عارەقخۆرەکانى #هەولێر#
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
پێمخۆشە هەر کەسەک لەمە نووسەر بى یان ڕۆشنبیر، یان هەر کەسەکى ئاسایى کە دەستى نووسینى هەبى، یادەوەرى و بەسەرهاتەکانى خۆى بنووسیتەوە. چونکە ئەو شارستانییە کۆنانەى ئێستا مەعلوماتمان لەسەریان هەیە هەمووى زادەى گێڕانەوەى خەرکانى پێش خۆمانن، ئەگەر نا ئێستا نەماندەزانى زەمانى کۆن چى ڕوویداوە و خەرکى چۆن ژیاینە. لۆیە نووسین بەئەرشیفکردنى ڕووداوەکانى مێژووە، هەریەک لەمە دەیان و هەزاران بەسەرهاتى خۆش و ناخۆشمان هەبووە، لۆ ڕۆشنکردنەوەى کۆمەڵگەکەمان پێویستە هەر یەکە و باسى بەسەرهاتەکانى خۆى بکاتن.
یەک بەخۆم زۆر هەوڵ دەدەم تاریخى سارانى پەنجا و شێستەکانى هەولێر بنووسمەوە و بەئەرشیفى بکەم، لەوەشدا یەک مەبەستم هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لۆ جیلى ئێستا ڕوونبکەمەوە کە جیلەکانى پێش خۆیان چۆن ژیاینە، دونیا چ خەبەر بووە، عادات و ئەخلاق و بەها کۆمەڵایەتیەکان چۆن بوونە. چونکى بەڕاستى ئێستا کەتینە ناو وەزعەکى زۆر ناخۆش، هەرچى قیەم و ئەخلاقى جوانى هەولێریانەیە وردەوردە لەناو دەچن. لۆیە جیلى ئێستا پێویستە تۆزەک بگەڕێنینەوە دواوە لۆ ئەوەى ئەو قیەم و ئەخلاقە بەیەکجارى بزر نەبى، چونکى پێشتریش ئاماژەم پێدایە، نەبوونى ئەخلاق لەناو هەر کۆمەڵگەیەکدا وێرانى بەدوایەوەیە، هەر لۆیەش دەمەوێ ئەو تەمەنەى مایتم ئەگەر خوا یار بێ بەحسى هەموو شتەکى زەمەنى خۆمانتان لۆ بکەم، بە ترش و شیرینیەوە، بەچاک وخراپیەوە، بەرکو ببتە پەند و عیبرەت لۆ جیلى ئێستا و داهاتوومان.
جا لەبەر ئەوە پێمخۆشە هەر کەسەکى مەقالەکانم لەسەر هەولێریات دەخینتەوە لێم عاجز نەبیتن ئەگەر باسى هەندەک شتتان لۆ بکەم بەدرتان نەبى، چونکى لەوانەیە خەرکى دى دریان پێخۆش بى. مەسەلەى عەرەبیش دەرێ (ڕضا الناس غایة لاتدرک) واتە کەس ناتانى درى هەموو کەس ڕازى بکات، ئەوەش سوننەتى حەیاتە.
ئەو جارەیان حەزمکرد باسى عارەقخۆرەکانى هەولێرتان لۆ بکەم، کە ئەوانیش بەشەک بوونە لە کۆمەڵگەى سەردەمى ئێمە و حەقیان بەسەرمانەوە هەیە. هەم لەبەر ئەوەى واقیعەکەیان پێکەنیناویە، هەم وەکى گۆتیشم لەبۆ ئەرشیفکردن و تۆمارکردنى ڕووداوەکانى مێژووى هەولێرە.
