پوختەی ڕۆمانی #نەفرەتی نەوبەهاران#
نووسینی: #بەختیار عەلی#
چاپی یەکەم 2024، سلێمانی ناوەندی ڕەهەند
264 لاپەڕەیە دوازدە چیرۆک/بەشە
=KTML_Red=چیرۆکی یەکەم (لا5بۆ29)25لاپەڕەیە:=KTML_End=
(کامیل ئاغا)ی سەرۆکخێڵی سوورباران، ساڵی 1957لە کوردستانی باشوور کامێرایەک لە کەسێکی ئێرانی دەکڕێت، زۆر ئالوودەی کامێراکە دەبێت و خواستی دەچێتە سەر وێنەگرتن، بەتایبەتیی وێنەی ژنان و کچان، خۆی فێری وێنەگرتن و شۆردنەوەی دەکات، هەر لە ماڵی خۆیدا وێنەکان دەشواتەوە و نایباتە هیچ ستۆدیۆیەک، لە تەمەنی سی و پینج ساڵیدا هاوسەرداری دەکات لەگەڵ (گێلاس فەخرەدین) نەوبەهاران.
ساڵی دووەمی هاوسەرییان گوندەکەی خۆیان جێدەهێڵن و ڕوو دەکەنە شار، لەبەر ئەوەی هاوسەرەکەی دووگیان دەبێت، ئیشکەری بۆ دەگرێت تا لە ئیش و کاری ماڵدا یارمەتیی بدات، ئاغاژن هەڵسووکەتی لەگەڵ ئیشکەرەکاندا خراپ دەبێت، وەک ژنەئاغایەکی دڵڕەق مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. جارێک لەگەڵ (گوڵناز)ی ئیشکەریان دەبێتە شەڕیان و دەیخات بە زەویدا و لێوی بریندار دەکات. پاشان ئاغاژن دووانەیەکی دەبێت، کچ و کوڕێک، ناویان دەنێت (زۆزان) و (شەمدین).
ئاغاژن تووشی نەخۆشییەکی سەخت دەبێت و چاوەڕوانی چاکبوونەوەی لێ ناکرێت، بۆیە (کامیل ئاغا) بۆ یادگاری وێنەیەکی دەگرێت بە ڕووتی، لە شوێنێکی پارێزراودا هەڵی دەگرێت. ئاغاژن چاکدەبێتەوە و دوای چاکبوونەوەشی لەگەڵ ئیشەکەرەکەیاندا ناسازێت و بۆیە ئیشکەرەکە دەڕوات، ئیشکەرێکی تر دێت بەناوی (گورجی) کە خوشکی (گوڵناز)ی ئیشکەری پێشووە.
لەم سەروبەندەدا برایەکی (کامیل ئاغا) بەناوی (کەمال) لەگەڵ کەسێکی خێڵی ڕۆشاریی دەبێتە شەڕیان و کابرا دەکوژێت، دەبێتە دوژمنایەتییان لەگەڵ خێڵی ڕۆشاریی. ئەوانیش بە پارە و ماڵ سوڵح ناکەن و داوای بکوژەکە دەکەن.
(گورجی) ئیشکەریان بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئاغاژن، وێنە ڕووتەکەی دەبات دەیدات بە (خەلیفە عیسا)ی سەرۆکخێڵی ڕۆشارییەکان، ئەویش وەک کارتێک بەکاری دەهێنیت و هەڕەشەی ئەوە لە (کامیل ئاغا) دەکات ئەگەر برا بکوژەکەی ڕادەست نەکات، وێنەی ڕووتی هاوسەرەکەی بە شار و گونددا بڵاودەکاتەوە.
ناچار (کامیل ئاغا) براکەی ڕادەستی ڕۆشارییەکان دەکات، ئەوانیش بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە کۆتایی بە ژیانی دەهێنن. وێنە ڕووتەکە بۆ (کامیل ئاغا) دەگەڕێننەوە، ئەویش دەیسووتێنێت.
بۆ چاوبەستی لە خێڵەکەی، دەڵێت: بۆیە کەمالی برامم ڕادەست کردووە تا لەسەر هەڵەی ئەو، کەسی تر نەکوژرێت و تاوانبار خۆی باجی هەڵەی خۆی بدات.
