ئەی کوردە دەبا بەس بێ ئیتر باری ڕەزالەت
حاسڵ کە لە ئەم عومری خەساراتە نەدامەت
گوێ شل مەگرە بۆ وتەی پوچ و سەفاهەت
ئەی سەر بەسە تا کەی لەسەرت ماوە جەهالەت
چاو هەڵبڕە نەختێ بەسە ڕەفتاری قەباحەت
سەد داخ و دووسەد دەردە کەوا عومرت بە بادە
تۆ سەر کز و داماو و هەموو دوژمنت شادە
ئەم سوودە خسووسیتە کە بێ سوودە دەلادە
حەیوانی ئەگەر جێ لەوەڕی خۆشت مورادە
یا گەر بەشەری بێرە سەفی عیلم و درایەت
بڕوانە لە ئەوراقی هەموو عیلم و شەریعەت
تێ کۆشی لەبۆ کەشفی هەموو بەحری حەقیقەت
نوقسانی ئەبێ چی بێ برا عیلمی تەبیعەت؟
کەی کوفرە ئەگر فێری ببی سەنعەت و حیکمەت؟
کەی مەنعە لە تۆ هەردوو بە ئاسار و بە ئایەت؟
پیاوێ نەنوێ دائیمی هەر زیکری خودا کا
ڕۆژ ڕۆژوو قورعان و بە شەو بانگ و سەڵا کا
باوەڕ مەکە قەت نانی بە ئەم جۆرە پەیا کا
بایع نییە خالق کە ڕزق بێع و شراکا
ئاسانە ببارێ بە دۆعا نەبووە بە عادەت
ناسراوی وڵاتانم و چاک دیارە کە من چیم
بێ سوود و بەبێ کەڵکم وەکوو تۆکڵی دار بیم
چۆن بێ هونەرم مودەتی ئەیام بە برسیم
تەعقیبی غەرەز ناکەم و دوژمن بەکەسێ نیم
نادانە نەقیزەی ئەوێ، دانا بە ئیشارەت
ئەی کوردە هەموو شیوەنی من گشتی بە تۆیە
بۆ تۆیە کە قانع جگەر و قەلبی بە سۆیە
بڕوانە لە ئەشعارم ئەگەر هۆشت بەخۆیە
مفتی غەزەڵت تۆبی کە و خوا کامی درۆیە؟
بەس خۆت کە بەجێی تانە و تەکدیر و مەلامەت
پەرتووک: #گوڵاڵەی مەریوان#
هۆزانەوان: #قانع# [1]