نیوەشەوێکی سارد و غەمناکە..
پاییز میوانە لە ژوورەکەما
هەناسەی ساردم ئەبێتە ئەشک و
دێتە خوارەوە بە باڵای ڕەشی پەنجەرەکەما
***
هاوار و هاژەی چەمی ناڵینێک..
ئەڕژێتە گۆمی مەنگی دڵەوە
ئارام و ئۆقرە لە گیانم ئەبڕێ..
وەک گەڵای پاییز بەدەم چڵەوە
***
هاوار و هاژەی چەمی ناڵینێک..
دێتە گوێم ئەڵێی ئاوازی تارە
نازانم کێیە بەم نیوەشەوە تار ئەژەنێت و
کەشتی ئارامی کۆیلەی شەپۆلی دەریای ئازارە؟
***
هاوار و هاژەی چەمی ناڵینێک..
بە من نامۆیە..
ئەمکا بە شێت و.. وێڵ و ئاوارەی..
ناو دارستانی چڕی دوودڵی
سەرسام دەبم و
کە پەنجەرەکە ئەخەمە سەر پشت..
گڤڤڤڤڤڤڤڤ.. گڤەی «با» دێ و گوێم پێ شل دەکا
بۆ ئاهی سینەی پڕ کەف و کوڵی
***
هاوار و هاژەی چەمی ناڵینێک..
لەلام ئەبێتە وژەوژی «با»
ئەوسا دڵنیام ئەوەی ئەیبیستم گڤەی «با»یە «با»
***
پێی ئەڵێم.. وەرە من تۆم خۆش ئەوێ
بیرتە هاوینی پار ئێوارەیەک بە چڵەدارێ..
کە لەسەر خۆڵی ڕێگەکە نووسیم..
گەر نازدار بمرێ کۆستم ئەکەوێ
کە تۆش هاتیت و زوو سڕیتەوە
ئای کە مناڵ بووم!..
وامزانی ئەچی لەسەر پەنجەرەی..
ژوورەکەی نازدار ئەینووسیتەوە![1]
هۆنەر: #محەمەد عومەر عوسمان#
پەرتووکی: #لە غوربەتا#