=KTML_Red=چیرۆکی دووەم (لا31بۆ50)20لاپەڕەیە:=KTML_End=
دوای سێ ساڵ سەرۆک ئەرکانی سوپا، دێتە شارەکەیان، سەرۆکی خێڵ و عەشرەتەکان هاندەدات بچنە پاڵ سوپای حوکوومەت دژی شۆڕشگێڕە کوردەکان، سەرۆک عەشرەتەکان بوون بە سێ دەستەوە، هەندێکیان خۆیان دایە پاڵ سوپا، هەندێکیان چوونە پاڵ شۆڕش و هەندێکیشیان بێلایەن مانەوە، (کامیل ئاغا) لەوانە بوو کە بێلایەن بوو.
(خەلیفە عیسا)ی سەرۆکخێڵی ڕۆشارییەکان چونکە خۆی چووبووە پاڵ حوکوومەت، وێنەیەکی ڕووتی هاوسەری (کامیل ئاغا) دەداتە کەسێک بەناوی (خانی زەرد) تا وەک فشار بەکاری بهێنیت، ئەویش لە ڕێگەی کەسێک بەناوی (حەسەن ئیلهام) چاوپیکەوتنێک ڕێکدەخات و دەچێتە لای (کامیل ئاغا) تا بە ترساندنی بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕووتی هاوسەرەکەی ناچاری بکات خۆی و خێڵی سوورباران بچنە پاڵ حوکوومەت. بۆیە ناچاربوو ببێتە چاکداری دەوڵەت. عەشرەتەکەشی هەندێکیان دوای کەوتن و هەندێکیان بەپێچەوانەوە. (کەریم ئاغا)ی برای یەکێک بوو لەوانەی هاوڕا نابێت لەگەڵیدا و دەچێتە ناو شۆڕشگێڕەکان.
پاش ئەوەی کامیل ئاغا تێوەگلا و بووە چاکداری دەوڵەت لە یەکێک لە جەنگەکاندا گوللەیەک سینگی دەپێکێت و کۆتایی بە ژیانی دێت.
=KTML_Red=چیرۆکی سێیەم (لا51بۆ68) 18لاپەڕەیە:=KTML_End=
هەر پێنج براکەی گێلاس نەوبەهاران هەموو پێنجشەممەیەک وەکوو جۆرە دەعوەتێک کۆبوونەوەی خێزانییان دەکرد کە بریتیی بوون لە:
1-سیراجەدین فەخرەدین نەوبەهاران/براگەورە
2-سەدرەدین فەخرەدین نەوبەهاران
3-عیمادەدین فەخرەدین نەوبەهاران
4-زیائەدین فەخرەدین نەوبەهاران/جمکی گێلاس
5-لوتفەدین فەخرەدین/برا بچووک
پێنچشەممەیەکیان (سەدرەدین) بە شێوەیەکی نائاسایی دێت بۆ کۆبوونەوەی خێزانی و پێیان دەڵێت: وێنەیەکی ڕووتی گێلاسی خۆشکیان بڵاو بووەتەوە و لە دەستی (خانی زەرد)دایە، ئەویش (جابۆ=جەبار) بۆی باسکردووە.
ئەوانیش بڕیار دەدەن گۆڕێکی ساختە بۆ خوشکەکەیان درووستبکەن و لەناو خەڵکدا بڵێن مردووە و هەرچی وێنەی ئاسایی هەیە لەناوی ببەن و خۆشی لە ژێرزەمینێکدا زیندان بکەن، تا کەس نەیبینێت و ئەگەر وێنەکەش بڵاو ببێتەوە کەس شێوە و وێنەی ئەوی لەبەر چاودانەبێت، ئەمان دەتوانن نکووڵی لێ بکەن بڵێن وێنەی خوشکی ئەوان نییە. بەڵام زیائەدین بە نهێنی چەند وێنەیەکی منداڵی خۆی و گێلاس دەشارێتەوە و لەناوی نابات. بۆ یادگاری هەڵی دەگرێت.
بڕیار دەدەن منداڵەکانی گێلاس (زۆزان و شەمدین) بدەن بە ماڵی (تۆفیق/تەیمووری نەقاڕ) بۆیان بەخێو بکات. بۆ ئەوەی ئەرکی بەخێوکردنی نەکەوێتە سەر شانی خۆیان یان کەسوکاری (کامیل ئاغا).
