ئەمڕۆ کە مەوسمی سەیرانی نەوبەهارییە
ئەمڕۆ کە ڕۆژی دەستەی یاران و یارییە
ئەمڕۆ کە ڕۆژی زەوقە لە ئەربابی ئەهلی دڵ
ئەم ڕۆژە ڕۆژی قەهقەهی جامی خومارییە
ئەمڕۆ کە ڕۆژی کەیف و نیشاتە لە عالەما
ئەمڕۆ کە ڕۆژی جەژنی هەموو کوردەوارییە
دامێنی کێوەکانە لەسەد ڕەنگ ئاڵ و واڵ
سەر بەندی شاخەکانە بە گوڵ نادیارییە
فەڕاشی بای شەماڵە چەمەن زیب و فەڕ ئەدا
زوراعی هەوری تاڵە خەریک ئاوی یارییە
هەر خونچەیە بە کەیف و دەماخە لەسەر چڵا
هەر بوڵبوڵی هەژارە کە ئیش و کاری زارییە
هەر دەنگی دەفە بە عەیشەوە وا حەسرەتا ئەڵێ
هەر ڕەنگی کەفە لە نەهج و مقامانی نارییە
هەر گوێیە پڕ ئەبێ لە سەماعی ڕوباب و نەی
هەر نەفسە زل ئەبێ لە شەرارات و مارییە
هەر مێشکە پڕ ئەبێ لە خەیاڵی وەتەن وەتەن
هەر کوردە مات ئەبێ کە چلۆن دەردی کارییە
هەر کەس لە ژینی خۆی بەتەواوی موفەرەحە
ئیلا کە ئێشی کوردە کزی و بەردە بارییە
زەڵمە ئەسیری جەور و نەزانین لە عالەما
شەلمە کە ئەشکی حەسرەت و ناڵینی جارییە
تاجی نگین و عززەتی بەر بادە تانجەڕۆ
سیروانە ئەشکی خوێنی بە لێڵی فوارییە
کوێستانی کوردستانە بە گریانەوە ئەڵێ
ئەی وای ئای های چ دەردێکی کارییە
قانع لە حەسرەتی خزمانی کوردە هەر ئەڵێ
ئەم کارە کاری کوردە نەوەک کاری بارییە
پەرتووک: #گوڵاڵەی مەریوان#
هۆزانەوان: #قانع# [1]