شۆڕشى ژنانى #هەولێر#
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
هەتاکوو پێش ناوەڕاستى حەفتایەکان زۆر بەدەگمەن ژنان دەهاتنە دەرێ لۆ ئیشکردن. ئەو دەمانە یان پیرەژنەک لەناو بازاڕ کۆنە جلکى دەفرۆشت، یان ژنى گوندەکانى دەوروپشتى هەولێر مەنجەرە ماستیان دەهێنا و لەشێخەڵڵا لەپێش دوکانەکان دەیانفرۆشت. بەشەکى زۆر کەمى ژنان لەکارى وەزیفیدا دەردەکەتن وەکى موعەلیمە و دکتۆرە و سیستەرى خەستەخانە و وەزیفەى ترى حکومەت.
هەرچەندە لەو سەردەمەدا مەلا و فەقێ و سۆفى و ڕیشدارەکان تێکەرى هەڵسوکەوتى خەرکى نەدەبوون، مەلا ئیشى ئەوە بوو ڕۆژانى جومعان لەخوتبەکانى داوا لەخەرکى بکا خێر و خێرات بکەن و یارمەتى لێقەوماوان بدەن و چاکە و پیاوەتى بکەن و پاداشتەکەى لەلاى خواوە پێیان دەدرێتەوە. فەقێیەکانیش ئێشیان خیندنى ئەحکامى ئیسلام و عیلم و علومەکانى بوون، ڕیشدارەکانیش زۆربەیان کاسبکارى ناو قەیسەرى بوون. ئەوانە نەدەهاتنە سەر ڕادیۆ و شاشەى تەلەفزیۆن و فەتواى حیجاب و حەرامکردنى گۆرانى و چۆنیەتى چوونە ناو ئەدەبخانەوە بدەن!.
لە هەموو کوردستاندا بەس یەک مامۆستاى ئایینى هەبوو لەرادیۆ دەنگى لێوە دەهات، ئەویش مامۆستا مەلا عومەر #دیبەگە#یى بوو کە بەدەنگە خۆشەکەى ئامۆژگارى خەرکى دەکرد لۆ چاکە و پیاوەتى. ئاخر لەو سەردەمەدا خەرکى خۆیان بەحەیا و شەرم بوون، کەس حدودى ئەخلاقى تێنەدەپەڕاند، نە لەجلکوبەرگ، نە لەڕەفتار و هەڵسوکەوتدا. ژنان و کچان بەپێچە و عەباوە دەهاتنە بازاڕ زۆر کەم بەسفوورى دەبینران.
لەدواى ناوەڕاستى حەفتایەکان گۆڕانکارییەکى گەورە لە هەولێر ڕوویدا، ئەویش بە دامەزراندنى چەند مەعمەلەکى حکومى وەکى (مەعمەل جغارە، دەواجن، نەسیج، ڕووخام، مافوور، ئۆرۆزدى و سوق مەرکەزى) هتد .. ئەوانەش وایانکرد کچانى هەولێر بەلێشاو ڕوو لەو مەعمەلانە بکەن لۆ دامەزراندن. جا پێشتر ئەگەر لەو هەولێرە تەنها چاومان بەپیرەژنان و ژنى بەتەمەن بکەتبایە، لەدواى ئەو سارانەوە هەزاران هەزار کچى عازەب و جوانمان بە سفوورى لەناو بازاڕەکاندا دەدیت، ئیدى لەو سەردەمەدا کرانەویەکى زۆر گەورە ڕوویدا. جا لەبەر ئەوەى کۆمەرگەکەمان هەر خۆى کۆمەرگەیەکى تەندروست وئەخلاقبەرز بووە، قەت گێمان لەمەلا و خەتیبەکى مزگەفتى نەدەبوو باسى حیجاب و خۆشاردنەوە لەناو ڕەشمارى جلکى شەرعیدا بکاتن، خەرکى بەعام حدودى ئەدەبى خۆیان دەزانى و کەس بەچاوى نزم تەماشاى کچى خەرکى نەدەکرد. لەوانەیە جیلى ئێستا باوەڕ نەکەن ئەگەر برێم لەسارى شێستەکاندا کچە عازەبەکانى هەولێر هەموویان کراسى قۆڵ کوورتیان لەبەر دەکرد و هەتا سەر چۆکیشیان لاقیان لەدەرێ بوو، کەسیش لەکوڕانى گەڕەک و جیران و شاریش بە چاوى سووک تەماشایان نەدەکردن.
ئێستاش هەر چەندە دونیا زۆر پێشکەتییە و کۆمەرگەش گۆڕانکارى گەورەى بەخۆیەوە دیتییە، بەران دەبینى لەسەر شاشەى تەلەفزیۆنەکان ڕۆژانە هەندەک گەنج خۆیان کردیتە بانگخواز و وەکیلى خوا پێیان ناخۆشە کچى ئەو سەردەمە پێشبکەون گومانیشم لەوەدا نییە ئەگەر لۆیان بچتە سەر ناهێڵن ژن هەر لەمارەکەشى بێتە دەرێ.
ژن یەعنى ژیان، وەرە پەنجا زەلام بنێرە سەحرایەک بزانە بەبێ ژن یەک دەقە دەحەوێنەوە، هەر چەندە ئێستا وەرزى کۆرۆناشە، بەس وەڵڵاهى ژن بە دەمامکیشەوە هەر جوانە، یاڕەبى وراتمان هەر بەوانەوە ئاوەدان بیتن..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!