ئاخ یا زەمەن
نووسینی:
شێرزاد شێخانیشێرزاد شێخانی
کاتەکی موعتەزیدی خەلیفەی فاتمییەکانی میسر داخوازی کچە وەزیرەکی دەکا، پێش گەیشتنی قافلەی بووکەکە لۆ میسر، خەلیفە ئەمر دەکا قەسرەکی بە هەمان شێوەی قەسری بووکەکە لە شارەکەی خۆی، لە قاهیرە درووستبکەن. مەبەستی خەلیفە ئەوە بوو کە ژنەکە هەست بەغەریبی نەکا هەر وابزانی لە مارەکەی خۆیدایە.
زۆرجار ئەمنیش هەست بەغەریبی دەکەم لەو شارەی خۆمدا، لۆیە بیر لەوە دەکەمەوە ئەگەر دەسەراتەکم هەبایە ئەمنیش
هەولێرهەولێرى ئێستام وەکی زەمانی جاران لێ دەکردەوە کە هەموو شتەکی جوان و سادە و ساکار بوو، لە مندارەوە بگرە هەتا پیرەمێردەکان، لە تەختەی چایخانەکانەوە هەتا دەگاتە بینا سێ قاتییەکەی بانقی ڕافیدەین کە لەو سەردەمە برندترین بینای هەولێر بوو.
ئەو بازاڕەی نیشتمانم دەرووخاند و وەکی جاران ڕێزە دوکانەکی قەسابان و بەقاران و ماستفرۆشەکانم دەگەڕاندەوە، فیتەرەکانی سەناعەشم دەگەڕاندەوە جێی خۆیان لەسەر شەقامی شێخەڵڵا.
ئەو نافوورەی ئێستای ناو شاریشم تێکدەدا و، ڕێزە دوکانەکانی پێشتر و دەرارخانەی فەرهاد و حەنانم دەگەڕاندەوە. مەتعەم تاجریان و کەبابخانەی حاجی قادر و گەراجەکەی جەمال خەلیل و دوکانەکەی سەباغ موئەدەب و چایخانەی عەبۆ و دوکانی عەبدوڵڵا تەسبیحفرۆش و پاقڵاوەکەی مام ئەسعەد و کەبابخانەی حاجی شەوقی و کەبابخانەکەی بەهار و مەعمەلەکی ساڵح سیفۆن و هەموو ئەوانەی پێشترم دەگەڕاندەوە جێی خۆیان.
ئەو دوکانانەی لە فندق فەڕەحەوە لۆ حاجی یاسین و کەمال و نەسرەت حەلاق و چایخانەی مام تاقی و عیادەکەی ئیبۆ بەربەر و مەکتەبەی فاروق عەسکەری و چاپخانەکەی مام گیو موکریانی و دوکانەکەی مام سادقی ئەشیای ڕیازە و چایخانەکەی مام هەینی و ستۆدیۆکانی کاک جەوهەر و نیل و شێروان و هەموو ئەوانەی تریشم سەرلەنوێ بینا دەکردەوە.
بینای مەحکەمەم درووست دەکردەوە و مێز و کورسی عەریزە نووسەکانیشم لە جێیی خۆیان دادەنایەوە و مسەوەڕە شەمسییەکانیش هەر لەبن دیواری قەراتێ جێگایانم لۆ دەکردەوە. ئۆرۆزدی و دار وەتەنییە و شەریکەی ئەفریقی و ئەجهیزە دەقیقەشم دەگەڕاندەوە جێی خۆیان.
بەس ئاخ ئەوە خەونە نایەتە دی، چونکی هەموو ئەو جوانییەی هەولێرییان لەناوبرد.
ئێستا کە فکر دەکەمەوە هەر لەخۆم دەپرسم: ئەرێ کاکی خۆم، ئەتوو ئەگەر ئەوانەش هەمووی وەکی خۆی لێبکەیەوە. ئەدی حاجی سدیق
ڕواندزڕواندزی شەربەتفرۆش لەکێ دەینی؟ کسۆکی دی لەکێ دەینی و لە پێش کەبابخانەکەی حاجی قادر داینێی و زەمبیلەکیشی بدەیە دەست؟ جەمال خەلیلی لەکێ دەینییەوە لەسەر کورسییەکەی پێش گەراجەکەی دانیشی؟ مام نادر و مام قادر و عەلی و جەلال و بەهرامی لەکێ دەینییەوە چایخانەی عەبۆ ئاوەدان بکەنەوە؟ مام یاسینی تەسجیلات لە کێ دەینییەوە لە پێش تەسجیلاتەکەی دەرارخانەی ڕاوەستی؟ تاقی بابا و ئیبۆ بەربەر و نەسرەت حەلاق و حاجی حیکمەت و مام ڕەئیس و سەلیم قاقا و سەید سەلیم و حاجی مستیل و مام ڕەحمانی جگەرفرۆش و مام هورمزی مەتعەم و مام یوسفی عارەقفرۆش و مام بەکری کارەباچی و داود تەویل و کەماڵە کەچەڵ و مام غازی لەکێ دەینییەوە ڕۆژانە سەلامیان لێبکەی چاوی خۆتی پێیان گەش بکەیەوە؟ حەمە شێت لەکێ دەینییەوە گێ لە حیکمەتەکانی بگری؟ بەرخۆکە لەکێ دەینی ناوی شێتەکانی هەولێرت لۆ بژمێری؟ عەمۆ جەلیل لەکێ دەینی ئەخباری لەندەنت لۆ بخینتەوە؟ چورچە لەکێ بدەینی چڵمەکت تێبگری؟ حەسەن پەنجا و پێنجی لەکێ دەینى گاشە بەردەکەت تێبگری؟
ئەوانە هەموویان ڕۆیشتن، بەس ئەمن مایمە لۆ ئەوەی لە عەزابی دووری و جوانی و سادەیی ئەو ڕەمزانەی هەولێر فرمێسکیان لۆ بڕێژم.
ئوم کەلسوم دەرێ (عایزنا نرجع زی زمان.. قول للزمان إرجع یا زمان) . ئاخر ئەگەر زەمەنەکەش بگەڕێنمەوە، مەحاڵە خەرکە جوانەکەی هەولێر ببینمەوە، لۆیە دائیم بە نووسینەکانم هەندەک لە ئازاری ئەو زەمانە زفتەی ئێستا و خەمەکانى دڵمی پێ دەڕەوێنمەوە.
[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!