کەرەنتینە و فیرارى عەسکەرى
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
جاران نیوەى گەنجان بەبێ ئەمرى حکوومەت خۆیان لەماڵەوە کەرەنتینە دەکرد.. دە برێن لۆ؟
لەسارى هەشتا کە ئیعلانى شەڕى عێراق دژى ئێران کرا، ماڵى هەموو عێراقیەکان وێران بوو، چونکى شەڕەکە ئەوەندە گەرم بوو هەر زوو حکوومەتى #بەعس# کەوتە فراوانکردنى سوپاکەى و بەوەش کۆمەڵێک مەوالیدى ڕاکێشایە عەسکەرى. خێزان هەبوو دوو یان سێ کوڕى بانگکرانە عەسکەرى، بەوەش ڕانەوەستان ئەوانەى کەڵکى عەسکەریشیان نەبوو لەبەر گەورەیى تەمەنیان، بە ناوى جەیشى شەعبى ئەوانیشیان ڕاپێچى جەبهەکان دەکرد.
کورد وەکوو عادەتى خۆى کە حەز لەچڕوچاوى حوکمەتەکانى خۆى ناکا و هەر لەئەساسیشدا هیچ باوەڕەکى بەو جەنگە نەگریسەش نەبوو، لۆیە زۆربەى هەرە زۆرى گەنجەکانى لەعەسکەرى فیراریان دەکرد، مەگەر کەسەک کە زۆر لەوەزعى خێزانەکەى خۆى بترسابایە، چونکى ڕژێم کەسوکارى فیرارەکانى عەزیەت دەدا..
ئەوجا هیچ چارەیەک نەبوو لەگەر ئەو شەڕە ناموبارەکە، یان ئەوەتا دەبایە بچیە جەبهە و سەتى سەت یان دەکوژراى و لەتڕى سەى دەچووى، یان بەدیل دەگیراى دەبایە لە سجنەکانى ئێران یا لێلى برێى. لۆیە خەرکەکى زۆر لە کوردان فیراریان پێ باشتر بوو.
ئەو سەردەمە حکوومەت ئەمرى دەرکرد بوو کە لەهەر ماڵێکدا کونە تەیارەیەک درووست بکەن، لۆ ئەوەى ئەگەر تەیارەکانى ئێران هاتن، خەرکەکە خۆیان لەناو ئەو کونە تەیارانە بشارنەوە. ئەوجا ئەو کونە تەیارانەش هەندەک خێرى لۆ خەرکەکەى هەبوو، چونکە هەر کاتەکى بزانرابایە کە پۆلیس یان ڕەفیق حزبیەک هاتیتە گەڕەکى، فیرارەکان یەکسەر دەچوون خۆیان لەو کونە تەیارانە دەشاردەوە.
جارجاریش ئیعلانى مەنع تەجەولیش لە هەندەک گەڕەکى شار دەکراو مەفرەزەکانى ئەمن و بەعس ماڵ بەماڵ بەدواى فیرارى عەسکەرى یان جەیشى شەعبى دەگەڕان کە ئەو وەختى پێیان دەگۆت (تەحەڕى)
ئەوجا ئەوەى فیرارى عەسکەرى بایە، یان خۆى لەناو تانکى ئاوى سەربان دەشاردەوە، یان دەچووە پشت کەنتۆرى نوینان!. ئەوەى شانسى زۆر بایە خزمەکى لە دەشتێ هەبایە، ئەوە زۆر باشبوو، چونکى حکوومەت دەستى نەدەگەیشتە ئەو گوندانە، جا لەوێ جۆرێک لە ئازادیت هەبوو لە گەڕان و سووڕاندا.
هەر ئەو دەمەش هەندەک کەس هەبوون نانیان کەوتە ڕونێ و معامەلەى کڕین و فرۆشتنى وەرەقەى ئیجازەى عەسکەرى یان (عدم تعرضیان) لە بازاڕى دەرارخانە دەکرد، بازاڕیشیان زۆر گەرم بوو خەرکى بەپارەى باش دەیانکڕى!. هەر چەندە ئەو سەردەمەش هەویەى جاشایەتیش هەبوو کە ئەویش بەپارە دەفرۆشران، یان سەرۆک جاشەکان دەیاندایە ناسیار و خزم و کەسوکاریان، بەڵام ئەو هەویانە زۆر جێى سیقە نەبوون و لەسەیتەرە و مەفرەزەکانى ئەمن و ئینزباتى عەسکەرى باوەڕیان پێنەدەکرد، لۆیە قیمەتەکى ئەوتۆى نەبوو.
