محەمەد عیزەدین
هوو چی وەی، مامۆستای زانکۆیە لە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین. لە بەراوردکردنی زمانی کوردی و چینی دەڵێت: زمانی کوردی زمانی پیتە، چینی زمانی کارەکتەرە. هەروەها دەڵێت: ڕەنگە لە داهاتوودا خەڵکی چینی فێری زمانی کوردی بکات.
ڕووداو: بەر لە هەر شتێک دەمەوێت بپرسم: پەیوەندیی نێوان زمانی کوردی و زمانی چینی چییە؟ لە یەکدییەوە نزیکن؟
هوو چی وەی: تۆزێک جیاوازە. زمانی کوردی زمانی پیتە، چینی زمانی کارەکتەرە، ئەوە وەک پیت بۆ خوێندنەوەی بەکاردەهێنین. هەندێک کەس وا هەست دەکەن قوورسە.
لەم چەند ساڵەدا کە خەریکی فێربوونی کوردیم، بۆم دەرکەوتووە مانای هەندێک وشەی کوردی بە نزیکەیی وەک چینییەکەیە، وەک پیاز. ئێمەیش بە چینی دەڵێین پیاز. هەروەها حەوشەیش بە چینی پێی دەڵێین هاوچ.
ڕووداو: واتە هەمان وشەمان بۆیان هەیە.
هوو چی وەی: بەڵێ. هەروەها لە ڕووی ڕێزمانییشەوە زۆر نزیکن. بۆ نموونە، ئەگەر بڵێین ڕێزمانی ئینگلیزی، ڕێزمان مانای چییە؟ پێویستە بە بیرمانی بهێنینەوە، بەڵام لە کوردیدا ڕێزمان واتە ڕێگەی زمان. لە چینییشدا ئێمە پێی دەڵێین یووفا، یوو واتە زمان و فا واتە ڕێگە. پێکهاتەکەیان بە هەمان شێوەیە. من ئێستا زیاتر فێر دەبم و ڕەنگە لە داهاتوودا خەڵکی چینی فێری کوردی بکەم. پلانم بۆ ئەوە هەیە.
ڕووداو: باشە. دەتوانیت هەندێک وشەی چینیم پێ بڵێیت کە بە کوردییش هەمان شت بن، وەک پیاز؟ وشەی دیکەی لەو جۆرەمان هەیە؟
هوو چی وەی: بەڵێ، بازاڕ. لە هەندێک شوێنی چین لە باکووری ڕۆژاوا لە شاری شین جین هەر دەڵێین بازاڕ. هەموو کەس دەزانێت بازاڕ چییە. هەمان ئەو وشەی ئێرەیە بە هەمان گۆکردنەوە. لە خواردنیشدا بە نان هەر دەڵێین نان. هەمان شتە.
ڕووداو: ئێوەیش بە چینی دەڵێن نان.
هوو چی وەی: بەڵێ. ناوەکە هەمان شتە.
ڕووداو: ئەی ڕێزمان چۆنە؟
هوو چی وەی: هەندێک یاسای ڕێزمان بە نزیکەیی وەک یەکن. وەک ڕێزمان کە بە چینی یووفایە و بە مانای ڕێگەی زمان دێت. هەروەها هەندێک لایەنی ڕێزمانی وەک یەکن.
ڕووداو: دەتوانیت ڕەوشی ئەو خوێندکارە کوردانەی بەشی زمانی چینیی زانکۆی سەڵاحەدینم پێ بڵێیت؟ گرنگیی کردنەوەی بەشی زمانی چینی لە کوردستان چییە؟
هوو چی وەی: ئێمە پێنج ساڵ لەمەوپێش بەشی زمانی چینیمان دامەزراند. هەر ئەو کاتەی کە پێنج ساڵ لەمەوپێش هاتم. ئەگەر خەڵکی ئێرە زمانی چینی بزانن، ئەوا هەلی زۆر باشیان دەبێت بۆ ئەوەی کاری باش بە مووچەی باشەوە پەیدا بکەن. لایەنی بازرگانیی چین لەگەڵ کوردستان و ئێراق بەخێرایی گەشە دەکات. کۆمپانیا چینییەکان زیاتر و زیاتر بۆ یارمەتیدانی کوردستان و ئێراق دێن بۆ ئەوەی دەرفەتی ژیانێکی باشتر بڕەخسێنن. بەڵام ئەو کۆمپانیایانە زمانی ئێرە نازانن و زۆر پێویستیان بەو کەسانەیە کە کوردی و چینی دەزانن.
ئێستا دوو خوێندکاری کورد لە پەکینن بۆ خوێندنی ماستەر لە زمانی چینیدا لە زانکۆی زمانە بیانییەکان. هێشتا ئەوە بەس نییە. ئێمە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین خوێندکاری شایستە ببەین بۆ ئەوەی فێری چینی ببن. ئەگەر چینی بزانیت، پێم وایە داهاتوویەکی پڕشنگدارت دەبێت. ئەو کاتە پردێک لەنێوان چین و ئێراق و، چین و کوردستاندا دەبێت.
ڕووداو: یانی پێتوایە فێربوونی زمانی چینی بۆ کورد و زمانی کوردی بۆ چینییەکان دەبێتە پردێک لەنێوان چین و کوردستاندا بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باش لەنێوانیاندا درووست بکات. دەمەوێت دوایین پرسیارم بپرسم: زۆر خوێندکاری کورد چوون بۆ چین بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا. دەتەوێت لەبارەیانەوە چی بڵێیت؟
هوو چی وەی: دەزانی، لە سەرەتادا دەبێت بڵێم زمانی چینی ئەو قوورسە نییە، ئەگەر بتەوێت زیاتر زمانت ڕەوان ببێت، ئەوا دەبێت دڵی بدەیتێ. ئەوان پێویستە بزانن ئەو تەنیا نوێنەری بەشی زمانی چینی و زانکۆکەیان نیین، بەڵکوو نوێنەری کوردستانن. بۆیە دەبێت زۆر هەوڵ بدەن.
من وەک خۆم کە فێری کوردی دەبم، لە سەرەتادا قوورس بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، بۆم دەرکەوت ئەو قوورسەیش نییە. لەگەڵ خەڵکی ئێرەدا قسەی پێدەکەم. هەروەها کە بە منداڵان دەگەم، شتی سادەیی زمانی چینییان فێر دەکەم. ئەوانیش من فێر دەکەن. ڕۆژانە کە تەکسی دەگرم، شتی سادەی چینییان فێر دەکەم، وەک نیهاو واتە سڵاو. ئەوانیش بە باشی دەتوانن گۆی بکەن. منیش ئەوەندەی بتوانم فێری کوردی دەبم. دەزانم خەڵکی ئێرە زۆر میواندۆستن.
ڕووداو: لە دەرەوەی زانکۆ هیچ پلانێکت هەیە وانەی فێربوونی زمانی چینی بڵێیتەوە؟
هوو چی وەی: بەڵێ، بەڵێ.
ڕووداو: مەبەستم لە دەرەوەی زانکۆیە.
هوو چی وەی: من خوێندکارێکی ئۆنڵاینم هەیە. نزیکەی 100 مەترێک لێمەوە دوورە.
ڕووداو: کوردە؟
هوو چی وەی: بەڵێ، کوردە. ئەوە دوو ساڵە. ئێستا زۆر بە باشی بە چینی قسە دەکات. ناسناوی باڵیۆزی زمانی چینییم لێ ناوە. هەر ئەمساڵ دەچێت بۆ چین.
ڕووداو: زۆر باشە. سوپاس. [1]