ئەم خاکی مەریوانە وەکوو جەننەتی خەزرا
پڕیە لە مەلەک، یەعنی خەجێ و فاتم و عوزرا
ئەم خاکی مەریوانە وەکوو خلدی بەرینە
ئەم خاکی مەریوانە وەکوو عەرشی موعەللا
ئەم خاکی مەریوانە برا گردی سەفایە
ئەم خاکی مەریوانە وەکوو زروەیی ئەعلا
ئاو سارد و هەوا سووک و فەڕەح بەخش و عەتر دار
بۆ خۆشترە دڕکی لە دووسەد نەرگسی شەهلا
پیاوانی هەموو ژیر و ژنانی هەموو عاقڵ
پیرانی هەموو ڕەند و مناڵی هەموو دانا
مەستانە سیفەت سەف ئەبەسن گەورە کچانی
زیبەندەترن کاکە لە سەد تاوسی زیبا
یاخود بە مەسەل کەبکی دوڕی جیلوە فرۆشن
بێ باک لەهەر تەعنە وەکوو دایکی مەسیحا
گوڵزارە هەموو دەشت و دەر و شەربەتە ئاوی
گۆیا تۆ ئەڵێی زەمزەمە یا کەوسەری ئەعلا
کانی کەرەم و مەخزەنی ئەسراری سەداقەت
یاوەک سەدەفی پڕ لە دوڕ و دانەیی یەکتا
بۆ زامی خەفەت مەرهەمە سەیرانی مەریوان
پڕیە لە وەتەنخواﮪ وەکوو قانعی دانا
پەرتووک: #گوڵاڵەی مەریوان#
هۆزانەوان: #قانع# [1]