=KTML_Red=چیرۆکی چوارەم (لا69بۆ89) 21لاپەڕیە:=KTML_End=
کۆمەڵێک کەس پەلاماری (زوهێر مەسۆ)ی وێنەگر دەدەن چونکە لای گەرماوێکدا وەستاوە، گومانی لێ دەکەن بەدزییە وێنەی ژنان و کچان بگرێت، کە ناو جانتاکەی دەگەڕێن وێنەی ئافرەتێکی ڕووتی تێدایە، ئیتر تەواو شلکووتی دەکەن، (بوترسی وێنەگر) هەوڵدەدات بەر لە خەڵکەکە بگرێت لەو بێتاوانە نەدەن، بەڵام ناتوانێت، تا پۆلیس دێت و لەژێر دەستیان دەری دەهێنێت.
ئەو وێنەیە (گێلاسی نەوبەهاران) کە بە (زوهێر مەسۆ) گیرا، کەوتە دەست گەنجێکی دینداری وشک (موعتەسەم نیازی) ئەویش بردی بۆ (وتارخوێنی گەورە-شێخ جەلیل حاجی موڕاد).
وتارخوێنی گەورە کۆمەڵێک مەلا و کەسایەتی تر کۆدەکاتەوە وێنە ڕووتەکەی (گێلاس)یان نیشان دەدات و دەیکەنە بەڵگەی خراپی تەکنەلۆژیا و بە فێڵ و سیاسەتی کافران و (جوو و دیان)ەکانی دەزانن، بڕیاری ئەوە دەدات هەرکەس موسڵمانە و خۆی بە شوێنکەوتەی ئەوان دەزانێت هەرچی کامێراکانیانە بیهێنن لە ناوەندی شاردا بیشکێنن و وێنەکانیشیان بسووتێنن، خەڵکەکەش ئەوە دەکەن. تەنانەت دوکانی وێنەگرتنەکەی بوترسی وێنەگر دەسووتێنن و سووکایەتی بەخۆشی دەکەن.
هەوڵی ئەوەشیان دەدا داوا لە دەوڵەت بکەن نەهێڵێت بە هیچ جۆرێک کامێرا بێتە ناو وڵاتەکەیانەوە. پاشان (وتارخوێنی گەورە) دەچێت لە بنکەی پۆلیس چاوی بە (زوهێر مەسۆ) بکەوێت تا بزانێت ڕاستی ڕووداوەکە چۆن بووە؟ ئەویش دەڵێت: حاکمی سەربازی (بەدر غەنام) ئەو وێنەیەی داوەتێ وتویەتی ئەو ئافرەتەم بۆ بدۆزەرەوە. بەڵام بۆی نەدۆزراوەتەوە. ئیتر وتارخوێنی گەورەش دەچێتە سەر بیروبڕوایەک، پێویستە خۆی خاوەنی وێنە ڕووتەکە واتا (گێلاسی نەوبەهاران) بدۆزێتەوە و تۆبە و ئامانی پێ بکات.
=KTML_Red=چیرۆکی پێنجەم (لا91بۆ115) 25لاپەڕەیە:=KTML_End=
وێنەکە ئەو ڕۆژە دەکەوێتە دەستی حاکم (بەدر غەنام) کە (خەلیفە عیسا)ی سەرۆکخێڵی ڕاوشارییەکان شۆفێری دەبێت، گوللەی شۆڕشگێڕەکان ناوچەوانی دەپێکێت و ژیانی کۆتایی دێت، کاتێک حاکم (بەدر غەنام) دەگەڕێتەوە بۆ بارەگای سەرەکی سوپا، وێنەکە لە جانتای (خەلیفە عیسا) دەردەهێنێت و دەیەوێت بەقازانجی خۆیان دژی شۆڕشگێڕەکان کەڵکی لێ وەربگرن، ئیتر (حەسەن ئیلهام) ڕادەسپێرێت ئەو ژنەی لەوێنەکەدایە بدۆزێتەوە واتا (گێلاس نەوبەهاران)، لە ڕێی (قاسم مەجید)ی هاوسەری (گورجی حەسیب)ی ئیشکەرەکەی پێشووی ماڵی (کامیل ئاغا)وە زانیاری وەردەگرێت و دەزانێت ئەو وێنەیە هیی (گێلاسی نەوبەهارانە).
