هەولێر و ئوم کەلسووم
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لە سارانى پەنجا و شێستەکان هەتا حەفتایەکانیش، بە هەر جادە و بازاڕەکیدا برۆیشتبایە، لە چەندین لاوە گێت لە دەنگى ئوم کەلسوومى دەبوو.. لە چایخانەکان بە موکەبیرەى دەرێ دەنگى بەبەر گێت دەکەت.. لە ڕادیۆى دووکانانى نەجاڕان، حەدادان، شەربەتفرۆش، بەزاز و خەیات، باسى تەسجیلاتەکانیش ناکەم کە هەموویان بە سەماعەى دەرێ گۆرانییەکیان لێدەدا.. ئوم کەلسوم ببووە نان و ئاوى ڕۆژانەمان. هەر بەوەندەش تێر نەدەبووین، بەرکو سەر لە ئێواران لە ئیزاعەى ئیسرائیل سەعات حەفت گێمان لە گۆرانییەکى دەگرت، شەوانیش بەدیار ئیزاعەى (صوت العرب من القاهیرە) بەدیار تازەترین حەفلەى یەکەم پێنجشەممەى سەرى مانگەکان دادەنیشتین.
کەلسوم بە حەق کەوکەبى شەرق بوو، لە مەشریقەوە تا مەغریب ملیۆنان کەس گێیان لێدەگرت و عاشقى دەنگەکەى بوون، یەکەکیش لەوان بەندەى موخلیستان بوو، کە پەنجا سارى تەمەنم لە گەریم بردە سەر و هەموو گۆرانییەکانى لەبەرم بوو، دەشمزانى شیعرەکان و ئاوازەکانیشى هیی کێ بوون. ئێستاش ڕۆژانە لە حەبى کۆلیسترۆل و زەخت و فیتامین دى لۆمن زەروورترە و ئەگەر گێى لێنەگرم وەزعم تێک دەچى!.
گۆرانییەکانى کەلسوم هەمووى چیرۆکى عیشقە، هیچ گەنجەکى ئەو سەردەمە نییە گۆرانییەکى لەگەر عیشقەکەى نەگونجێ. لە قەسیدەکانیشى بەتایبەتى دینییەکانى لەگەر خۆى دەتباتە حەفت تەبەقەى عاسمانێ. لۆیە گۆرانییەکانى کەلسوم نە کەون دەبن نە دەشمرن. بڕۆنە سەر یوتیوب و ببینن هەر گۆرانییەکى چەند ملیۆن کەس گێى لێدەگرى.
عەبقەریەت و عەزەمەتى ئەو ژنە هونەرمەندە لە پەرۆشى بوو لەسەر پێشکەشکردنى ناوازەترین بەرهەمى هونەرى خۆى. جوانترین شیعر و قەسیدەى شاعیرانى عەرەبى هەردەبژارد، لەگەر گەورەترین و باشترین ئاوازدانەرەکانى.
هەموو گۆرانیبێژانى ئەو سەردەمە چاویان لە دەستى مولەحین و شاعیرەکان بوو، بەران لەگەر کەلسوم گەورەترین مولەحین و شاعیر چاوەڕێیان دەکرد کەلسوم یەک ئاوڕیان لێبداتەوە. لۆیە کەلسوم مەدرەسەیەک بوو لۆ پێگەیاندنى جیلەکەى خۆى لە هونەرمەندان و شاعیران و مۆسیقاژەنەکان.
شاعیر کە شیعرەکەى بدابایە کەلسوم و بکرابایە گۆرانى ئیدى دەچووە ناو دەفتەرى نەمرەکانەوە. هەر مولەحینەکیش ئاوازەکى لۆ دانابایە دونیا لەپێشى دەکرایەوە. مۆسیقاژەنیش لە فیرقەکەى ئەودا ناویان دەردەکرد.
