گوڵ کە مەیلی دڵبەری بێ، موشتەری پەیدا ئەکا
دڵ کە کەوتە عیشق بازی، زاهدێ ڕیسوا ئەکا
مەسکەنم دارولجنوونە، خەستەخانەم بۆ ئەبەن؟
عیشق دەردێکە کە دووسەد سەر تەبیب شەیدا ئەکا
پێ لە خوێنی خۆم ئەنێم ڕۆحم بە قوربانی ئەکەم
هێندە بێ ڕەحمە لە کوشتەی تیری خۆی حاشا ئەکا
دەردی دڵ دەردی گرانە زەحمەتە شەرحی بدەم
داری سەر قەبرم لە پاشا دەردی دڵ ئینشا ئەکا
هاودەمێکم دەس ئەکەوت غەیری فیراقی دولبەرم
گەر ڕەقیب مەنعم بکا ئەمجا ئەزانم چا ئەکا
داوێنت هەڵکە و بەسەرما پێ بنێ وەک بەردەباز
چوون سەرم بۆ خاکی پێت زۆر مایلە و داوا ئەکا
ئەشهەد و بیللا گوڵی من بێتە مەیدانی جەماڵ
یۆسفی مەشهووری عالەم مامەڵە و سەودا ئەکا
گەر مەسیحا قم بٲذن الله بڵێ بۆ موعجیزە
ئەو بە ئاوی لێوی ئاڵی کوشتەکان ئەحیا ئەکا
داخی داخانم کە قانع خود پەرەست و هەرزەیە
گەر بڵێ وەسفی ئەزانم سەد کەڕڕەت بێجا ئەکا
هۆزانەوان: #قانع#
پەرتووک: #چوارباخی پێنجوێن# [1]