(جەبار=جابۆ) چونکە چووەتە داوای کچیکی خزمی برایانی نەوبەهاران و دواتر کچەکە پەشیمان بووەتەوە هەمیشە خۆی سەرخۆش دەکات و جنێو و قسەی ناشرین بە برایانی نەوبەهاران دەڵێت: تەنانەت باسی وێنە ڕووتەکەی (گێلاس)ی خوشکیشیان دەکات، دواتر (جابۆ) وەک تۆڵەکردنەوە، حاکم (بەدر غەنام) تێ دەگەیەنێت کە لەوانەیە گێلاسی خوشکیان نەمردبێت و خۆیان لەبەرچاوی خەڵک دووریان خستبێتەوە.
پاشان بە فەرمانی حاکم (بەدر غەنام) هێزێکی چەکدار دەدەن بەسەر ماڵی براکانی (گێلاس)دا، دەیانگرن و بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕووتی خوشکەکەیان و لەژێر فشاردا، دان بەوەدا دەنێن کە خۆشکەکەیان نەمردووە و لای خۆیان زیندانە.
دواتر هێزێکی چەکدار دەچن (گێلاس) لە ژێرزەمینەکە دەهێنن بۆ بەردەم (بەدر غەنام)، دوای چەند ڕۆژیک لە ڕاهێنان و وانە دادانی (گێلاس)، حاکم نەخشەیەکی گڵاو بۆ سەرۆکهۆزەکان دادەڕێژێت، کۆبوونەوەیەکیان پێ دەکات و وێنەی ڕووتی گێلاس دەخاتە بەردەمیان و سووکایەتی زۆریان پێ دەکات، دەڵێت: شۆڕشگێڕە کوردەکان دەست بەسەر هەر شوێنێکدا بگرن دەستدرێژی دەکەنە سەر کچ و ژنەکانیان و بەڕووتی وێنەیان دەگرن. بۆیە دەبێت ئێوەش شانبەشانی سوپا بەرگری بکەن دژی شۆڕشگێڕەکان، (گێلاس)یش بانگ دەکات بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی، ئەویش بەناچاری درێژە بە چیرۆکە هەڵبەستراوەکەی حاکم دەدات.
=KTML_Red=چیرۆکی شەشەم (لا117بۆ132) 16لاپەڕەیە:=KTML_End=
حاکم (بەدر غەنام) سەردانی وتارخوێنی گەورە دەکات و پێی دەڵێت: ئامادەم خاوەنی ئەو وێنەیەت بدەمێ، بە مەرجێک فەتوایەکم بۆ بدەیت کە شەڕکردن دژی سوپای حوکوومەت حەرامە و ئەوەی بیکات کافرە، و بڵاوی بکەیتەوە بە سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا، وتارخوێنیش ڕازی دەبێت و بە زمانی کوردی و عەرەبی فەتواکە دەنووسێت و بۆی دەبات، ئەویش گێلاسی نەوبەهارانی ڕادەست دەکات و وتارخوێنی ئەو وێنەیەی لەلای بوو دەیداتەوە بە حاکم. وتارخوێنی گەورە دەست لە پلە و پیشە و ماڵ و منداڵەکەی بەردەدات و لەگەڵ گێلاسدا سەری خۆیان هەڵدەگرن بۆ جێگەیەکی دوور، حاکم (بەدر غەنام)یش دواتر لە جەنگێکدا گوللەهاوەنێک دەیدات لە ئۆتۆمۆبێلەکەی و کۆتایی بە ژیانی دێت.
=KTML_Red=چیرۆکی حەوتەم (لا133بۆ153) 21لاپەڕەیە:=KTML_End=
ساڵی 1975 (کەریم ئاغا)ی برای (کامیل ئاغا) کە سەرلقێکی ئازابوو، خۆی ڕادەستی حوکوومەت دەکاتەوە، بەتەنیا ژیان بەسەردەبات و دەست دەداتە کاری جوتیاری و ئاژەڵداری، شۆڕش دەنێرن بەدوای دا چونکە (جەبار=جابۆ) بە تۆمەتی سیخوڕی گیراوە و پێش گوللەبارانکردنی (کەریم ئاغا) دەبینێت و ڕاستیی ڕووداوەکان دەربارەی (کامیل ئاغا)ی برای بۆ باس دەکات. ناتوانێت هیچ بۆ جابۆ بکات و شۆڕش گوللەبارانی دەکەن.
