خودا ڕەحمێ بەحاڵم کەی لەدەس ئەو شۆخە بێ پەروا
کە سوڵحی ناکرێ بۆ من، بەدوو سەد مەحکەمەی کوبرا
ئەوەندە وەحش و سەرمەستە بەسەر سەد لاشەیی کوژراو
وەکوو ئاهووی بەدەست هات و بە خەمزە و نازەوە ئەڕوا
سبەینێ ڕۆژی میزانە دیارە قاتڵم کێیە!
لە ناڵی کەوشی تێ فکرن کە ئەمڕۆ پێی بە دڵما نا
ئەوا دووبارە قوربانە لەبۆ کوشتاری عوششاقی
هەزاران تیری برژانگی لەناو قەوسی برۆی دانا
ئەجەل تۆ بمکوژە و گۆڕیش دەبا زوو ڕێزەڕێزەم کا
کە بەڵکوو بم بە خاشاکی بەری درگانەکەی لەیلا
تەماشای ڕوومەتی تۆ کەم ئەخوێنم سوورەتی والشمس
بەیادی زوڵفی پڕچینت لە و اليلی اذا يخشى
بەبێ سوود و نەتیجە قانعا وەک نەی ئەناڵێنی
لە گوڵ هەرگیز نەبینراوە وەفا بۆ بولبولی شەیدا
پەرتووک: #گوڵاڵەی مەریوان#
هۆزانەوان: #قانع# [1]