمدا هەیە، بۆچی؟ مژارێکی سەرەکی هەیە، کە زۆر هەوڵم داوە پێشانی بدەم، ئەویش ئەوەیە، ئەورووپییەکان هەرچەندە خۆیان وەک دیموکراتی و شارستانی ناوزەد دەکەن، بەڵام دڕەندەیی هەرە گەورەی سەردەمی نزیک لەلایەن ئەوانەوە کراوە. دوو شەێی گەورەی جیهانی کە لە ساڵی 1914 و 1939 دەستی پێ کرد، 70 ملیۆن کەس بە دەستی ئەوان کوژران. وتم، هەرچەندە ئێمە قژمان ڕەش بێ و دڕندە بین، بەڵام ئەوەندە مرۆڤمان نەکوشتووە. ئەو دایکەی کە ئەو ستەمەی بینیبوو، لە شەش ساڵیدا بێکەس مایەوە، هەموو ئەندامانی خێزانی کوژران لە کۆمەڵکۆژی ئەرمەنەکان.
ڕووداو: دایکت ئەرمەن بوو؟ لە کوێ ستەمی لێکرابوو و بۆچی؟
باڤێ نازێ: ئەرمەن بوو، لە 1915 لە کۆمەڵکۆژی ئەرمەنەکاندا هەموو ئەندامانی خێزانەکەی کوژران. دایکم دەگێرایەوە کە دایکی دەستی ژنێکی گرت و لێی پارایەوە و وتی، بیکە لە ڕێی خوادا کچەکەم ببەن (لەگەڵ خۆتان) با نەیبینێ چۆن دەمکوژن. دەیوت، لە زمانی (ژنەکە) تێنەدەگەیشتم، ژنەکە دەستی منی گرت و منی برد. دەیوت حەوت ڕۆژ لە کولانەی مریشکەکاندا ماومەوە، ئاو و نانیان پێدەدام، دوای حەوت ڕۆژ دەستی منیان گرت و منیان دەرهێنا. دەیوت، هەر شوێنەوارێک هەبوو ماچم دەکرد لەبەر ئەوەی پێموابوو شوێنەواری دایکمە. دەگێرایەوە کە دوای ئەوە منیان بردە ماڵی شێخی گوندەکە و لەوێ شێخەکە منی بەخێو کرد. لە 16 ساڵیدا شێخەکە زەواجی لەگەڵ دەکات و شێخەکەش مامی من بوو. دوای ساڵێک کە دایکم کوڕێکی دەبێت، شۆڕشی شێخ سەعید دەستپێدەکات، دوای تێکچوونی شۆڕشەکە، ئەو کەسانەی کە سەرکردایەتی شۆڕشیان کردبوو دەچنە گوندی مامم و ئەویش پێشوازیان لێ دەکات و ئەوانیان پاراست. سوپای تورکیا دەچنە نێو گوندەکە و گەماڕۆی دەدەن و 87 کەسی لەو گوندە لەسێدارە دەدەن، مامی منیش یەکێک بووە لەو کەسانە. دایکم لە تەمەنی 17 ساڵیدا بووە بێوەژن. باوکم وەک برای بچووک، هاوسەرگیری لەگەڵ دایکم کردووە.
دایکم بەردەوام چیرۆکەکەی بۆ ئێمە دەگێرایەوە و ئێمە منداڵ بووین و دەترساین، بە ئێمەی دەگوت، مەترسن، هەمیشە خەڵکی چاک لە خەڵکی خراپ زیاترن، تەنیا چاکە بکەن. ئینجا دەمەوێ ئەم چیرۆکە کە دایکم بۆ ئێمەی دەگێرایەوە، لە ڕۆمانەکەدا باسی بکەم، ئەو دایکەی ئەو هەموو ستەمەی بینیوە، ئەو دایکەی ئەوەندە میهرەبانە، ئایا کوڕەکەی دەتوانێت کەسێک بکوژێت؟
ڕووداو: دایکت پێیخوشبوو ببێت بە چی، داوای دەکرد ببێت بە چی؟
باڤێ نازێ: جارێک دایکم..، دایکم زۆرجار نەخۆش دەبوو، دایکم جارێک نەخۆش بوو، وتی کوڕم کەی دەبیتە پزیشک و چارەسەرم دەکەیت؟منیش وتم، دایکە نابمە پزیشک، دەبمە نووسەر و چیرۆکی ژیانت دەنووسمەوە.
ڕووداو: بوویت بە نووسەر و لەبارەی ژیانی دایکیشت نووسی..
باڤێ نازێ: بەڵی، یەکەمین پەرتووکیشم پێشکەشی ئەو کرد.
ڕووداو: باڤێ نازێ ژیانی تۆش زۆر سەرنجراکێشە بە ڕاستی، #عەرەبێ شەمۆ# ت بینیوە...
باڤێ نازێ: کەسێک هەیە کە نەمبینیبێ.. (بەپێکەنینەوە)، عەرەبێ شەمۆ لە ساڵی 1970دا هاتبوو بۆ شاری لینینگراد و من ئەو کات قوتابی بووم. قوتابییە کوردەکان، ویستمان عەرەبێ شەمۆ ببینین. ئەو کات ویستێکم هەبوو، من ڕۆژنامەڤانیش نەبووم، قوتابی بووم. ویستمان هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ بکەین، پرسیارەکانم ئامادە کرد و نووسیم بۆ خۆم و پرسیاری کۆتاییم ئەوە بوو، ئامۆژگاریت بۆ ئێمە چییە؟ وتی، کوڕەکانم بخوێنن، وتم ئامۆژگاریی دووەمت چییە؟ وتی، بخوێنن. وتم ئەوەی سێیەم چییە؟ وتی، بخوێنن.
