قانع و #گردی سەیوان#
ئەی گردی سەیوان شاری خامۆشان
ئارامگای کۆڕی بلووری پۆشان
نۆ هەوارگەی خێڵ دەستەی بابانی
کوێستانی کۆچی نەوجەوانانی
کاروان بەزگەی بەرز قافڵەی لاوانی
گڵو دەرەی کۆچ میر و گاوانی
کاتێ گوڵ ئەکا ئەرخەوانەکەت
سەوز ئەکاتە بەر خاکە جوانەکەت
ئەڕازێتەوە بە گوڵی زەرد و شین
چەن من و بوڵبوڵ دێنێتە گرین
بووکی ڕازاوەی دەسکاری خوای
لە پێش چاو منا بێ وێنە و تەنیای
کوێستانەکانمان هەرچەن کە جوانن
ئێڵاخی کۆچی جاف و گۆرانن
پاییز خێڵە و خوار گشت چۆڵ و هۆڵن
جێگەی بایەقوش هەوارگەی چۆڵن
تۆ کە هەر لاوێ کۆچی کرد بۆ لات
ئیتر نابینرێ لەڕووی سەربیسات
دەستی گەییە تۆ، هەر کۆچ هەر خێڵێ
قەت دڵی نایەت تۆ بە جێ بێڵێ
هەوات هین خۆشە لە ڕووی سەر زەمین
دانیشتوانت بە کراسێ ئەژین
بەڵام نازانم لە کەیۆ شاری
بناکەردەی دەس کام شەهریاری؟
ئەوەڵجار کێ بوو کۆچی کردە لات
بووی بە ماڵی کێ تا واتە لێ هات؟
ڕاستم پێ بێژە مەنزڵگای یاران
سەیرانگای گشتی سوبح و ئێواران
جوابی دایەوە گردی دەروون پڕ
بە چەشنی سەدەف پڕ لە دانەی دوڕ
***
وەرامی سەیوان
وتی ئەی قانع گردی لا شارم
بە سەیوان مەشوور لە عام دیارم
ئیبراهیم پاشا لە «#قەڵاچوالان#»
بۆ گوێزانەوە هیممەتی نوان
ئەوسا پێتەختیان قەڵا چوالان بوو
قەڵا چوالانیش زۆر تەنگەلان بوو
تاریخ هەزار و یەکسەد و نەوەد
لە نۆ ڕابورد بوو لە هیجرەت ئەحمەد
دەشتی مەڵکەندی دەشتێکی پان بوو
جێی جڵێت بازی سوارەی مەیدان بوو
دەشتی مەڵکەنی بۆ خۆی کرد بە شار
تیایا درووسکرد قەیسەری و بازاڕ
لەم جێگەی سەرا، سەرای دامەزران
ڕازاییەوە زۆر شیرین و جوان
پاچیان دا لە خاک بۆ خەنەک سەرا
بەدەم پاچەوە مۆرێک هەڵ کەنرا
نواڕیان مۆری سڵێمان ناوە
ئاخۆ چەن ساڵە لەخاکا ماوە
ئەو ڕۆژە کەوا مۆر دۆزرایەوە
لە مەجلیس پاشا کە خوێندرایەوە
حەرەمی پاشا کەوتە مناڵ بوون
کوڕێکی بینی وەک شووشەی ئاڵتوون
پاشا کوڕەکەی ناو نا سڵێمان
وتی ئەم مۆرە نگینە بۆمان
چونکە مۆرەکەی بە نگیین زانی
شاریشی ناو نا بە سلێمانی
تایفەی بابان پاشای تەواو بوون
خاون تەخت و تاج، شۆرەت و ناو بوون
نە بەر حوکمی ڕووم نە حوکمی عەجەم
کوردستانیان کرد بە باخی ئیرەم
لە دەرگای سەرا سوبح و ئێوارە
عادەتی کوردان بەزمی نەقارە
تەعلیمی عەسکەر ڕمبازی سوار
ڕۆژێ دوو نۆبە لە قەراخی شار
ڕەعیەت بە ئازاد دووکاندار دڵخۆش
لادێیی و شاری، وەکوو یەک تەڕ پۆش
سەپان و گاوان، مامۆسا و قازی
هیچ کەس لەبەش خۆی نەبوو ناڕازی
لەوساوە منیش گۆڕخانەی شارم
هەوارگەی لاوی زرنگ و هۆشیارم
شاهانی بابان میرانی زەمان
بەگ و بەگزادەی خاکی کوردسان
چەن شێخی ڕاستی، چەن عالمی دین
چەن شۆڕە سواران خاوەن ئەسپ و زین
چەن پاڵەوانان کڵاوخوود لەسەر
چەن ڕەم وەشێنان چەن دەس بە خەنجەر
چەن گەورە کچان خانی کچی خان
چەن کوڕی لاو چاک شێری ڕۆی مەیان
چەن گەنجی تازەی دنیا نەخواردوو
چەن پیری پاکی تەمەن ڕابوردوو
چەن حاجی پاکدین چەن گەورە توجار
چەندە ئاسنگەر چەن هەزار عەتتار
چەندە عاشقان چەن مەعشووقەی جوان
چەندە ئاغا لەر ساحب سفرە و خوان
چەن گرێی دڵی لاوانی خوێن گەرم
چەن لەنجە و لاری کچانی پڕ شەرم
چەن شاعری هۆز تەبیعەت ڕەوان
ساف و بێ گرێ وەک ئاوی میروار
چەندە فەیلەسووف چەن ئەدیبی چاک
چەن قەڵەم وەشێن نەترس و بێباک
یەک یەک لەلای من جەماتیان جەمە
قانع بەڕاستی هەر تۆمان کەمە
زیوەر و خاکی، بێکەس و هۆشیار
سالم و حەمدوون، مەحمووی جەوهەر دار
یا ساحێبقڕان «حەمدی» فەیلەسووف
لەناو ئەدیبان مەشور و مەعرووف
حاجی تۆفیق بەگ مامۆستای کوردان
پیرەمێرد مەشور لەناو هاوفەردان
فایقی زیوەر دوا کۆچی یاران
هەموو لای منن پۆلی ناوداران
ئەرخەوانەکەم بۆیە وا سوورە
نموونەی خوێنی لاوی مەغروورە
هەر ساڵێ جارێک تارا ئەپۆشێ
خوێنی شەهیدە لە خاک ئەجۆشێ
یانێ ها خەڵکە خوێنمان ون مەکەن
باوەڕ بە گەزاف دڵ دوژمن مەکەن
هۆزانەوان: #قانع#
پەرتووک: #چوارباخی پێنجوێن# [1]