پێنجخشتەکی قانع لەسەر شیعری #حەمدی ساحێبقڕان#
تاوێ وەک سۆفی بە ڕیش و شانە و سیواکەوە
لەحزەیێ مەستم بە قەندە و ماشە و تریاکەوە
ڕۆژێ بێهۆشم چ حەقمە من بە پیس و پاکەوە
#وەک هەوا کەوتوومە گێژی گونبەدی ئەفلاکەوە#
ڕەبی بیبینم وەکوو کیسرا بە سینەی چاکەوە
هەرکەسێ ئەربابی دڵ بێ جەرگی دایم لەتلەتە
بێ تەماشای بێ دڵیش کە چۆن لە ناز و نیعمەتە
سەیری چەرخی چەرخەکۆنە چۆن خەریکوزەحمەتە
بۆ کەسێ تا سەر وەفاداری نەبوو بێ مروەتە
سەیری ئەسکەندەر ئەکەی ڕۆیی بە مشتێ خاکەوە
پێرێ پاشا بوو فڵانی ئەمڕۆ وا بۆی دەرچووە
دوێ گونی گونداری ئەبڕی ئەمڕۆ خۆی بێ گون بووە
حەق بە حەق نادا زەمانە هەر تەبیعی بەدخووە
چاکە دایم هەر لە پێناوی خراپا ون بووە
گەوهەری دەریا بە دایم وا لە ژێر خاشاکەوە
مەیلی بێ سووڕێ ئەدات و تۆ ئەخاتە ڕیزی میر
ڕۆژی میرێکش ئەخاتە ناو فەلاقە و دار و گیر
ئەبلە دایم خۆش دڵ و پڕ خەمە دانا و ژیر
هەر شکستی ئەهلی مەعنای مەتلەبە دەورانی پیر
ڕەش ئەخاتە سەر سپی پیسیی ئەکاتە پاکەوە
چی بکا عاقل بە بێدەس سەرکز و قانع نەبێ
شەهد و شەککەر تاڵە لای من بۆ خەمم نافع نەبێ
نەفسی بەدگارم لەمەولا گەر تەواو تامع نەبێ
ئینتیقامی خۆم ئەسێنم جەهل ئەگەر مانع نەبێ
شوعلەیی ئاهم ئەنێمە خەرمەنی ئیدراکەوە
من کە جەرگی خۆم کەباب و خوێنی دڵ وەک شەربەتە
ئەو قوڕەی پێواومە بۆ خۆم تاجی فەخر و عیزەتە
چونکە مەشهوورم بە «قانع» کافیە ئەم سەروەتە
خەرقەیی شاﮪ و عەسای مووسا لە لام بێقیمەتە
فەخری ئێمە وا بە کەوڵ و پۆست و دارمەشاکەوە
من کە گیرۆدەی زەمانم پێم بڵێن بۆ کوێ هەڵێم
قەت نەبوو بووکی مەرامی خۆم بنێمە باخەلێم
خۆ هەمیشە هەر وتوومە و ئیستەکەش دیسان ئەڵێم
عیبرەتە ئەربابی غیرەت تێ بگەن من چی ئەڵێم
ئەهلی عیسمەت حەپسە سەربەستی بەلای بێباکەوە
بۆ نەما مەیدانی شۆڕش بۆ نەما بەزمی غەزەب
بۆ شکا و بەسرایە ئەستۆ سەربەسەر دەستی تەرەب
کوا ئەمیری دەنگ دلێر و حاکمی عالی نەسەب
بۆ نەمانی دین و غیرەت هیمەتی کورد و عەرەب
وا بەسەر لەوحەی کیتابی حەسرەتی ئەتراکەوە
سەیری ئەم خۆلیایە کەوتە مێشکی کوردی دەربەدەر
غیرەتی ئەربابی هیمەت، بۆ فلس چوو بە هەدەر
خوێنی ئەولادی ئەڕێژێ بۆ تەماعی پڕ زەرەر
قەومەکانی ڕوپیەخۆرم پێم ئەڵێن ئەی قوڕبەسەر
کەر بەجۆ بمرێ شەهیدە سەگ بە گۆشتی لاکەوە
قەت نەبوو لەم هۆزەدا هەرگیز نیشانەی مەکرەمەت
گشت بە جارێ غەرقی حرس و بێدڵی و پڕمەشغەلەت
کۆمەڵی خزمانی من، بێجەوهەر و بێمەعریفەت
لاتن و لۆتی و نەفامن بۆ نیشات و مەنفەعەت
دەبنە قوربانی سەگێ بێشک بە باب و داکەوە
هەرچی ئەم چەرخە ببینێ شیوەنی پڕ خەم ئەکا
تا دەمی ئەگرێ هەمیشە زەم لە بانی زەم ئەکا
چاوی عیبرەت بینی دانا ڕۆژ لە ڕۆژتر تەم ئەکا
تا دەبێتە مڵکی ئەربابی حەمییەت کەم ئەکا
ئاگری تاجر ئەنێتە خەرمەنی مەلاکەوە
شەرت و عەهدە عزەتی نەفسم بەسەد گەوهەر نەدەم
سەر لە پێناوی دڵا نەڕوا ئەبێ قەت سەر نەدەم
غەیری ئالی پاکی حەیدەر دڵ بە هیچ دولبەر نەدەم
شەرتە تا ڕۆژی قیامەت دەس لە ئەژنۆ بەر نەدەم
سەر لە قوڕ نێم بۆ سەیادەت بەو دڵەی خەمناکەوە
بۆ نەژاکێ گوڵ لە گوڵشەن بۆچی گەش بێ ئەرخەوان
چۆن لەسەردا دانەڕێژێ خوێنی هەوری ئاسمان
بێژە بولبول لاڵ و لەنگ بێ قەت نەخوێنێ بەربەیان
بۆ دلێری حەزرەتی مەحمود مەمدوحی جیهان
تاقە یەک گوڵ بوو بە فەرقی پیری ئەحمەد کاکەوە
داد و بێداد و فوغانم بۆ نەکەم با هەر بکەم
قوڕ بپێوم هەر لە تەوقی سەر هەتا نووکی قەدەم
دووبەدوو وەک جێگەداری خوسرەو و جەمشید وجەم
بۆ دوو مەحموودخان ئەمیری سەرحەدی ڕۆم و عەجەم
بوون بە ئەسحابی قوڕەیش و چوونە سیلکی چاکەوە
سا قەلەم هەڵبگرە «قانع» بێرە نووسین عەنقەریب
هەر بڵێ خەتمە بە حەمدی سەروەری پۆلی ئەدیب
حەمدیا فەرمووتە ئەمڕۆ میسرەعێکی دڵ فەریب
ساڵی تەئریخێ دەنووسێ ئالی کاک ئەحمەد غەریب!
کەوتە عالەم دڵ حەزین و دیدەیی نمناکەوە
پەرتووک: #گوڵاڵەی مەریوان#
هۆزانەوان: #قانع# [1]