لەو سەردەمانەدا عارەقخۆر لە هەولێرێ زۆر کەم بوون، چونکى کۆمەڵگەى هەولێر لەدێرزەمانەوە کۆمەڵگەیەکى دیندار و لەخواترس بووە، بەڵام ئەوەش مەعناى ئەوە نیە خەرکى لادەرى تێدا نەبى. ئەو سەردەمەش وەکى ئێستا خەرکى ئەوەندە (متعصب) دەمارگیر وتووندڕە و نەبوون، مزگەفت هەبوو خەرکى نوێژ و تاعەتى خۆى دەکرد، باڕ و نادیش هەبوو هەندەک کەس دەچوون عارەقیان لێدەخواردەوە، کەس بەچاوەکى سووک تەماشاى کەسى نەدەکرد.
زۆر بەدەگمەن مەگەر کوو پیاوەکى سەرخۆشت لەکۆران و بازاڕەکاندا بدیتبایە، ئاخر ئەو زەمان هەتا عارەقخۆرەکانیشمان پیاوى موحتەرم و بەئەخلاق بوون. جا ئەگەر مندار پیاوەکى سەرخۆشیان لەگەڕەکەیان بدیتبایە یەکسەر هەردەهاتنە مارەکانیان و دەرکەى حەوشەیان قەپات دەکرد!. بەتایبەتیش لەو سەردەمەدا تەنها شاعیرى گەورەى هەولێر بورهان جاهید زۆر جار بەسەرخۆشى بەناو کۆراناندا دەگەڕا!.
نازانم لۆ ببووە عادەت زۆربەى ئەوانەى عارەقخۆر بوون لەچینى ڕۆشنبیرەکان بوون، وەکى شاعیر و نووسەر و هونەرمەندەکان. ڕەنگە ئەو مەسەلەیە پەیوەندى بەهەستى ناسکى ئەو چینەوە هەبى کە زیاتر لەخەرکى ئاسایى هەست بەموعانات دەکەن و دەیانەوێ بە مەشروب خواردنەوە تۆزێک لەبیر خۆیان ببەنەوە. تەبعەن هەشبووە هەر لۆ چاولێکەرى دەیخواردەوە یان لۆ موجامەلەى برادەرەکانى.
لە هەمووشى خۆشتر لەو زەمانە نەوعەک عارەق هەبوو لە #عەنکاوە# درووست دەکرا، پێیان دەگۆت (عارەقى قاچاغ) ئێستاش نەمزانى قاچاغەکەى لەچیدا بوو، خۆ لە هەموو دوکانەکى مەشروب فرۆشدا هەبوو، حکوومەتیش دەیزانى کە لەعەنکاوەى درووستى دەکەن. زۆربەى عارەقخۆرەکان ئەو عارەقەى عەنکاوەیان دەخوارد چونکە زۆر هەرزان بوو.
کاتەکى چەند باڕەکى خواردنەوە لە هەولێر دواى ناوەڕاستى حەفتایەکان کرایەوە وەکى (سنۆبەر، قەسرى شیمال، سەنابل، فندق هەورامان، فندق دیارى، فندق فەرید، زەیتونە، حقوقیین، مهندسین ) هتد .. گەنجانى هەولێر بوونە موشتەرى ئەو باڕانە. پێشتر بەس لەنادیەکانى وەکى (مۆزەفین و معلمین و أطباء و مۆزەفینى #ئازادى# و عەنکاوە ) مەشروبات دەخورایەوە، بەس دواى ئەو وەختە باڕەکان زیادیان کرد.
سەرنجراکێشترین دیاردەى ئەو سەردەمە ئەوە بوو، کە دوو سێ گەنجت دەدیت لەسەر مێزەکى دانیشتینە بیست سى بوتڵى بیرەى بەتاڵیان لەپێش خۆیان دانایە!. ئەوجا قبوولیشیان نەدەکرد شاگردەکان بوتڵە بەتاڵەکان هەڵبگرنەوە، بانگى مسەوڕیان دەکرد بەو هەموو بوتڵە بیرەیەوە ڕەسمەکیان بگرى. لەویش سەیرتر ئەوە بوو کەوا ئەو دوو سێ کەسەى مێزەکەیان پڕ دەکرد لەئەنواع و ئەشکال مەززە، لەوانەیە لەسەر هەر مێزەکى دەیان قاپى مەزەت بدیتبایە، هەر لەزەڵاتە و جاجیک و لەبلەبى و پاقلە و باباغنوج و حمس بەتەحینەوە، هەتا هەنار و تورشى و سێو و خاس و سەوزەیتر. ئەو عادەتەش زۆرتر لە هەولێرم دەدیت چونکى کە سەفەرى بەغدام دەکرد لەباڕەکانى سەعدون پیاوى عارەقخۆرى ئەوێ بەس یەک قاپى گچکەى لەبلەبییان لەپێش خۆیان دادەنا، بەس لە هەولێرى ئێستاش تێنەگەیشتم ئەو هەموو مەزە و ئەو بیست و سى بوتڵە بیرەیە کوو دەخورا!.