ئیتر هەر بەتەنیا لە کەژ و کێوەکان دەژیی و تیکەڵی کەس نابێت، دەکەوێتە وەهمێکەوە کە وا دەزانێت کەسێک دێت و وتووێژی لەگەڵ دەکات و داوای لێ دەکات تۆڵە لە (خانی زەرد) بکاتەوە بە ڕفاندنی کچێکی و بەهەمان شێوە وێنەی ڕووتی بگرێت و ئابڕووی بەرێت. ئەمیش بە قسەی ناکات و گوللەیەک دەنێت بە کابرای خەیاڵییەوە. وا دەزانێت کەسێکی کوشتووە بەڵام تەنیا لە بیر و هۆشی خۆیدا وا دەزانێت، لە ڕاستیدا کەسێکی نەکوشتووە! پاش چەند ساڵێک هەواڵی مردنی ئەویش بڵاو دەبێتەوە.
=KTML_Red=چیرۆکی هەشتەم (لا155بۆ170) 16لاپەڕەیە:=KTML_End=
زیائەدین فەخرەدین نەوبەهاران/جمکی گێلاس، دەبێتە ڕێکخستنی ناوشار و پاشان بە بۆنەی ئەوەی (ئەردەڵان=نازیفی حاجی خەلیلی حەمامچی) دەگیرێت و لەژێر ئەشکەنجەدا دەڕووخێت، زیائەدینیش لەلایەن حوکوومەتەوە دەستگیر دەکرێت، دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر داننانێت بە هیچدا و ناوی هاوڕێکانی نادات، (حەسەن ئیلهام) وێنەی گێلاسی خوشکی وەک فشارێک دەباتە ژووری زیندانە و دوای هەوڵێکی زۆری جەلادەکان و براکانیشی کە لە ترسی بڵاو نەبوونەوەی وێنەی خوشکەکەیان فشاری لێ دەکەن تا ناوی سەرجەم ئەندامانی کەرتەکەی دەداتە ئاساییش. (حەسەن ئیلهام) لەبەرچاوی برایانی نەوبەهارانەوە لە حەوشەی بنکەی ئاساییشەکەدا وێنە ڕووتەکەی (گێلاس)ی خوشکیان دەسووتێنێت.
پاشان زیائەدین ماوەیەک زیندان دەکرێت و دواتر بەر لێبووردنێکی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەبێت. و ترسێکی نائاسایی دەچێتە گیانی دەربارەی وێنە و ئافرەت و نامووس، بۆیە کە هاوسەرگیری دەکات تەنانەت ناهێڵێت براکانیشی ڕووخساری هاوسەرەکەی ببینن یان ناوی بزانن.
=KTML_Red=چیرۆکی نۆیەم (لا171بۆ190) 20لاپەڕەیە:=KTML_End=
وتارخوێنی گەورە دوای ئەوەی چەند ساڵ تەمێ و تەزکییەی گێلاسی نەوبەهاران دەکات، لە ئاکامدا بە تاوانی دەستتێکەڵکردن لەگەڵ دراوسێیەکی خۆیاندا دەیگرێت و گێلاس و کوڕەکە بەردباران دەکات، لە ترسی دەوڵەت هەڵدێت بۆ ناو کۆچەریی و بیابان نشینەکان.
دوای دوو ساڵ خۆی ڕادەست دەکات و بەهۆی موفتی گشتی وڵاتەوە و ئەو ڕێ و جێیەی پارێزەرەکەی بۆی دادەنێت، کە گێلاس بە هاوسەری خۆی بناسێنێت و وێنە ڕووتەکەی پەیدا بکات و لە دادگا بە خیانەتی هاوسەری تۆمەتباری بکات بۆیە ئەو دوانەی بەردباران کردووە، پیاوەکە گیانی لەدەست داوە و گێلاسیش هەڵهاتووە.
(موعتەسەم نیازی) بە بڕەپارەیەکی زۆر وێنە ڕووتەکە لە (قاسم مەجید) دەکڕێت، وتارخوێنی گەورە کەڵکی لێ وەردەگرێت بۆ سووککردنی حوکمەکەی. لە هەتاهەتاییەوە بۆ 10ساڵ زیندانی.