ڕووداو: ئامۆژگاریت بۆ نووسەرە گەنجە کوردەکان چییە؟
باڤێ نازێ: یەکێک لە ڕەخنەکانی من لە یەکێتی نووسەران ئەوەیە، ئەرکی یەکێتی نووسەران چییە؟ لێکۆڵینەوە بکات لەوەی کە ئەو گەنجانە چی دەنووسن، لە چ ئاستێکدان و بە چ شێوەیەک دەتوانێت هاوکارییان بکات، واتە ئەو نووسینانەی کە دەنووسنەوە، پێویستە نووسەر بخوێنێت و هەر شتێک کە پێویست بێ بۆی دیاری بکات، کەموکوورتییەکانی بۆ دەستنیشان بکات، باشییەکانی چین، ئینجا ڕۆمانەکەی، چیرۆکەکەی بڵاو بکاتەوە. ئەو کاتەی قوتابی بووین هەموو ساڵێک ڕاگری کۆلێژ دەهات و دەیوت: ئەمساڵ دەتانەوێت کام نووسەر و شاعیر ببینن؟ دەمانگوت، فڵان و فڵانە نووسەر.. بەرهەمی ئەو کەسەمان دەخوێندەوە، ئەویش دەهات و پرسیارمان لێ دەکرد، ئەویش باسی لەوە دەکرد چۆن بووەتە نووسەر و چۆن ئەو کارە دەکات. ڕۆژێک لە ڕۆژان نە زانکۆی دهۆک، نە زاخۆ، هیچ زانکۆیەکی دیکە نەهاتن بڵێن، وەرە لە ساڵێکدا دوو جار، سێجار و چوار جار بۆ قوتابییەکان باسی چیرۆکی ژیانت بکە. چوون بوون بە نووسەر، چۆن دەستتانپێکرد، شتێکی وا نییە.
ڕووداو: بە گشتی بۆ گەنجان چی دەڵێیت، تەنیا بۆ گەنجان، لە دەرەوەی یەکێتی نووسەران و زانکۆکان؟
باڤێ نازێ: وتەی عەرەبێ شەمۆ دووبارە دەکەمەوە، خوێندن. سێ فاکتەر بۆ هەر نووسەرێک پێویستە، واتە نووسەرێک بۆ ئەوەی ببێتە نووسەر، دەبێت سێ شتت تێدا بەرجەستە بن، یەکێک لەو شتانە بەهرەیە، ئەو بەهرەیەی کە لە سرووشتەوە بۆی هاتووە، ئەوەی دووەم بەسەرهاتی ژیانییەتی، لە ژیانیدا چی بینیوە ئەوە گرنگە، ئەوەی سێیەمیش خوێندنی بەردەوام و بێ وەستان و خەباتی بێ وەستان لەسەرخۆی و بەرهەمەکانی. پێویستە ئەم هەر سێ تایبەتمەندییە لە نووسەرێکدا هەبن بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە نووسەر.
ڕووداو: زۆر سوپاس بۆ تۆ کە کاتت دا بە ئێمە و زۆر شتی نوێت باسکرد. دوایین شت کە بتەوێت باسی بکەی چییە؟
باڤێ نازێ: سوپاستان دەکەم کە دەرفەتتان بە من دا. ویستەکەم ئەوە بوو هەروەک لە پرسیارە سەرەکییەکەتدا پرسیت، کە هۆکاری نووسینی ئەو ڕۆمانەی کە 33 ساڵ کارم لەسەر کرد، چی بوو؟ ڕۆمانی مردووە حەرامەکانم لە 15 ڕۆژدا نووسی، یەکێکیان لە 33 ساڵدا و ئەوەی دیکە لە 15 ڕۆژدا. لە ستۆکهۆلم چیت بینی، لە شەش مانگدا نووسیم.
ڕووداو: باڤێ نازێ هێشتاش شت دەنووسیت؟
باڤێ نازێ: ساڵێکە نەمتوانیوە بنووسم، چوار کوورتە چیرۆکی نوێم نووسیوە، دوو شانۆم نووسیوە، بەنیازم هەندێک شتی دیکەش بنووسم. ئینجا دەتوانێت بیر لەو بکەیتەوە ئێمە چۆن دەتوانین لە ڕێگەی ئەدەبەوە، جیا لە ڕووداوەکان، ڕەسەنایەتی نەتەوەیی پێشان بدەین. چۆن؟ دەمویست ئەگەر کات هەبووایە، سێ شت دیار بکەم، ئەو وتنانەی کە تەنیا لە زمانی ئێمەدا هەن ئەوانە بەکار بێنم. وتەی 'پەپووک ڕەبەنێ' وایکرد واز لە زمانی عەرەبی بهێنم و شت بە زمانی کوردی بنووسم. کاتێک پڕۆفیسۆر شەرەف عەشیریان کۆچی دواییکرد، کوڕەکەی نەیوت مرد، وتی لێمان زیز بوو و ڕۆیشت.
ڕووداو: ئێستا کلە کوێ دەژیت؟ لە کوردستان یان لە ڕووسیا؟
باڤێ نازێ: زۆربەی کات لە ڕووسیام، ئێستا بە میوانی لە کوردستانم. کاتێک بمەوێ بنووسم پێویستیم بە کەشێکی تایبەت هەیە
ڕووداو: باڤێ نازێ، زۆر سوپاس، خۆشحاڵ بووم، هیوای تەندرووستییەکی باشت بۆ دەخوازم.
باڤێ نازێ: منیش سوپاستان دەکەم کە دەرفەتتان دا قسە بکەم.
داڕشتنەوەی هەڤپەیڤین: هەوار ئیسماعیل و سیان سۆما.[1]