وەرە قوربان لە سەیری جەژنی قوربان
کە سەیری وای نەدیوە ڕووی دەوران
لە شَوّالا وتی پێم دایکی منداڵ
موهەیا بە لە بۆ تەجهیزی قوربان
نەوەک ئەم جەژنی ڕابردووم بەسەر بێ
بەکاسەی ڕەش لەگەڵ کۆشێ مناڵان
بەوەڵڵا سەد غەرام ڕۆنم ئەوێ لێت
لەگەڵ مشتێ برنجی بێ درو و دان
چڵێ پیاز و ئوێچێ نۆکە ڕەشکە
دوو سێ دانە هەڵووژەی کۆنی ساڵان
نەڵێی هەرزن هەیە بۆ نانی جەژنت
کولێرەی جۆم ئەوێ بۆ نانی دیوان
ئەمانە پێم وتی نەیخەیتە پشت گوێ
ئەگەر نایکەی ئەڕۆمۆ بۆ مەریوان
وتم خانم لە ڕێی جوانی و لەقای خۆت
عەفوو فەرموو بڕۆ بیانوی فەراوان
کە من ناوی مەلایی تەوقی مل مە
چ تەکلیفێ ئەکەی شێتی نادان؟
ئەگەر من مقتدر ڕۆن و برنج بم
بە قانع چۆن ئەبم مەشهووری دەوران؟
خولاسە هاتە سەر چنگ، دایکی منداڵ
لە چاوی بەد بەدوور بێ دێوی مەیدان
تەکانی دا هەڵیگرت کلکە بێڵێ
گەهێ زرمە لە سەرم و گاهێ ناو شان
لە زرمەی لیس و قیژە و باوکە ڕۆی من
هەڵپژان نۆکەر و بەگزادە و خان
سوئالیان کرد چیە ئەم زرم و کۆیە؟
وتم فریا کەون ئەهلی موسوڵمان
کە حاڵی بوون لەسەر ئەسپابی جەژنە
برنج و ڕۆنیان دامێ بە ئیمان
دە جەژنی وا خودا نەیدا بە هیچ کەس
موبارەک با نەبێ تا خەتمی دەوران
هۆزانەوان: #قانع#
پەرتووک: #چوارباخی پێنجوێن# [1]