هەندێک ناوی شوێنە شاخاوییەکان.
شان: ئەو هێڵەی شاخە کە دەبێتە سنووری نێوان دوو یاڵ.
یاڵ: دامێنی تەنیشتەکانی شیو.
شیو: ئەو هێڵە نزمەی نێوان دوو شانی کێو
تەبار: بەردێکی دەرپۆقیوە لە یاڵ
باس: هێڵێکی بەردیینی درێژە بە درێژایی یاڵی شاخ کە یاڵەکە دەکات بە بەشی سەروو و بەشی خواروو. زۆرجار لەسەر باسک کانی ئەتەقێت و وەکوو تاڤگە بەسەر باسکەکەوە دێتە خوار.
شاخ: ئەو شوێنەی کێوە کە بەردەکانی قییتن و وەکوو دیوار ڕێگرن لە پیادە و سوارە کە بە ئاسانی بەسەریا بچێت و ناچار مرۆڤ دەست و پێ بەکار بهێنێت بۆ سەرکەوتنی.
(ئاقار، یان ئاخار) ئەو زەویەیە کە لە بنی باسکو شاخ بە پیادە و سواری دەتوانیت بە سەریدا بڕۆیت و زۆرجار تەڵاشی داڕماو لەسەر شاخ و تەبارەکە لێی کۆ دەبێت. کەو و سوێسکە لە ئاقارەکان لانە ئەگرن و مار لە کون و کەلەبەری بەردی شاخەکە لە نزیک ئاقارەکان خۆی دەشارێتەوە بۆ ئەوەی هێلکە و بەچکەی باڵندەکانی دەست بکەوێت.
دۆڵ: ئەو زەویە نزمەیە کە لەمیانی دوو کێوە و ئاوی لافاو لێی ئەڕۆخێت. بۆ نموونە ئەو شیوەی نێوان کێوی ئەزمەڕ و کێوی گۆیژەی ڕەحمەتی.
ڕاز: بەشێکە لە شاخی سەخت کە بەردەکەی سافە وەک دیواری کەپماڵ کراو لە سەرەوە بۆ خوارەوە واتا وەک بلێیت بە دەستکرد بڕابێت و بەردەکانی شکاو و چینچین نەبن.
(کۆڵان یان کیلان) شیوێکی بەردییە کە ئاوی باران و لافاو بە شێوەی تەنگەبەر و ئەستوونی بڕیویەتی و لەبەر تەنگی بەری ئەو شیوە خەڵکی پیادە و سوارە ناچار دەبن بە ڕییز لە ناویا تێپەڕن.
کێل: بەردێکی قییتە لە شاخ.
جەفەنگ: شوێنێکی بەردییە لە شاخ کە نە بۆ کێڵان و نە بۆ لەوەڕ بشێت. جەفەنگ ڕووی چینی بەردەکانی بە دەرەوەیە نەک قەراغی چیینەکان. واتا کە لەسەر جەفەنگ ئەڕۆیت پێت ئەخزێ وەکوو لەسەر خلیسکانە بڕۆیت لەبەر سافی و لووسی ڕووەکەی. لە دیوی کۆمەڵگەی پیرەمەگروون ئەگەر بڕوانیتە شاخی پیرەمەگروون و شاخی سارا زۆر شوێنی ئەو دوو کێوە جەفەنگن چونکە بە دەستیش ناتوانیت سەریان بکەویت.
هەرووتە: لووتکەیەکی سەر گڵیینە لە کێوە کە گژوگیا لە سەری دەڕوێت و بۆ لەوەڕ دەشێت. وەکوو گردە ڕەحمەتییەکانی شاخی گۆیژە.
قول: جۆرە لووتکەیەکە کە کەمێک لە ئاستی شانەکانی ئەملا و ئەولای خۆی بەرزترە وەک ئێسکی قووڵی پێی مرۆڤ دەردەکەوێت.
بانە: ئەگەر سەر کێو تەختایی بوو پێی دەگوترێت بانە.
تەخت: ئەگەر شوێنێکی شاخ بۆ نیشتەجێبوون و ڕەشماڵ بەستن و حەوانەوە شیاوبێت پێی دەگوترێت تەخت.
بەو: چاڵاییەکی فراوانە لە شاخ کە ئاستی شاخەکە لە هەموو لایەکییەوە بەرزترە لە ناوەڕاستەکەی یان کە لە ناوی بیت وا دەردەکەوێت کە لەناو شوێنێکی قوپاوی وەکوو ساج بیت.
تاڤگە قەراغی باسک: یان شاخە کە ئاو بڕیویەتی و کردوویەتی بە کۆڵان و تەنگەبەر. ئاوی لافاو لەو شوێنە بە زۆر دەرتەپەڕێت و بەرد و تەلاشی زۆر لەگەڵ خۆی دەبات. لەبەر ئەوەی تاڤگە لەسەر شاخ یان لەسەر تەبارە ئاوەکە بە شێوەیەکی ئەستوونی لێی دێتە خوار.
هەرەسگە: ئەو شوێنەی یاڵا کە لێژیەکەی بە ڕادەیەکە ساڵانە لە زستان دەبێتە هۆی هەرەس هێنانی بەفر. [1]