هەناسەم هێندە مەغرورە لە با ڕەش مەرحەبا ناکا
بە غەیری دڵ کە مەسکەنیە خەیاڵی ماسیوا ناکا
ئەزانی چاوی تۆ دایم لە خوێنی دڵ منا مەستە
بە بیماری ئەمێنێتۆ پزیشک هەرگیز دەوا ناکا
حەنا سابت نییە ڕەنگی وەفا هەر خوێن دڵ زانی
لەپەنجەی دڵبەرم بڕوانە قەت مەیلی حەنا ناکا
ئەوەند تینووم بە لێوی تۆ بە شیریش گەر لەت و کوت بم
تەسەللامە بە ئاوی تێغ و ڕۆحم حەلوەلا ناکا
سەفارەتخانەکەی قەلبم بە قووەی جازبەی ئەبرۆت
تەلیفوون خانەیە لازم بە قووەی کارەبا ناکا
ئەگەر حوسنت بە عامی بێ منیش وا شێت و شەیدا نیم
بە شوعلەی ڕۆژ پەروانە سەما هەر وەک چرا ناکا
ئەگەر قانع بە ئومێدی وساڵت بێ چ بێ سوودە
لە گوڵزاری کەواکب کەس گوڵاوی پڕ بەها ناکا
پەرتووک: #گوڵاڵەی مەریوان#
هۆزانەوان: #قانع# [1]