نەمووزەجى ئیجازەى عەسکەرى زۆر بەقیمەت بوو، بەتایبەتیش ئەوانەى مۆرە سێگۆشەکەى لەسەر بوو، ئەوجا ئەوەى بەتاڵ بایە، واتە هیچى لەسەر نەنووسرابایە و مۆرى وەحدەى عەسکەریشى لێبدرابایە پارەى باشى دەکرد، بەعەکسى ئەوانەى پێشتر بەکار هاتبوو و ناوو تاریخەکەى دەستکارى کرابوو، چونکى زوو کەشف دەبوو.
لەسارى 1981 مەوالیدى منیشیان بانگکرد، ئەوجا عادەت وابوو هەر مەوالیدەکى نوێ بانگبکرابایە پێشەکى سێ مانگ لەمەرکەز تەدریب مەشقیان پێدەکردن کە زۆربەیان لە#هەولێر# نێزیک بوون، وەکى مەرکەز تەدریبى #کەرکووک# و دارەمان، مەدرەسەى قتالى موسڵ، کە دەمانتانى پێنج شەم و جومعان بێینەوە مارێ. دواى تەواو بوونى ئەو سێ مانگەش نەقلى وەحدەکانیان دەکردین، باژۆ لۆ جەبهەى شەڕ..
ئەمن یەک بەخۆم سێ مانگى تەدریبم تەواوکرد و دوایى ناوم دەرچوو لۆ مەعەسکەر تاجى بەغدا کە وەحدەکەم لەجەبهەى عەممارە بوو. لۆیە ئەمنیش لەگەر عامێ چوومە شامێ و فیرارم کرد و لەمارى دانیشتم، تەقریبەن ماوەى دوو سار خۆم کەرەنتینە کرد و ئەو ماوە درێژەش هەر خەریکى کتێب خیندنەوە بووم، خوا ڕەحمى کرد لەو ماوەیەدا نەگیرام، ئەگەر نا ئێستا دەبوومە شەهیدى نەمرى قادسیەى سەدام!
ئەوجا وەرە بشکوژرێى و ئەو ناوەشت پێببەخشن!.
ئێستاش لەبیرمە جارەکیان دواى هەشت مانگ لەکونجى ژوورێ کوڕە پلکەکەم بەئیجازە هاتەوە لەعەسکەرى و نەمووزەجەکى ئیجازەى بەتارى پێبوو دایە من.. لەخۆشییا خەریکبوو بفڕمە عاسمان، چونکى بەو ئیجازەیە دەمتوانى یەک حەفتە لەناو هەولێر پیاسە بکەم بەبێ ترس و لەرز، تەبعەن ئیجازەکەم پڕ کردەوە و ڕۆژانە دەچوومە جادەى باتا و ئۆرۆزدى و گازینۆ لەیالى بەکەیفى خۆم دەگەڕام.
باوەڕم پێبکەن یەک حەفتە بە بەرچاوى ئەو هەموو ئینزباتە عەسکەرییەى جادەى باتا و ئەسواق سیروان و جادەى شیخەڵڵادا دەرۆیشتم، یەک ئینزبات نەیدەگۆت هەویتەک.. کەچى ڕۆژانى دى بەدوورى سەت مەتریش برۆیشتبامە بانگى دەکرد دەیگۆت (تعال طلع هویتک) زۆر عەجایب بوو؟!
لەسەیتەڕەکانیش کە ئینزباتەکان بەسەر پاسە هەژدە نەفەرییەکان دەکەتن، یەکسەر دەیانزانى کێ عەسکەرە و کێ تەڵەبەیە، لەو هەژدە نەفەرە، تەنها داوایان لەدوو سێ کەس دەکرد ئیجازەى عەسکەرییان بداتێ. نازانم کوو دەیانزانى؟!.
ئى وا هەبوو پرچى وەکى مە سفر بوو لێیان نەدەپرسى کە ئەوەش عەلامەتەک بوو عەسکەرەکان پێیان دەناسرانەوە، بەڵام ئەوان دەیانزانى ئەوە فیرارى عەسکەرى نییە!. بەهەرحاڵ هەتا حکوومەت عافواتى دەکرد و دواییش کوردەکانى تەسریح کرد لەعەسکەرى نەماندەوێرا لۆ نیو دەقەش بێینە سەر جادەکانى هەولێر لە ترسى گرتن..
ئێستاش کە دەبینم خەرکى هەموویان لەمارێ سجنکراینە لەبەر کۆرۆنا، ئەو زەمانەم بیر دەکەوتەوە، ئەگەر چى زەمانەکى پڕ ترس و لەرز و ژیانمان لەسەر دەستمان بوو، بەڵام هەر ژیانەکى خۆش بوو، دەزانن لۆ؟
چونکە زەمەنەکە خۆى زەمەنى ئاڵتونى بوو..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!