=KTML_Red=چیرۆکی دەیەم (لا191بۆ215) 25لاپەڕەیە:=KTML_End=
زیائەدین فەخرەدین نەوبەهاران، لە شوێنێکی دوورەدەست شارۆچکەیەکی بچووک درووستدەکات بەناوی (نوورئاوا)، شارێکی داخراوە، ماڵەکان پەنجەرەی بچووک و بەرزیان هەیە، ژنانیش هەموویان بە پەچە و ڕووبەند بۆشن. تەنیا دوو ژنی بێمێرد لە نوورئاوا دەژیان ئەوانیش دوو خوشکەکە بوون، واتا (گوڵناز و گورجی).
منداڵەکانی (گێلاس) زۆزان و شەمدین گەورە دەبن و لە ڕیگەی مامۆستایەکەوە بەناوی (مامۆستا ئەنوەر) چیرۆکی دایکیان و وێنەکەی دەبیستن.
بە هاوکاری (قاسم مەجید) کە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، وەک تۆڵەیەک ڕێنماییان دەکات، چەک پەیدا دەکەن و دەچن لە نوورئاوا وێنەی دایکیان لە (گوڵناز و گورجی) دەسەنن و دەشیان کوژن.
شەمدین هەڵدێت بۆ ناو شۆڕشگێرەکان و زۆزانیش وێنەکەی دایکی لای خۆی دەپارێزێت و هاوسەرگیری دەکات و دەچێتە هەندەران. و بڕیار دەدات هەرکات بتوانێت تۆڵەی دایکی بکاتەوە.
=KTML_Red=چیرۆکی یانزەیەم (لا217بۆ231) 15لاپەڕەیە:=KTML_End=
لە شەڕی ناوخۆی حزبە کوردییەکاندا سەرتیپ: شەمدین کامیلی 17ساڵ ناسراو بە (شەمدۆ سوورباران)ی کوڕی (گێلاسی نەوبەهاران)، سەرپەرشتی هێڵی پێشەوەی جەنگ دەکات دژی لایەنەکەی تر، فەرماندەی لایەنەکەی تریش مولازم حەسۆ دەبێت، دوو کوڕی (زوهێر مەسۆ) کە ئێستا تەواو پیر بووە، لەلای شەمدین بەدیل گیراون، بۆیە وێنە ڕووتەکەی (گێلاسی نەوبەهاران) دەهێنێت بۆ مولازم حەسۆ تا هەڕەشەی پێ بکەن لە شەمدین بۆ بەردانی دیلەکان، ئەویش ژمارەیەکی زۆری لێ کۆپی دەکات و نامەیەک دەنێرێت بۆ شەمدین و وێنەیەکی ڕووتی (گێلاسی نەوبەهاران)ی دایکی بۆ دەنرێت و داوای دانیشتن و گفتۆگۆی لێ دەکات.
شەمدینیش لە بەرانبەر ئەوەدا دەچێت وێنەی ڕووتی ژن و کچی کۆمەڵێکی زۆری بەرپرس و هەڤاڵانی لایەنی بەرانبەر دەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ لای مولازم حەسۆ تا پێی بڵێت: منیش دەتوانم وێنەی شەرەف و نامووسی ئێوە بڵاو بکەمەوە.
مولازم حەسۆ لەبری بەردانی کوڕەدیلەکانی (زوهێر مەسۆ) بە دەستی خۆی زوهێر گوللەباران دەکات و کۆتایی بەژیانی دەهێنێت.
شەمدینیش دەست لەو کردەوە قێزەونە هەڵناگرێت و سەرپێچی بەرپرسانی سەرووی خۆی دەکات، بەردەوام بچێتە هەر گوند و شارۆچکەیەک وێنەی ژن و کچەکانیان بەڕووتی دەگرێت و بەبێ ئەوەی دەستیان بۆ بەرێت ئازادیان دەکات. تا ڕۆژێک چەند چەکدارێکی لایەنەکەی خۆی بۆسەی بۆ دادەنێن و بەر دەستڕێژی گوللەی دەدەن و کۆتایی بە ژیانی دێت. لاشە بێگیانەکەی بە دوای ئۆتۆمۆبێلێکەوە دەبەستنەوە و بە سەر شەقامەکانی شاردا ڕایدەکێشن.
