ڕێوییەک گەڕۆڵ لە برسا کەوتوو
لەبەر گەڕۆڵی لە کونا خەوتوو
پیر و بێ تووک و دیان شاش و چەوت
گاگا لە بن بەرد گاگا لە ئەشکەوت
لە ترسی تانجی بە زگی برسی
ئەیخۆند بە خۆیا آية الکرسي
لەتاو برسێتی ڕووی کردە دێیێ
بەڵکوو پەیدا کا شتێ لە جێیێ
گەیشت بە پۆلێ مریشکی زۆر چاخ
هەموو هێلکەکەر هەموو بە دەماخ
کە مریشکی دی بەشادی و خەندان
کلکی بەرزۆ کرد دەمی داچەقان
زانی بەجارێ گشتی ناگیرێ
بۆخۆی سازانی فێڵ و تەگبیرێ
ڕوویکردە مریشک وتی ئەلسەلام
عليکم بالخير ئەی گرۆی ئیسلام
چۆنە تەهلیلە و نوێژ و ڕەفتارتان؟
چۆنە زیکر و فکر سوبح و ئێوارتان
من شێخی ئیرشاد خاوەن ئیمانم
سەردەسەی جەمیع مەشایەخانم
بێن تۆبە بکەن دنیا فانییە
بۆ هیچکەس تا سەر بە بەقا نییە
دەسنوێژ بشۆرن نییەت دابەسن
قەتار بپێکن، هەموو ڕاوەسن
چاو بنووقێنن بێ قسە و کەلام
هەموو نوێژ بکەن بۆ خوای عەللام
ئەگەر تەپەیێ یا فڕەی باڵێ
هاتە گوێچکەتان بەهەر ئەحواڵێ
چاو هەڵمەبڕن ئامان سەد ئامان
ئەوە مەلەکە دێت لە ئاسمان
بەئەمری ڕێوی دەسنوێژیان شۆری
قەتاریان پێکا دڵیان نەگۆڕی
ڕێوی کەزانی نێچیری ڕێک بوو
بۆ گرتن مریشک کەوتە هاتووچوو
یەکێکی گرتن خەیلی بە دەوان
کە فڕەی باڵی هاتە گوێی ئەوان
وتیان سەد دەخیل خۆتان بکەن مات
ڕێوی ڕاستی کرد وا مەلەکێ هات
دەخیلە هەرگیز یەکتر مەدوێنن
ڕوو لە قیبلە کەن دۆعا بخوێنن
ڕێوی دەمی برد یەکێ تری گرت
ملی هەڵکێشا زوو بەدەس و برد
دووبارە وتیان سەدەقتە یا پیر
ئێمە هەموومان تۆمان هەی دەسگیر
یەک یەک و دوو دوو تەواوی کردن
زۆر بێڕەحمانە لە ناوی بردن
ئاخری خوای مریشک، حەقیان ئەسێنێ
بێچوە شێرێکی بۆ ئەگەیەنێ
ئێسک و پرووسکی ئەهاڕێتە یەک
بێ تەقەی تفەنگ بێ سیلاح و چەک
بێ شک هەرکەسێ کە مەزڵووم خۆرە
بۆ ئاخری ئاوا ئەڕوا بەم جۆرە
هۆزانەوان: #قانع#
پەرتووک: #چوارباخی پێنجوێن# [1]