لەبەر گەورەیى کەلسوم، گەورە شاعیرانى ئەو سەردەمە موسابەقەیان بوو کێ باشترین و جوانترین شیعرى لۆ بنووسى. مولەحینەکان موسابەقەیان بوو کێ خۆشترین ئاوازى لۆ دادەنێ، لۆیە ئاوازى گۆرانییەکانى ئوم کەلسوم وەکى سەنعاتى زێرینگر وابوو، یان بڕێین وەکى درووستکردنى سەعاتى سویسرى بوو، دەبایە زۆر بە دییقەت درووستبکرێ، هەر ئەوەشە وایکردیە گۆرانییەکى کەلسوم بە سەتان ساریش لەبیر نەچن.
سێ جیلى سەردەمى خۆى و دواى خۆشى عاشقى گۆرانییەکانى ئوم کەلسومى بوون، باپیرانمان، بابەکانمان، خۆشمان، نازانم جیلى ئێستا کە گێیان بە گۆرانییەکانى هەیفا و نانسى و هێلى لەڤ و کومساى پیس بووە، وەکى خۆمان زەوق لە گۆرانییەکانى کەلسومدا دەبینن یان نا..
کەلسوم کچە فەلاحەکى دەست کوورتى بنەماڵەى شێخى گوندەکى گچکەى میسر بوو، بەران ئەو کچە فەلاحە تانى هەموو میللەتانى بیست و دوو دەوڵەتى عەرەبى یەکبخا، لەکاتەکیدا هەموو زەعیمە سیاسییەکانى ئەو وراتانە نەیانتانى تەنانەت میللەتەکانى خۆشیان یەکبخەن. کەلسوم شەوى پێنجشەممانى سەرى هەموو مانگەکى میللەتى عەرەبى لە خەلیجەوە هەتاکە موحیت یەکدەخست و کەس ئەو ڕۆژە لەدەرێ نەبوو، هەموویان گێیان خستبووە سەر ڕادیۆکانیان لۆ گێگرتن لە گۆرانییە تازەکانى.
ڕۆژانە ئیزاعەى بەغدا سەعات دووى پاشنیوڕانان گۆرانییەکانى کەلسومى عەرز دەکرد، ئێوارانیش ڕادیۆى ئیسرائیل، شەوانیش ئیزاعەکانى قاهیرە، وەکى گۆتم کەلسوم لۆ جیلەکەى مە نان و ئاو بوو.
ئوم کەلسوم بەهرەیەکى خواییە، گێ لەئاخیر گۆرانى (حکم علینا الهوى) بگرن کە لەتەمەنى حەفتا و پێنج ساریدا گۆتیتى، بزانن ئەو دەنگە پاشى ئەو تەمەنەشەوە هیچى لێ نەگۆرایە!. ئاخر ئەگەر ئەوە بەهرەى خوایى نەبیتن ئەدى چییە!.
ئەوڕۆ یادەوەرى ڕۆژى وەفاتیى ئەو گەورە هونەرمەندەیە کە دەکاتە #03-02-1975#، لەو ڕۆژەدا ملیۆنان خەرکى میسر لۆ یەکەمجار لە تاریخى ئەو وراتە ڕژانە سەر جادەکان لۆ بەڕێکردنى تەرمەکەى.. ئەوەش بەڵگەى گەورەیى ئەو ژنە بوو کە بەشەک بوو لە ژیانمان. ئەوجا با بە نوکتەیەکى خۆش مەقالەکەم کۆتایى پێبینم.
گەنجەکى خۆمانە لەگوندى (توڕەق) بەدیار ڕادیۆکەیەوە دانیشتبوو گێى لەگۆرانى (الاطلال)ى ئوم کەلسومى دەگرت، هەموو دەنگى دابووە ڕادیۆکە و جیرانەکیان لەسەر دیوارەوە سەرى دەرهینا و پێى گۆت ئەرێ زەلام ئەتوو هیچ لەو گۆرانییەى تێدەگەى ئەو هەموو دەنگەشت دایتێ؟ ئەویش گۆتى ئەدى کوو تێناگەم! کابرا لێى پرسى دە کەواتە پێم برێ (یا فؤادى لا تسل أین الهوى) مەعناى چییە؟ ئەویش گۆتى ئەوجا لەمنت نەکەوى قابیلە نەزانم: ئەوە دەرێ (کاک فوئاد لێم مەپرسە ئەو هەوایە لەکێندەرێ دێ)!..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!