=KTML_Red=چیرۆکی دوازدەیەم (لا233بۆ262) 30لاپەڕەیە:=KTML_End=
زیائەدین فەخرەدینی برای گێلاسی نەوبەهاران، ئێستا تەمەنی تێ هاتووە و ساڵبەساڵ نوورئاوای فراوان دەکرد و خەڵکی زیاتری تێدا نیشتەجێ دەبوو، چوار خانووی بۆ هەر چوار هاوسەرەکەی خۆی تێدا بنیاد نابوو.
وتارخوێنی گەورە دوای دوو ساڵ لە بەربوونی لە ماڵەکەی خۆیدا لاشە بێ گیانەکەی دەدۆزنەوە وا گومان دەکرێت کەسوکاری ئەو گەنجەی بەردبارانی کرد ئەو کارەیان کردبێت یان (گێلاسی نەوبەهاران) هاتبێتەوە و تۆڵەی خۆی لێ سەندبێتەوە.
(موعتەسەم نیازی) بە کۆتایی پیری ماڵی گوێزاوەتەوە بۆ نوورئاوا و لەوێ نیشتەجێیە. لەلای (ئارام شا) کە گەنجێکی دەوڵەمەندە کاری شۆفێری و پاسەوانی و بەردەستی دەکات. کە میوانی دێت خزمەتکاری دەکات و بەپیچەوانەی بیروباوەڕی کاتی گەنجی خۆیەوە، خواردنەوەیان بۆ ئامادەدەکات و شەوان کە سەرخۆش دەبن، دەیانگەیەنێتە ماڵەوە.
دەیانبات بۆ (ماڵی حەوت خانم) خراپخانەیەکە، حەوت ژنی تێدایە دوانیان بەڕێوەبەرن و پێنجەکەی تر لەگەڵ سەردانکەراندا بە پارە دەخەوتن. جارێک هاوڕێکانی ئارام شا، (موعتەسەم نیازی)ش دەبەنە ژوورەوە لەگەڵ ژنیکیان دەخەوێت. لەوێ دوو ژن دەبینێت یەکێکیان زۆر شێوەی لە (گێلاسی نەوبەهاران) دەچێت و ئەوی تریان لە زۆزانی کچی. بۆیە بە (زیائەدین فەخرەدین) دەڵێت کە خوشکەکەتان ماوە نەمردووە و لە ماڵی حەوت خانم کار دەکات. (زیائەدین فەخرەدین) لەپێناوی بینینی ئەو ژنەدا کە گوایە خوشکەکەیەتی دەچێت بۆ ئەو خراپخانەیە و لەگەڵ ژنێکیان دەخەوێت. کە دێتە ناو هۆڵی ماڵەکە، ژنەکە دەبینێت بەڵام دڵنیانابێت کە خوشکەکەیەتی بە بۆنەی پیری و دووری چەندساڵەیان لەیەکەوە، نایناسێتەوە.
ژنەکان پاش چەند ڕۆژێک ماڵی حەوت خانم چۆڵ دەکەن و وێنەی سەرجەم ئەوانەی سەردانیان کردوون بۆ ڕابواردن، بەڕووتوقووتی گرتووە، وێنەکانیان بۆ دەخەنە زەرفێکی نامەوە و بۆیان دەنێرنەوە. کە زیائەدین یەکێکە لەوان. کاتێک وێنەی خۆی بە ڕووتی دەبینێتەوە، لە ترسی قسەی کەسانی دەوروبەری، بڕیاری خۆکوشتن دەدات و دەچێتە دەرەوەی شار و بە گوللەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.
کاتێک لاشە بێگیانەکەی دەدۆزرێتەوە و دەیهێنن بۆ بنکەی پۆلیس وێنەی ڕووتی ئەو لەو فایلەدا دەدۆزنەوە کە دەستێکی نەناسراو ناردبووی بۆیان، ئیتر چونکە زۆرێک لە پیاوانی دەوری سەرۆک سەردانی ماڵی حەوت خانیمان کردبوو، سەرۆک بڕیار دەدات سەرجەم وێنەکان بسووتێنرێن، ئیتر تەواوی وێنەکان لەگەڵ ئەو وێنانەی شەمدین نەوبەهار گرتبوونی و وێنەی گێلاس نەوبەهاریش دەسووتێنن.
زریان عەزیز
#26-05-2024#
[1]