شین بۆ #فایەق بێکەس#
دیسان هەوری خەم وەک جاری جاران
خەم ئەبارێنێ لەباتی باران
ناڵە و چەخماخە و بریسکەی لە دوور
هانی و ڕژانی لەسەر سارەزوور
دای لە بنچینەی زانینی کوردان
قوڕیدا بەچاو دەستەی هام فەردان
قەڵەمی لەدەس فایق خستە خوار
لەدنیا دەرچوو بێ کەس و هەژار
بڵێن بە گوڵان هەر دیلی خاک بن
لەمن خرابتر دیدە نمناک بن
گۆیژە هەر بگری تا ئاخر زەمان
کێ بتلاوێنێ بە ئەشعاری جوان
با پیرە مەگروون پیر و زویر بێ
تا ڕۆژی مەحشەر ئەوی لە بیر بێ
جونکە دوای بێکەس بێ کەس ئەکەوێ
کەس ناوی نابا وهیچ کەس نایەوێ
زەڵم و تانجەڕۆ بێنە سەر گریان
لافاوی فرمێسک بەرن بۆ سیروان
بڵێن شاعری هۆزی کوردان ڕۆ
لە شەشی ئەیلوول شێری مەیدان ڕۆ
کاتێ کە بیستم دایکی خاکی ڕەش
شاعری وەهای گرتۆتە باوەش
بۆ ڕۆژی فەوتی نەویم لە قەلبم
بە چاوی تەڕ و دڵەی پڕ لە خەم
گوێم گرت کوردستان بە شین و زاری
بە هەی ڕۆ هەی ڕۆ و بەبێ قەراری
ڕوانیم قەڵەمی گرتوە لە دەس
مێژوو ئەنووسێ بۆ فایق بێکەس
شەوی یەکشەممە لە هەژدەی سەفەر
لە نۆزدەی کانوون لە کۆڕ چووە دەر
بە پیتی ئەبجەد نووسی بۆ کوردان
خوێن ئەبارێنێ ئاسمان نیشتمان
هۆزانەوان: #قانع#
پەرتووک: #چوارباخی پێنجوێن# [1]