عەنتیکاتى ژیانى ڕۆژنامەنووسیم
نووسینی: #شێرزاد شیخانی#
ئەوڕۆ #22-04-2020# یادى 122 ساڵەى ڕۆژنامەگەرى کوردییە. لەو یادەدا حەزمکرد هەندەک ڕووداوتان لۆ بگێرمەوە کە بەسەر خۆم هاتییە. وەکى خۆشتان دەزانن پییشەى ڕۆژنامەنووسى عەرەب پێى دەرێن (مهنة المتاعب). بەڕاستیش وایە، چونکى ئەوەندە دەردەسەرى و هیلاکى تێدایە ماندیت دەکا، بەڵام بەراستى پیشەیەکى خۆشە و یستاهل پیاو خۆى بکاتە قوربانى.
ڕەنگە زۆربەتان نەزانن کە ئەمن بێجگە لەوەى نووسەرم، کارى ڕۆژنامەنووسیش دەکەم، تەمەنى ڕۆژنامەنووسیشم لە 50 سار تێپەڕییە، یەکەم کارى ڕۆژنامەنووسیشم لەگەر مجەلەیەکى بەغدایى دەستپێکردیە لە #18-07-1969# کە ناوى (المتفرج) بوو، پەیامنێریان بووم لە #هەولێر#.
لەو تەمەنە درێژەشدا دەیان حارەتى سەیر و سەمەرەم تووشهاتییە کە زۆربەیان بەسەرهاتى عەنتیکەن، حەزم کرد هەر لۆ خۆشى، کورد گۆتەنى لۆ (زاخاوى مێشک) هەندەکیانتان لۆ بگێڕمەوە.
1-ئەو کاتى ئەمن دەستم بەو کارە کرد هاوڕێى تەمەنم ڕەحمەتى کاک تاریق ئیبراهیم شەریف ئەویش پەیامنێرى مجەلەى (الفکاهة) بوو لە هەولێرێ. ئەو پێش من ببوە مراسل چونکى لەمن گەورەتر بوو. ئەوجا لەو سەردەمەدا دامەزراندن لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا تەنها لۆ ئەو کەسانە بوو کە لەناو جەریدەکە لە بەغدا دەوام دەکەن. بەڵام عادەتەن هەر کەسەک بابەتەکى لەرۆژنامەکان براو بکرابایە هەندەک پارەیان دەدایێ وەکى پاداشت.
ڕۆژەکیان تاریقى ڕەحمەتى سەفەرى بەغداى دەکرد لۆ ئەوەى بچى ئەو پاداشتانەى لەسەر بابەتەکانى خۆى خڕ بوویتەوە وەریانبگرى. ئەمنیش قائیمەیەکم دایە و پێمگۆت مادام هەردەچییە بەغدایێ، دەبزانە پاداشتەکانى منیش لە مجەلەکەم لەگەر خۆت ناینى. گۆتى بەسەر چاو. ئیدى کاک تاریق ڕۆیشت و پاش چار پێنج ڕۆژ گەڕایەوە. کە دیتم دەبینم پێدەکەنى. گۆتم چییە لۆ پێدەکەنى؟ گۆتى کە چوومە ئیدارەى مجلەکەى خۆمان و چاوم بە سەرنووسەرەکەى کەت، هەندەک بابەتى نوێم دایە و زۆرى پێ خۆش بوو. دوایى لێم پرسى، مامۆستا ئەو بابەتانەى لۆتان دەنێرم هیچ پاداشتەکى لەبەرامبەردا نیە؟ گۆتى لەو دەمە کابراى سەرنووسەر هاوارى فەڕاشەکەى کرد و گۆتى (تعال عباس ڕوح جیب لە کبە!) واتە عەباس برۆ کوببەیەکى لۆ بینە. گۆتى لەپەنجەرەوە تەماشاى خوارەوەم کرد دەبینم عارەبانچییەک بەخۆى و مەنجەرى کوببەوە لەبن ئیدارەى مجەلەکەمان ڕاوەستایە!.. ئیدى زانیم ئەو کوببەیە هەموو پاداشتى نووسینەکانمە لۆیە هاتمە دەرێ. گۆتى: ئەوجا ترسام پاداشتى تووش لە مجەلەکەت دیسان کوببە خواردن بى، ئەمنیش تاقەتى ئەو هەموو کوببەیەم نەمابوو لۆیە نەچوومە مجەلەکەى تووش!
