سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# لەمیانی پێشوازیکردنی لە هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئێراق، جەختیان کردەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵی 2024دا.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (#02-06-2024#) #مەسرور بارزانی#، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری #دهۆک#، پێشوازی لە دەیڤد بێرگر هەڵسووڕێنەری کارباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە مارک ستڕۆ کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم ئامادە بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی ئێراق و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پشتیووانیکردنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و #بەغدا# بەشێوەیەک کە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی ئێراق و قەوارەی دەستووریی و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت. لەمبارەیەوە سەردانی هەفتەی ڕابردووی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا و دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرکردەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئێراق ، بە هەنگاوێکی ئەرێنی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵسەنگێندرا.
هەروەها جەختکردنەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵی 2024دا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. [1]