دای لە دڵ شەماڵی وەک نەسیمی بەربەیان
دێتە مێشکم هاژە هاژێ وەک فەوارەی قەڵبەزان
جاڕی دا بوڵبوڵ لە گوڵشەن ئەی گروهی عاشقان
سەف بپێکن ڕاوەسن پیاو و ژن و پیر و جوان
مەیلی بێداری ئەکا بەختی خەواڵووی کوردەکان
دێتە گوێم دەنگێ بە عەقڵم دەنگی بەزم و شادییە
نەوبەتی کەیف و دەماخ و عەشرەت و ئازادییە
بێستوونە کوردستان و ڕەنجی کورد فەرهادییە
مەرجی خەسرەو وا تەواو بوو فکرەکەی بەربادییە
قەتڵی سەد شێرو ئەکا شیرینی دایکی کوردستان
وەرنەوە ئەی میللەتی مەزڵووم لە ژێر باری عەدوو
با بچینە مەکتەب و هیچ ڕانەوەستین زووبەزوو
وەرگرین عیلم و ئەدەب، ئەخلاق و عەقڵ و ئابڕوو
بۆ توڕەققی هۆزی خۆمان بێینە بەزم و هات و چوو
خەڵکی دیش وابوون لە پاشا بوون بە جێی داد و دیوان
شۆری شێعرم وادیارە شۆڕشێ بەرپا ئەکا
دەشتی وشکی شارەزوورم مڵکی ڕەی ڕیسوا ئەکا
شۆری کەللەم زاهیدی ڕیش وەک خوری شەیدا ئەکا
هەر بژی شێری وەتەن بێشەی وەتەن ئەحیا ئەکا
سەرکەوە لاوی وەتەن تۆش بێرە ڕیز ئەهلی زەمان
هۆزی نووستوو وا دیارە بۆ توڕەققی عازمە
بۆ هەوارگەی تێگەیشتن نییەتی زۆر جازمە
گەر یەهوودیش بێ براکەم کەپرە شینەی لازمە
ئەی کچی زیرەک بفامە لابە چەتفە و بازنە
دەست بە دەستی کاکی خۆت دە و بێرە خزمەت بۆ گەلان
قانعا سەد موژدە بێ لاوت هەموو هەستان لە خەو
چاوی شۆری و باڵی هەڵکرد داسی تیژ کرد بۆ درەو
تێ ئەکۆشێ فەرقی ناخا ڕۆژە یاخۆ نیوەشەو؟
تەرکی کرد دڵ پیسی و خۆخۆری و ئادابی کەو
سەد شوکور وا کوردەواریش هاتە ڕیزی هاوسەران
هۆزانەوان: #قانع#
پەرتووک: #چوارباخی پێنجوێن# [1]