ئەی خاکی وەتەن قوڕ بەسەر و بێ سەر و پا خۆم
بۆ بێکەسی ئەم ئەهلە دەسا شێتی جەفا خۆم
گیراوە وەتەن بۆ وەتەنم غەرقی فەنا خۆم
پەس تر لە هەموو بەد سیفەتی بەندی بەڵا خۆم
دوور کەوتەو و ئاوارە لە هەر قەوم و برا خۆم
ئەی خاکی وەتەن بۆچی نەما غیرەتی شێران؟
ئەی خاکی وەتەن بۆچی نەما بەزمی دلێران؟
کوا سەڵتەنەتی خێڵی بەبە و شاکەل و شیروان؟
بۆ مەسڵەخی پڕ خوێنی ئەسیرانە لە زیندان؟
دەک لاڵ و کەڕ و، کوێر و کز و شێخ و مەلا خۆم
ئەی کاغەزی تەرفیعی وەتەن بۆچی دڕاوی؟
ئەی ڕەونەقی بازاڕی وەتەن بۆچی نەماوی؟
ئەی خەنجەری شیروانی وەتەن بۆ چی شکاوی؟
ئەی خاکی وەتەن چوونکە وەها شوعبە کراوی
گەر شینت نەکەم ڕووڕەشی دیوانی خوا خۆم
بۆ سەر کزی ئەم هۆزە دڵ و جەرگ برینە
بۆ ژینی وەتەن چاوی خیرەد پڕ لە گرینە
بێ شێرییە ئێستە کە وەها بێشە حەزینە
نووری بەسەری ئەهلی هونەر تانەیێ شینە
بێ ئالەت و شمشێر لە مەیدانی وەفا خۆم
ئەی خاکی وەتەن بۆچی وەها کوێر وەجاخت؟
پەژمردە و بێڕەنگە هەموو چیمەن و باخت؟
پڕ لە ستەم و زوڵمە یەقین دەربەن و شاخت
ئەی خاکی وەتەن ویردی شەو و ڕۆژە لە داخت
بۆ بێکەسی ئەم خاکە دەسا ڕەنج بە هەوا خۆم
قانع وەرە ئەمجارە دە غەوغایێ بەپا کە
بۆ خاکی وەتەن فەرزە بەدڵ ڕۆح بە فیدا کە
پیراهەنی بەدناوی بە نامووسی کەوا کە
سەف بگرە بە کوردان و لە چۆپییۆ سەما کە
ئەو وەختە بڵێ خاوەنی هەر عەیش و سەفا خۆم
هۆزانەوان: #قانع#
پەرتووک: #چوارباخی پێنجوێن# [1]