مللەتى بەستەزمان
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
ئەنگۆ دەزانن ئەمە تاکە مللەتین لەسەر ئەو دونیایە کە حەنینمان دائیمەن لۆ زەمانى پێشانە. تەبعەن ئەوەش لەبەدبەختى و بێ وەزعى ئەوڕۆمانه. حەزمان لێیە بگەڕێینەوە زەمانى کۆن، هەر چەندە ئەو زەمان خەرکى بەعام فەقیر و فەقەراتیش بوون و لە زۆر شتیش مەحروم بوون، دەستیان بە زۆر شتیش نەدەگەیشت.
باوەڕ دەکەن لۆ دەرکردنى جنسیەى عێراقى دەبایە سەفەرى سێ ڕۆژیمان لۆ بەغدایێ بکردبایە یان بە هەژدە نەفەرییە سیکرابەکانەوە، یان بە قیتارە شڕوشەقەکەى مەحەتەى هەولێرەوە ئەوجا بە شەوو ڕۆژەکیش نەدەگەیشتینە بەغدا، لەوێش بەڕەزالەت لە ئوتێلە پیس و پڕ کێچ و ئەسپێیەکانى مەیدان و حەیدەرخانە چاوەڕێمان دەکرد هەتا سڕڕەمان دەهات و شەهادەى جنسیەمان وەردەگرت لۆ تەعینات لەدائیرەى حکومەت!
دەزانن ئەگەر خزمەکت لەخاریج بایە، لۆ تەلەفۆنەکى دەبایە بچیە بەریدى بەغداێێ لەوێوە تەلەفۆنى لۆ بکەى!
دەزانن هەتا ڕەسمى ملەوەنیش دەبایە دوو مانگ چاوەڕێت بکردبایە هەتا لەبەغدا لۆیان دەشوشتى و تەبعیان دەکرد، چونکى لەو هەولێرە گەورە و گرانەدا یەک موختەبەرى ڕەسمى ملەوەن نەبوو!
لەگەر ئەوەى وەکى گۆتم میللەت بەعام فەقیر و نەداریش بوون، بەس هیچ نەبى کەرامەتیان پارێزراو بوو. مامۆستا مەعاشى بیست دینار بوو، بەران وەکى پاشا دەژیا. باسى قەدر و قیمەتیشى ناکەم کە وەکى بابى خۆمان تەماشامان دەکردن.
مۆزەف مەعاشى 18 دینار بوو کرێى خانى دەدا و سەفرە و سیاحەى خۆیشى دەکرد و جلکوبەرگى لۆ منداریشى دەکڕى! کاسب ڕۆژانە نیو دینارى دەستدەکەت مارى پێ بەڕێوە دەبرد و ژنیشى لۆ کوڕەکانى دەهێنا.
تەلەفۆن تەنها لەمارى دەورەمەندان هەبوو، بەس کەسیان ماندى نەدەبوون ڕۆژى دە جار بچن جیرانیان بانگ بکەن ئەگەر تەلەفۆنیان لۆ بکرابایە.
سەیارە بەس لەلاى ئاغا و پیاوە گەورەکان هەبوو، ئەوانیش سایەقى تایبەتى خۆیان هەبوو، ئەو سایەقانەش وەکى بەشەک لەخێزانى خۆیان معامەلەیان لەگەر دەکرد.
وەستاى مەتعەم و فیتەرەکان، شاگردەکانیان وەکى مندارى خۆیان تەماشا دەکرد، فێرى سەنعاتیان دەکرد لۆ ئەوەى موستەقبەلیان تەئمین بکەن. هەندەکیان ژنیشیان لۆ شاگردەکانیان دەهینا.
ئەوجا وەرە ئێستا بەراوردەکى بکە و ببینە ئەو وراتەمان چەندە وێرانە.
ئەخلاق نەما، مەگەر لە دێرە شیعرەک یان لەناو کتێبەک!
ویژدان لەلاى هەندەک کاسب نەما زۆربەیان بوونە قۆڵبڕ و ساختەچى!
مەسئولان شعوورى ئینسانیان نەما و زگیان بەکەس ناسوتێ!
تەلەبەى زانکۆ دەبتە شاگردى مەتعەم، شاگردە فیتەر دەبتە ئامر فەوج و عەقید ڕوکن!
پیاوى بەئەخلاق زەلیل دەکرێ، کوڕى بەردەرکەى سینەماکان دەبنە ساحێب دەفتەر دۆلار!
حەقبێژەکان ئۆغر دەکەن، دەمشڕو درۆزنەکان دەبنە میوانى ڕۆژانەى سەر شاشەکان!
پێشمەرگە کۆنەکان بە ڕۆح و گیان دیفاعیان لەمیللەت دەکرد، ئێستا ئەوان عارەبانچین لەشیخەڵڵا، جاش و مەفرەزە خاسەکانیش بوونەتە مەسئولى پایەدار!
ڕاستە ئێستا هەموو شتەک مەیسەرە و ژیان ئاسانترە، بەس بەچ کەلک دێ کە درت خۆش نەبى لە هەموو لایەکى هەست بە زوڵم و زۆردارى بکەى.
بڕۆ لە هەر زەلامەکى ئەوروپى بپرسە، ئەرێ دونێ خۆشتر بوو یان ئەوڕۆ؟ پێت دەرێ ئەوە ئەتوو باسى چ دەکەى، کەینێ زەمانى کۆن خۆشتر بوو، ئەو وەختى هیچمان نەبوو ئێستا هەموو شتەکمان هەیە.
دە ئێستا بڕۆ عەینەن پرسیار لەپیرەمێردەکى تەسبیح فرۆشى پێش مزگەفتى خانەقا بکە، یەکسەر پێت دەرێ کوڕى بابم ئەتو باسى چ دەکەى، ئەو زەمانە خۆشەى جاران لەکێ، ئەو ماروێرانیەى ئێستا لەکێ!
ئەمە مللەتەکین وەکى میزى حوشتر دەگەڕێینە دواوە!
ئەرێ بە ڕاست ئێستاش نەمزانى لۆ میزى دەگەڕیتەوە دواوە، یان ئەو مەسەلەیەش هەر لۆ بەدبەختى مللەتەکەى مە گۆترایە.
ئا، لەبیرم چوو پێتان برێم، لەزەمانى مەدا قیتار هەبوو، ئێستا سکەکەشى نەمایە!
وەختى خۆى ئامانەشمان هەبوو، ئێستا گەراجەکەشى نەمایە!
ئۆرۆزدى و سوق مەرکەزیشمان هەبوو، ئێستا ئاسەواریشیان نەمایە. با لەوەش زیاتر برینتان نەکورێنمەوە.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!