بەسەرپەرشتی ئەکادیمیایی سلێمانی بۆ پێگەیاندنی بەهرەمەندان، پاڵەوانێتی تۆپی پێی فێرگەکانی شاری #سلێمانی# و دەوروبەری بۆ لە دایکبووانی 2014 و 2015 بەڕێوە دەچێت.
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەو پاڵەوانێتییە فەرمان محەمەد سەرپەرشتیاری هونەری فێرگەی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، وەک هەمیشە فێرگە و ئەکادیمیاکان گرنگی بە کردنەوەی ئەو جۆرە پاڵەوانێتییە دۆستانانە دەدەن و ئەنجام دانی ئەو چالاکییانەش گرنگی زۆری بۆ پێگەیاندنی یاریزانی نوێ دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لەم پاڵەوانێتییەدا 12 فێرگە بەشدارن کە بریتین لە (گەشەی دەربەندیخان، زەڕایەن، سەیدسادق، یانەی پێشمەرگە، قوتابخانەی دەربەندیخان، ئاییندەی ئازادی، فێرگەی سەردەم، فێرگەی سەگرمە، فێرگەی شەهید ئاوات، یانەی بەختیاری، فێرگەی هاموون و ئەکادیمیایی سلێمانی).
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەکان سەرپەرشتیاری هونەری فێرگەی یانەی پێشمەرگە وتی، بڕیارە ئەو 12 فێرگەیە دابەشی سەر سێ کۆمەڵە بکرێن و دواتر و لە هەر کۆمەڵەیەک دوو تیم دەگاتە قۆناغی پێش کۆتایی و پاشان شەش تیم لەو قۆناغەدا دووبارە بە دوو کۆمەڵە یاری دەکەن و تیمی یەکەمی کۆمەڵەکان یاری کۆتایی ئەنجام دەدەن.
لە کۆتاییدا فەرمان محەمەد وتی، تیمی یانەی پێشمەرگە ئامادەکاری تەواوی هەیە و دەمانەوێت لە تەواوی چالاکی و پاڵەوانێتییە فەرمی و دۆستانەکاندا بە ئاستێکی بەرز ببینرێن و نازناوەکان بەدەست بهێنین بە هەمان شێوەش بۆ ئەو پاڵەوانێتییە ئامادەکاریمان هەیە و بەشداری دەکەین. [1]