عادەتەن لەو باڕانەدا شاگردەکانیان زۆرتر خەرکى میسرى بوون، ئەوکات میسریەکان بەشاڵاو دەهاتنە عێراق کە سەدام دەرگاى لۆ کردنەوە، ئەوجا ئەوانە زۆربەیان لەدائیرەکانى حکوومەتیش دامەزرا بوون، کابرایەکیان هەبوو لەدائیرەى مە لەزەراعە مودیرى قسمى (تەختیت و متابەعە) بوو، کە مەنسەبەکى گەورە بوو، ئێوارانیش لەقەسرى شیمال شاگردە بۆى بوو!.. ئەوجا خۆشیەکەى لەوەدا بوو سبەینان ئەو ئەوامرى بەسەر مندا دەکرد، ئێوارانیش ئەمن هاوارم بەسەردا دەکرد بڕۆ پاکەتەکم لۆ بینە!.
زۆربەى ئەوانەى دەچوونە باڕەکان کوڕە گەنجەکانى هەولێر بوون، ئەوجا لۆیە دائیم شەڕ و مەشاکیلیان درووستدەکرد، لۆیە حکوومەت لەپێش هەر باڕەک سەیارەیەکى نەجدەى شوڕتەى دانابوو.
ڕۆژەکیان لەگەر دوو برادەر چووینە باڕەکەى تەنیشت فندق فەرید، تەبعەن ئەویش لەبەر ئەوەى لە #سەیداوه# و #سێتاقان# ەوە نێزیک بوو، لۆیە موشتەرییەکانى زۆرتر گەنجى ئەو دوو گەڕەکە بوون. هەندەک دانیشتین دیتم لە تەنیشت مێزەکەمانەوە چار کوڕى گەنجى سێتاقان دانیشتبوون. یەکەکیان بانگى شاگردەکەى کرد و شریتەکى کاسێتى لەگیرفانى شەروارە ڕەشەکەى دەرهینا و پێى گۆت بڕۆ ئەو شریتەى #حەسەن زیرەک# م لۆ بخە سەر تەسجیلەکە. کابرایەکیش لەمێزەکەى تەنیشتیان دانیشتبوو دیار بوو حەزى لە حەسەن زیرەک نەدەکرد، بانگى بۆیەکەى کرد و گۆتى ئەوە چییە ئەو گۆرانییە سەخیفەت خستیتە سەرى!. یەک لەکوڕە گەنجەکان کە گوێى لەو قسەیە بوو هەستیایە سەر پێ و چەقوویەکى لەبەر پشتێنى هێنایە دەرێ و یەکسەر چوو وایەرى تەلەفۆنى باڕەکەى بڕى لۆ ئەوەى خەبەرى شورتە نەدەن، ئەوجا بوتڵە بیرەکى دەستدایە و بە مێزەکەى داداو شکاندى کەتە سەر کابراى ناڕازى و هەموو قەلبى کردە خین پێیگۆت ئەوە بە حەسەن زیرەکى دەرێى سەخیف هەى داک و بابت واو وا؟!.
ئەمەش هەر ئەوەندەمان پێکرا غاردەینە دەرێ و خۆمان لەو شەڕە دەستەویەخەى لەسەر حەسەن زیرەک قوتار بکەین!.
باقى وەلسەلام..
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!