2-لەو چەند مانگەدا وتارەکم نووسى لەسەر وەزعى خراپى میللەتەکەمان بەدەست قەیرانى داراییەوە، ئەو وتارەشم لە زۆربەى سایتە کوردییەکاندا براو کرایەوە. ئەوجا عادەتەن ئەمن هەموو وتارەکانم لە لاپەڕەى تایبەتى خۆم لە فەیسبووک براو دەکەمەوە لۆ ئەوەى فرێندەکانم بیانبینن. ئەو وتارەى خۆم کە لەفەیسبووکەکەم براو کردەوە، یەک لە فرێندەکانى فەیسبووکەکەم، هەستایە بەدقى خۆى ئەو وتارەى منى لەپەڕەى تایبەتى خۆى لەفەیسبووکدا براو کردیتەوە و ناوى منى لەسەر بابەتەکە لابردیە ناوى خۆى وەکى نووسەرى بابەتەکە لەسەر دانایە. ئەوجا لە هەمووشى خۆشتر نووسخەیەکى ئەو مەقالەى خۆمى لۆم ناردیتەوە و داوام لێ دەکا ڕاى خۆمى پێ برێم لەسەر وتارەکە!.. ئەمنیش هەر لۆ خۆشى هەستام نامەیەکم لۆ نارد و پێمگۆت: کاکى برا ئەو مەقالەى ئەتوو نووسیتت، کابرایەک هەیە ناوى (شێرزاد شێخانى)یە، هەستایە ئەو مەقالەى جەنابتى بەناوى خۆى لە سایتە کوردییەکان براوى کردیتەوە . ئەویش جوابى دامەوە دەرێ: قەیدیناکە برام وازى لێبینە دیارە ئەو کاک شێرزادە تازە پێدەگا و هیچى لەباردا نییە لۆیە مەقالەى من دەدزى و بەناوى خۆى براو دەکاتەوە!.
3-سارانەک پێش ئێستا، برادەرەک تازە لەجەریدەیەک دامەزرابوو. بەیانییەکى هاتە لام و گۆتى: ئەگەر زەحمەت نەبى ئیشەکم پێتە. ئەمنیش گۆتم بەسەر چاو فەرموو چت دەوێ. گۆتى: دەمەوێ موقابەلەیەکى فڵانە ئەندامى مەکتەبى سیاسى بکەم لۆ جەریدەکەمان، ئەگەر یارمەتیم بدەى هەندەک پرسیارم لۆ حازر بکەى لۆ ئەوەى لێى بپرسم. ئەمنیش گۆتم بەسەر چاو. هەستام هەشت پرسیارم لۆ حازر کرد و دامە دەستى.. لۆ لاى عەسرەکەى ئەو ئەندام مەکتەب سیاسییەى کابرا دەیویست موقابەلەى لەگەر بکا، تەلەفۆنى لۆ کردم و گۆتى: وەرە لام ئیشم پێتە. کە چووم دەبینم پێم دەرێ: ئەوە ڕۆژنامەنووسەک هاتییە داواى موقابەلەى لێم کردیە و هەشت پرسیارى هینایە، بەرکو جوابەکانیانم لۆ بنووسییەوە!. ئیدى دەستم بەجواب دانەوەى هەمان پرسیارەکانى بەیانى خۆمم دایەوە!.. ڕۆژى دواتر دەبینم موقابەلەکەى ئەمن پرسیار و جوابەکانم ئامادە کردیە، بەناوى کابراى ڕۆژنامەنووس و ئەندام مەکتەب سیاسیەکە لەجەریدەکە براو بوویتەوە!.
4-جارەکیان سەرپەرشتى دەرکردنى ڕۆژنامەیەکم دەکرد، لە کاتى دیزاین (تصمیم) کردنى لاپەڕەکان، نوقسانیەکمان هەبوو بەقەدەر چارەکە لاپەڕەیەک، هیچ نەبوو داینێین لۆ ئەوەى لاپەڕەکە پڕ ببتەوە، ئەو برادەرەى تەسمیمى جەریدەکەى دەکرد ئیقتراحى ئەوەى کرد کەوا ئەو بۆشاییەى هەیە بە نووسینى (بەختت لەم هەفتەیەدا) پڕ بکەینەوە. ئەمنیش چوومە سەر مێز و دەستم کرد بە نووسینى بوورجەکان، لەشەممەوە تا ڕۆژى جومعە بەقسەى هەلەق مەلەق هەر لەخۆمەوە شتم نووسى کەوا بورجى فڵان واى بەسەردێ، بورجى فیسار ئەو خەبەرەى لۆ دێ. بۆشاییەکەم بەو درۆو دەڵەسانە پڕ کردەوە و جەریدەکە چووە مەتبەعە. لۆ ژمارەى داهاتوو هەر عەینەن موسەمیمى جەریدەکەم پێى گۆتم: ئەرێ ئەتوو دەزانى ئەو فەلەکناسەى بوورجەکانى حەفتەى ڕابردى نووسیبوو زۆر شارەزا و ڕاستگۆ بوو، ئەمن لەبورجى فیلانم هەموو قسەکانى ئەو کردبووى ئەو حەفتەیە بەسەرم هاتیه!.
جا برادەرینە ئەوە حارى ڕۆژنامەنووسانە، خۆ هەر زیندانى و غەرامە و تۆمەتى ناوزڕاندن تووشى ڕۆژنامەنووس نابیتن، هەندەکجار شتى زۆر عەنتیکەشیان بەسەردا دێ..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!