وەتەن موژدە بێ پارشێوکەرانە
تاریکی نەما بەرەو بەیانە
شور و غەوغایێ لە ناو گەلانە
ئەڵێن وا دەورەی ژینی کوردانە
نازانم ڕاستە یا خەوم دیوە
بیستم درۆزن تەواو فەوتاوە
فیشاڵ و درۆی قەدری نەماوە
زەنگی بەدناوی لە عام زڕاوە
دەستەی بێ درو ئەمڕۆ لە ناوە
نازانم ڕاستە یا خەوم دیوە
فەلسەفە و زانین کەوتە ناو کوردان
بوو بە فکری دڵ سەربەستی نیشتمان
کەس تێناکۆشێ بۆ ئیشی زیان
ماڵی یەکتری قەت ناکەن تاڵان
نازانم ڕاستە یا خەوم دیوە
ئەمڕۆ ڕۆژێکە ڕۆژی فەقیرە
کۆمەڵی هەژار بە ڕاو و بیرە
پارە پەرەستیش مات و زویرە
چەشنی ڕاوکەری بێ شیر و تیرە
نازانم ڕاستە یا خەوم دیوە
بڵێین بە یارۆ لابا خەیاڵی
لەسەری دەرکا فکری بەتاڵی
هەر قوڕ بپێوێ خۆی و مناڵی
چوونکوو هۆزی کورد چاویان هەڵماڵی
نازانم ڕاستە یا خەوم دیوە
هۆزانەوان: #قانع#
پەرتووک: #چوارباخی پێنجوێن# [1]